Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم تیمۆساوس 1

له‌‏پۆڵسه‌وه‌ نێراوی عیسای مه‌سیح به‌‏فه‌رمانی خودای ڕزگاركه‌رمان‏و عیسای مه‌سیح كه‌ هیوامانه‌، بۆ تیمۆساوس ڕۆڵه‌ی ڕاسته‌قینه‌م له‌باوه‌ڕ. با به‌ره‌كه‌ت‏و به‌زه‌یی‏و ئاشتی خودای باوك‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند له‌گه‌ڵت بێت.

مه‌ترسی فێركردنی خراپ

كاتێ‌ بۆ ناوچه‌ی مه‌كدۆنیا چووم، داوام لـێ‌كردی له‌شاری ‏ئه‌فه‌سۆس بمێنیته‌وه‌، تا له‌وێ‌ ئه‌وانه‌ ڕاسپێری كه‌ خه‌ڵكی فێری فێركردنێك ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ فێركردنی ئێمه‌ ناگونجێت‏و گوێ‌نه‌ده‌ن به‌شتی ئه‌فسانه‌و باسی ڕه‌چه‌ڵه‌ك كه‌ كۆتایی نییه‌، چونكه‌ ئه‌و شتانه‌ ده‌بێته‌ هۆی ده‌مه‌قاڵێ‌و ناكۆكی، نایه‌ڵێ‌ خواستی خودا پێش‏بكه‌وێت ئه‌وه‌ی له‌باوه‌ڕه‌. مه‌به‌ستی ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ خۆشه‌ویستییه‌ له‌‏دڵێكی پاك‎و ویژدانێكی چاك‎و باوه‌ڕێكی بێ‌ دووڕوویی هه‌ڵقووڵا بێ‌. هه‌ندێ‌ كه‌س ڕوویان وه‌رگێڕاوه‌ له‌م شتانه‌، لایان باشتره‌ ڕووبكه‌نه‌ قسه‌ی هیچ‏و پووچ، ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێ‌ ببن به‌ مامۆستای شه‌ریعه‌ت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن‏و بڕیاری بۆ ده‌ده‌ن تێیناگه‌ن.

‏ ئێمه‌ ده‌زانین شه‌ریعه‌ت خۆی شتێكی چاكه‌، گه‌ر یه‌كێك به‌ڕاستی وه‌ك شه‌ریعه‌ت به‌كاری بهێنێت‏و بزانێ‌ شه‌ریعه‌ت بۆ مرۆڤی ڕاست‏ودروست دانه‌نراوه‌، به‌ڵكو بۆ به‌دكاران‏و یاخیبووان، خودانه‌ناسان‏و گوناهباران، پیس‏و گڵاوه‌كان، دایك‎وباوك كوژان، خوێن ‎ڕێژه‌كان، بۆ داوێن‎پیسان‏و هه‌تیوبازان، ڕفێنه‌ری خه‌ڵكی، درۆزن‏و سوێندخۆرانی به‌درۆ، ئه‌وانه‌ی دژی فێركردنی ڕاستن، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مزگێنی شكۆداری خودای پیرۆز ڕێك ده‌كه‌وێ، ئه‌وه‌ی خودا به‌ متمانه‌ پێی به‌خشیووم.

سوپاس‎كردن بۆ به‌زه‌یی خودا

سوپاسی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان ده‌كه‌م كه‌ هێزی پێم به‌خشیووه‌‏و كردوومی به‌‏جێگه‌ی بڕوای خۆی، ده‌ست‏نیشانیكردم بۆ خزمه‌ت‎كردنی. هه‌رچه‌نده‌ جاران كفرم به‌رامبه‌ر كردووه‌و چه‌وساندومه‌وه‌و جنێوم پێ‌داوه‌. به‌ڵام به‌زه‌یی پێم‏هاته‌وه‌، چونكه‌ به‌ نه‌زانی‏و بێ‌ باوه‌ڕی ئه‌و كارانه‌م كردبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خوداوه‌ند به‌ره‌كه‌تی خۆی به‌سه‌رمدا ڕژاند له‌گه‌ڵ باوه‌ڕو خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌ی له‌عیسای مه‌سیح‏دایه‌.

‏ بێ‌گومان ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌و شایانی قبووڵ‏كردنه‌: (‏عیسای مه‌سیح هاتووه‌ بۆ جیهان بۆ ڕزگاركردنی گوناهباران)، كه‌ من یه‌كه‌میانم. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ بوو خودا به‌زه‌یی پێمدا‏هاته‌وه‌، تا یه‌كه‌مجار له‌من ده‌ركه‌وێ‌ عیسای مه‌سیح چه‌ند ئارامیگرتوو، هه‌روه‌ها من بكات به‌ نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی پێ‌ده‌هێنن بۆ به‌ده‌ست‎هێنانی ژیانی هه‌تاهه‌تایی. بۆ پادشای زه‌مانه‌كان، نه‌فه‌وتاو و نه‌بینراوه‌، خودای تاك‏و ته‌نیا، ڕێزدارو شكۆدار بێت تاهه‌تایه‌! ئامین.

كوڕم تیمۆساوس، ئه‌م ڕاسپاردانه‌ت پێ‌ده‌سپێرم، به‌پێی ئه‌و پێشبینیانه‌ی له‌زووه‌وه‌ ده‌رباره‌ی تۆ ووتراوه‌، تاوه‌كو به‌هۆی به‌دواچوونی ئه‌وانه‌وه‌ بتوانی باش تێبكۆشی له‌ جه‌نگی ڕۆحیدا، ئه‌مه‌ش به‌ باوه‌ڕی به‌هێزو ویژدانی چاك ده‌بێت كه‌ هه‌ندێكیان ڕه‌تیان كردۆته‌وه‌، به‌مه‌ش كه‌شتی باوه‌ڕیان تێك‎شكا. له‌وانه‌ هیمینایۆس‏و ئه‌سكه‌نده‌ر‏، جا ئه‌وانم دایه‌ ده‌ستی شه‌یتان، تا هۆشیان ‏به‌خۆیان بێته‌وه‌و كفر نه‌كه‌ن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.