Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

دووەم کۆرنسۆس 1

له‌ پۆڵسه‌وه‌، نێرراوی عیسای مه‌سیح له‌سه‌ر خواستی خودا، هه‌روه‌ها له‌ تیمۆساوسی براوه‌، بۆ كۆمه‌ڵه‌ی خودا له‌ كۆرنسۆس، هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو برا پیرۆزه‌كان له‌ گشت ناوچه‌ی ئه‌خائیه‌. با به‌ره‌كه‌ت‏و ئاشتی خودای باوكمان‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند بۆ ئێوه‌ بێ.

خودای دڵنه‌واییكه‌ر

پیرۆزه‌ خودا، باوكی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند، باوكی پڕ له‌ به‌زه‌یی‏و خودای هه‌موو دڵنه‌واییه‌ك، هه‌ر ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو ناخۆشییه‌كدا دڵنه‌واییمان ده‌كات، تاكو بتوانین به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌ خوداوه‌ وه‌رمانگرتووه‌، دڵنه‌وایی خه‌ڵكی تر بكه‌ین

له‌‏هه‌موو ناخۆشیه‌ك. جا چۆن به‌شداری زۆرمان كردووه‌ له‌ ئازاری مه‌سیح، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ زۆر دڵنه‌وایی ده‌كرێین. گه‌ر ئێمه‌ له‌ناخۆشی بین، ئه‌وه‌ له‌پێناوی دڵنه‌وایی‏و ڕزگاری ئێوه‌یه‌، گه‌ر دڵنه‌وایی كرابین، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی دڵنه‌وایی ئێوه‌یه‌، ئه‌وه‌ی واتان لـێ‌ده‌كات خۆتان ‎ڕاگرن به‌رامبه‌ر هه‌مان ئازار كه‌ ئێمه‌ش ده‌یچێژین. ئیتر هیوامان به‌ئێوه‌ چه‌سپاوه‌، چونكه‌ ده‌زانین چۆن له‌ئازار به‌شداریمان ده‌كه‌ن‏، له‌دڵنه‌واییش به‌شداریمان ده‌كه‌ن.

ئه‌ی برایان، نامانه‌وێ‌ لاتان شاراوه‌ بێ‌ ئه‌و ناخۆشیانه‌ی به‌سه‌رمان هات له‌ناوچه‌ی ئاسیا، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ قورس بوو به‌ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌رووی توانامان بوو، هه‌تا هیوای ژیانمان بڕا، به‌ڵكو هه‌ستمان ده‌كرد حوكمی مردن به‌سه‌رمان دراوه‌‏، تا پشت نه‌به‌ستین به‌ خۆمــان، به‌ڵكـو به‌و خـودایه‌ی مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌و بوو له‌و مـردنه‌ ڕزگاری كردین‏و ڕزگارمان ده‌كات، هیوامان له‌ئه‌ودایه‌ كه‌ هێشتا هه‌ر ڕزگارمان ده‌كات. هه‌روه‌ها ئێوه‌ش پێویسته‌ به‌نوێژه‌كانتان یارمه‌تی پێشكه‌ش بكه‌ن، تا خه‌ڵكێكی زۆر سوپاسی خودا بكه‌ن له‌پێناوی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پیرۆزیه‌ی پێمان دراوه‌ به‌هۆی نوێژی خه‌ڵكێكی زۆر.

پۆڵس پلانه‌كه‌ی ده‌گۆڕێ‌

چونكه‌ ئه‌مه‌یه‌ شانازی ئێمه‌، ویژدانمان شایه‌تمانه‌ له‌هه‌ڵسوكه‌وتمان له‌جیهان، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ به‌بێ‌ دووڕووییو به‌دڵسۆزی خودا، ئه‌مه‌ش به‌دانایی مرۆڤانه‌ نییه‌ به‌ڵكو به‌به‌ره‌كه‌تی خودایه‌. ئێمه‌ شتێكتان بۆ ده‌نووسین بتوانن بیخوێننه‌وه‌و لێی تێبگه‌ن. هیوادارم به‌ته‌واوی تێبگه‌ن، ‏ ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ندێكی لێ تێده‌گه‌ن. ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌یه‌، بزانن ئێمه‌ هۆی شانازی ئێوه‌ین، هه‌روه‌ها ئێوه‌ش هی ئێمه‌ له‌ڕۆژی عیسای خوداوه‌ند.

‏له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ‌گومان‏بووم له‌م شته‌، وویستم یه‌كه‌م جار بێم بۆ لای ئێوه‌ تا دووجار سوود ببینن، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كاتێ‌ ده‌ڕۆم بۆ مه‌كدۆنیا دیده‌نیتان ده‌كه‌م ئینجا كه‌ له‌وسه‌ر گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌رتان لـێ‌ده‌ده‌مه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ڕێگای سه‌فه‌رم بۆ ئاسان بكه‌ن بۆ ناوچه‌ی یه‌هودیه‌. ئایا من دوو دڵم كاتێ‌ ویستم ئه‌وه‌ بكه‌م؟ ئایا من پلانه‌كانم وه‌ك مرۆڤێكی ئه‌م جیهانه‌ داناوه‌، كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌یه‌ك كات بڵێ‌ نه‌خێرو به‌ڵێ‌؟ وه‌ك چۆن خودا سه‌رڕاسته‌، ووشه‌كانی ئێمه‌ش بۆ ئێوه‌ (به‌ڵێ‌)و (نه‌خێر) نییه‌، هه‌روه‌ها عیسای مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی من‏و سیلوانس‏و تیمۆساوس مزگێنی ئه‌ومان پێتان‏دا، له‌یه‌ك كات (به‌ڵێ‏)و (‏نه‌خێر)ی نه‌وتووه‌. به‌ڵام له‌ئه‌ودا به‌رده‌وام هه‌ر (به‌ڵێ‌) بووه‌، چونكه‌ هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی خودا له‌ئه‌ودا (به‌ڵێی) خۆی دۆزیه‌وه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌ڵێین (‏ئامین)، بۆ شكۆمه‌ندی خودا. ئه‌وه‌ خودایه‌ ئێمه‌و ئێوه‌ی له‌مه‌سیحدا چه‌سپاندووه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانی كردووین. هه‌ر ئه‌ویشه‌ مۆری خۆی لـێ‌داوین‏و ڕۆحی پیرۆزی پێمان به‌خشیوه‌ وه‌ك پێشه‌كی.

خودا ئاگای لێیه‌ بۆچی نه‌هاتم بۆ كۆرنسۆس، چونكه‌ به‌زه‌ییم پێتان ده‌هاته‌وه‌. ئێمه‌ نامانه‌وێ‌ ده‌ست به‌سه‌ر باوه‌ڕتان بگرین، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌گه‌ڵتان كار ده‌كه‌ین بۆ خۆشیتان، چونكه‌ ئێوه‌ به‌باوه‌ڕ چه‌سپاون.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.