Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم کۆرنسۆس 16

پاره‌‏كۆكردنه‌وه‌ بۆ باوه‌رداران

به‌ڵام له‌باره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی بۆ برا پیرۆزه‌كان، چۆن كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕداره‌كانی ناوچه‌ی غه‌ڵاتییه‌م ڕاسپاردووه‌، ئێوه‌ش ئاوا بكه‌ن. با هه‌ر یه‌كه‌تان له‌ڕۆژی یه‌ك‏شه‌ممه‌ چه‌ند پاره‌‏ی له‌‏توانادایه‌ بیخاته‌ لایه‌ك، تا ئه‌و ڕۆژه‌ پاره‌ كۆنه‌كرێته‌وه‌ كه‌ ده‌گه‌مه‌ لاتان. جا كاتێ‌ گه‌یشتمه‌ لاتان، كێ‌ به‌‏باش ده‌زانن له‌ناو خۆتان ده‌یاننێرم به‌نامه‌وه‌ تا ئه‌و یارمه‌تییه‌ی كۆتان‎كردۆته‌وه‌ بۆ قودس بیبه‌ن. ‏ئه‌گه‌ر پێویست بوو، خۆم له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆم. كاتێ‌ دێم بۆ لاتان تێ‌ده‌په‌رم به‌‏ناوچه‌ی مه‌كدۆنیا، چونكه‌ ده‌بێ‌ به‌مه‌كدۆنیادا بڕۆم. له‌وانه‌یه‌ ماوه‌یه‌ك لاتان بم، یاخود له‌وانه‌یه‌ هه‌موو زستان لاتان بمێنمه‌وه‌، ئینجا ڕێگای سه‌فه‌رم بۆ ئاسان بكه‌ن بۆ هه‌ر شوێنێك كه‌ ده‌مه‌وێ‌. چونكه‌ ئه‌مجاره‌ نامه‌وێ‌ ته‌نها به‌سه‌ر پێی بتانبینم، به‌ڵكو هیوادارم گه‌ر خوداوه‌ند خواستی له‌سه‌ربێ‌ ماوه‌یه‌كی زۆر لاتان بمێنمه‌وه‌. به‌ڵام هه‌تا ڕۆژی په‌نجاهه‌مین ‏له‌ ئه‌فه‌سۆس ده‌مێنمه‌وه‌، چونكه‌ ده‌رگای پان‏و به‌رین بۆ ئیشی كاریگه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ بۆم، هه‌رچه‌نده‌ زۆر دوژمنیشم هه‌یه‌.

گه‌ر تیمۆساوس بۆ لاتان هات، ‏با به‌ئاسوده‌یی له‌ناوتان بێ‌، چونكه‌ ئه‌ویش وه‌ك من كاری خوداوه‌ند ده‌كات. نامه‌وێ‌ كه‌س به‌‏سووكی سه‌یری بكات، به‌ڵكو له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا یارمه‌تیبده‌ن‏و به‌ئاشتی به‌ڕێی بكه‌ن، چونكه‌ من‎و برایان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین، ‏ هه‌روه‌ها زۆر داوام له‌‏ئه‌پۆلۆسی برامان كرد هه‌تا له‌گه‌ڵ برایان بێ‌‎و دیده‌نیتان بكات، به‌ڵام ئه‌و نه‌یویست ئێستا بۆ لاتان بێ، ئیتر كه‌ی بۆی ڕێكه‌وت ئه‌وسا بۆ لاتان دێت.

كۆتایی

ئێشك‏بگرن، جێگیربن له‌‏باوه‌ڕ، پیاوی ئازابن، به‌هێزبن. هه‌رچیه‌ك ده‌كه‌ن له‌ خۆشه‌ویستیه‌وه‌ بیكه‌ن. ئێوه‌ ده‌زانن ماڵی ئیستیفانۆس پێشه‌به‌ره‌ بوون له‌ئه‌خائیه‌، خۆیان ته‌رخان كردبوو بۆ خزمه‌ت‎كردنی خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان، داواتان‎ لـێ‌ده‌كه‌م، ئه‌ی برایان، گوێڕایه‌ڵی ئه‌وان بن، له‌گـه‌ڵ هه‌مـوو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیان ئیش‎ ده‌كه‌ن. دڵشاد بووم به‌ هاتنی ئیستیفانۆس‏و فه‌رتوناتوس‏و ئه‌خائیكۆس، چونكه‌ شوێنی ئێوه‌یان گرته‌وه‌ بۆم، ئه‌وان ڕۆحی من‏و ئێوه‌یان گه‌شانده‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ڕێزیان بۆ دابنێن.

كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕدارانی ئاسیا سڵاوتان لـێ‌ده‌كه‌ن، ئه‌كیلاو بریسكلا له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌‏ماڵه‌كه‌یان كۆده‌بنه‌وه‌ به‌ناوی خوداوه‌ند به‌گه‌رمی سڵاوتان لـێ‌ده‌كه‌ن. هه‌موو برایان سڵاوتان لـێ‌ده‌كه‌ن، ئێوه‌ش به‌‏ماچی پاك‏و پیرۆز سڵاو له‌یه‌كتری بكه‌ن.

منم پۆڵس سڵاوی منتان لـێ‌بێ‌ كه‌ به‌ ده‌ستی خۆم بۆتان ده‌نووسم. به‌ڵێ‌ ئه‌و كه‌سه‌ی عیسای خوداوه‌ندی خۆش‎ناوێ‌ با نه‌فره‌تی لـێ‌بێ‌. (ماراناسا) [واتای: ئه‌ی خوداوه‌ند وه‌ره‌]. به‌ره‌كه‌تی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندتان له‌گه‌ڵ بێت. به‌و خۆشه‌ویستیه‌تان ده‌سپێرم كه‌ له‌‏عیسای مه‌سیحه‌. ئامین.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.