Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

دووەم پەترۆس 2

مامۆستا درۆزنه‌كان

به‌ڵام له‌نێو خه‌ڵك پێغه‌مبه‌ری درۆزن ده‌ركه‌وتن، هه‌روه‌ك له‌نێوانتان مامۆستای درۆزن ده‌رده‌كه‌ون ئه‌وانه‌ی له‌خۆیانه‌وه‌ به‌نهێنی فێركردنی چه‌وتی له‌ناوبه‌ر ده‌هێننه‌ ناوه‌وه‌، ته‌نانه‌ت نكۆڵی له‌خوداوه‌ند ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی ئه‌وانی كڕیه‌وه‌، به‌مه‌ش له‌ناوچوونێكی خێرا به‌سه‌ر خۆیان‏ده‌هێنن. خه‌ڵكێكی زۆریش دوای بیروڕا له‌ناوچووه‌كه‌یان ده‌كه‌ون، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وان ڕێبازی ڕاستی نه‌فره‌تی لێ‌ده‌كرێ‌. له‌چاوچنۆكیان به‌قسه‌ی فڕوفێڵ بازرگانیتان پێ‌ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی له‌كۆنه‌وه‌ حوكمیان به‌سه‌ردا دراوه‌و ئه‌مه‌ش به‌تاڵ نابێته‌وه‌و له‌ناوچوونیان چاوپۆشی لێ‌ناكرێ‌. چونكه‌ گه‌ر خودا به‌زه‌یی به‌فریشته‌ به‌دكاره‌كان نه‌هاتبێته‌وه‌ كاتێ‌ گوناهیان كرد، به‌ڵكو فڕیێ‌دانه‌ دۆزه‌خ‏و له‌قووڵایی تاریكی له‌ژێر چاودێری داینان تا ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌، هه‌روه‌ها گه‌ر به‌زه‌یی به‌جیهانی كۆن نه‌هاتبێته‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نها نوحی پاراست كه‌ مزگێنیده‌ری ڕاست‏ودروستی بوو له‌گه‌ڵ حه‌وت كه‌سی دیكه‌، كاتێ‌ خودا لافاوی به‌سه‌ر جیهانی خوانه‌ناسان هێنا، گه‌ر خودا بڕیاری تێكدانی به‌سه‌ر سه‌دۆم‏و عه‌موره‌ داو هه‌ردوو شاریكرد به‌خۆڵه‌مێش‏و كردنی به‌په‌ند بۆ ئه‌و خوانه‌ناسانه‌ی دوایی دێن، گه‌ر ڵووتی پیاوچاكی ده‌ربازكرد، ئه‌وه‌ی زۆر بێزار بوو له‌هه‌ڵسوكه‌وتی به‌دكاران، )چونكه‌ ئه‌و پیاوچاكه‌ كه‌ له‌ناویان ژیاو گوێی له‌كرده‌وه‌ خراپه‌كانیان بوو و به‌چاوی خۆی بینی، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ گیانی ڕاست‏ودروستی بێزارتر ده‌بوو(، گه‌ر ئه‌مه‌ وابێ‌، خوداوه‌ند ده‌زانێ‌ چۆن خوداناسان له‌ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانیان ده‌رباز بكات‏و خوانه‌ناسان بهێڵێته‌وه‌ له‌ژێر سزادان تا ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ دوای هه‌وه‌سه‌ گڵاوه‌كانی له‌ش‏و سووكایه‌تی به‌ده‌سه‌ڵاتداری گه‌وره‌ ده‌كه‌ن.

چه‌ند چاونه‌ترس‏و كه‌لله‌ڕه‌قن سڵ‏ناكه‌نه‌وه‌ كاتێ‌ قسه‌ی خراپ سه‌باره‌ت به‌شكۆداری ئاسمان ده‌ڵێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش فریشته‌كان له‌وان به‌تواناترو به‌هێزترن، قسه‌ی خراپی تاوانباركردن سه‌باره‌ت به‌وان ناڵێن له‌به‌رامبه‌ر خوداوه‌ند. به‌ڵام ئه‌وانه‌ وه‌ك ئاژه‌ڵی بێ‌مێشكن، به‌سروشت له‌دایك بوونه‌ بۆ ڕاوكردن‏و كوشتن، ‍‌قسه‌ی خراپ سه‌باره‌ت به‌شتێك ده‌لێن كه‌ هیچی لێ‏تێناگه‌ن، به‌گه‌نده‌ڵی خۆیان له‌ناوده‌چن. به‌م شێوه‌یه‌ ئازار ده‌چێژن وه‌ك پاداشتی كرده‌وه‌ خراپه‌كانیان. ئه‌وانه‌ به‌ خۆشییه‌كی مه‌زنی ده‌زانن گه‌ر به‌درێژایی ڕۆژ له‌ناو ئاره‌زووه‌كانیان بن. ئه‌وانه‌ نیشانه‌ی شه‌رمه‌زاریو كه‌م‏وكوڕین، چێژ له‌ئاره‌زووه‌كانیان وه‌رده‌گرن، به‌شداری خوانه‌كانتان ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ چاویان به‌ره‌و داوێن پیسییه‌، له‌گوناه‌ ناوه‌ستن، ئه‌وانه‌ بـه‌ته‌ڵه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نه‌چه‌سپاون، دڵیان به‌چاوپیسی فێركراوه‌، ئه‌وانه‌ به‌ڕاستی ڕۆڵه‌ی نه‌فره‌تن. له‌ڕێگای ڕاستی لایان‏داوه‌و وون بوون، ئه‌وانه‌ دوای ڕێبازی به‌لعامی كوڕی به‌عور كه‌وتن ئه‌وه‌ی حه‌زی له‌كرێی خراپه‌كاری بوو، به‌ڵام دووچاری سه‌رزه‌نشت بوو له‌به‌ر هه‌ڵه‌كانی، كاتێ‌ گوێدرێژی لاڵ به‌ده‌نگی مرۆڤانه‌ هاته‌ دوان‏و شێتی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی ڕاگرت.

ئه‌وانه‌ كانی بێ‌ئاون، هه‌ورن به‌گه‌رده‌لوول دێن‏و ده‌چن، ڕه‌شایی تاریكی تاهه‌تایه‌ بۆ ئه‌وانه‌ هه‌ڵگیراوه‌. ئه‌وانه‌ كاتێ‌ به‌قسه‌ی گه‌وره‌و به‌تاڵ ده‌دوێن، به‌هه‌وه‌سه‌كانی له‌ش‏و به‌به‌ڕه‌لڵایی، ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن كه‌ تازه‌ هه‌ڵاتوون له‌ده‌ست ئه‌وانه‌ی له‌خراپی دان. ئه‌وان به‌ڵێنی ئازادییان پێ‌ده‌ده‌ن، به‌ڵام خۆیان كۆیله‌ی گه‌نده‌ڵین، چونكه‌ مرۆڤ ده‌بێته‌ كۆیله‌ی هه‌ر شتێك به‌سه‌ریدا زاڵ‏بێ‌. چونكه‌ ئه‌وانه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵاتن له‌ده‌ست گڵاوی جیهان به‌هۆی ناسینی خوداوه‌ندو ڕزگاركه‌ر عیسای مه‌سیح، دوایی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و تیایدا تێ‌ده‌كه‌ون، ئه‌و كاته‌ گڵاوییه‌كه‌ به‌سه‌ریان زاڵ ده‌بێ‌و كۆتاییه‌كه‌یان خراپتر ده‌بێ‌ له‌سه‌ره‌تاكه‌یان. له‌به‌رئه‌وه‌ باشتره‌ ڕێگای ڕاست‏ودروستیان نه‌ناسیبووایه‌ له‌وه‌ی ناسیان‏و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌و ڕاسپارده‌ پیرۆزانه‌ی پێیان درابوو. ئه‌وانه‌ به‌ڕاستی ئه‌و په‌نده‌یان له‌سه‌ر ده‌چه‌سپێ‌: (سه‌گ گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕشاندیه‌وه‌)، هه‌روه‌ها: (كاتێ‌ به‌رازیان شۆرد گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ناو چڵپاو.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.