Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم کۆرنسۆس 15

هه‌ستانه‌وه‌ی عیسا

ئه‌ی برایان، ئه‌وه‌تان بیرده‌خه‌مه‌وه‌ كه‌ بۆم هێنان‏و مزگێنیم پێ‌دان، ئه‌وه‌ی وه‌رتانگرت‏و هه‌تا ئێستا له‌سه‌ری چه‌سپاون. گه‌ر هاتوو به‌به‌رده‌وامی له‌سه‌ر ئه‌و ووشانه‌ ڕۆیشتن به‌و شێوه‌یه‌ی مزگێنیم پێ‌دان، ئه‌وسا ڕزگارتان ده‌بێ‌، ئه‌گینا به‌خۆرایی باوه‌ڕتان هێناوه‌.

چونكه‌ ئه‌وه‌م پێدان كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌رم‎گرتبوو، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ مه‌سیح له‌پێناوی گوناهه‌كانمان مرد به‌گوێره‌ی نووسراوی [پێغه‌مبه‌ره‌كان]، ئه‌و نێژراو له‌ڕۆژی سێهه‌م هه‌ستایه‌وه‌ دیسان به‌گوێره‌ی نووسراوی [پێغه‌مبه‌ره‌كان]، ئینجا بۆ په‌ترۆس‏و دوایی بۆ دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت، پاشان بۆ زیاتر له‌ پێنج‎سه‌د له‌برایان ده‌ركه‌وت‏كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوون، له‌وانه‌ هێشتا زۆربه‌یان ده‌ژین، به‌ڵام هه‌ندێكیان نوستوون، دوایی بۆ یاقوب ده‌ركه‌وت، ئینجا بۆ هه‌موو نێرراوان، پاش هه‌مووان بۆ منیش ده‌ركه‌وت، وه‌ك منداڵێك له‌كاتی خۆی له‌دایك نه‌بووبێ‌. چونكه‌ من بچوكترین نێرراوم، هه‌روه‌ها شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ نێرراو ناوببرێم، چونكه‌ من كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕدارانی خودام له‌كاتی خۆی چه‌وساندۆته‌وه‌. به‌ڵام به‌هۆی به‌ره‌كه‌تی خوداوه‌ وام لـێ‌هاتووه‌ وه‌ك ئێستا ده‌مبینن، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌ره‌كه‌ته‌ی پێیبه‌خشیووم بێ‌سوود نه‌بوو به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌، من له‌‏هه‌موو نێرراوانی دیكه‌ زیاتر ئیشم‎كردووه‌، ئه‌و شتانه‌ش به‌هۆی توانای خۆم نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆی به‌ره‌كه‌تی خودا بوو كه‌ له‌گه‌ڵم‏دایه‌. ئیتر من بم یاخود نێرراوانی دیكه‌، ئێمه‌ ووشه‌ی خودامان ڕاگه‌یاند، ئێوه‌ش باوه‌ڕتان هێنا.

هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان

گه‌ر ئێمه‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مه‌سیح له‌ نێو مردووان ڕابگه‌ێنین، ئیتر چۆن هه‌ندێكتان ده‌ڵێن مردووان زیندوونابنه‌وه‌؟ ‏گه‌ر هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نه‌بێ، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌ مه‌سیح هه‌ڵنه‌ستاوه‌ته‌وه‌. گه‌ر بێتو مه‌سیح هه‌ڵنه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا مـزگێنیدانمان بێ‌ سوود ده‌بێ، هه‌روه‌ها باوه‌ڕی ئێوه‌ش هیچ سوودی نـابــێ. ئێمـه‌ش ده‌بینه‌ شایه‌تی درۆزن بۆ خودا، چونكه‌ ئێمه‌ شایه‌تیمان‏دا سه‌باره‌ت به‌خودا، كه‌ مه‌سیحی هه‌ستاندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵینه‌ستاندووه‌ته‌وه‌ گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌. بۆیه‌ گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، كه‌واته‌ مه‌سیحیش هه‌ڵنه‌ستاوه‌ته‌وه‌. گه‌ر بێتو مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ڵنه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا باوه‌ڕتان به‌تاڵ ده‌بێ‏و ئێوه‌ش هێشتا له‌گوناهه‌كانتان دان. هه‌روه‌ها ئه‌و‏انه‌ی نووستوون‏و باوه‌ڕیان به‌‏مه‌سیح هه‌بوو هه‌موو له‌ناوچوون. گه‌ر بێتو هیوامان به‌مه‌سیح ته‌نها بۆ ئه‌م ژیانه‌ بێ‌، ئه‌وا ئێمه‌ به‌دبه‌ختترین كه‌س ده‌بین له‌نێو مرۆڤ.

به‌ڵام له‌ڕاستیدا مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌و بوو به‌نۆبه‌ره‌ی نووستوان. جا چۆن مردن به‌هۆی مرۆڤێك هاته‌كایه‌وه‌، زیندووبوونه‌وه‌ی مردووانیش به‌هۆی مرۆڤێك بوو. هه‌روه‌ها چۆن هه‌موو به‌هۆی ئاده‌م ده‌مرن، به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌موو به‌هۆی مه‌سیح زیندووده‌بنه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌و به‌نۆره‌ی خۆی، یه‌كه‌مجار مه‌سیح وه‌ك نۆبه‌ره‌یه‌ك هه‌ستایه‌وه‌، ئینجا دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ‏ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ مه‌سیحن هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، دوای ئه‌مه‌ كۆتایی دێت، كاتێ‌ پادشاهێتی ده‌دات به‌خودای باوك، پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌ركردایه‌تی‎و ده‌سه‌ڵات‏و هێزێك له‌ناوده‌بات. عیسا ده‌بێ‌ ئه‌وه‌نده‌ فه‌رمانڕه‌وایی بكات، هه‌تا هه‌موو دوژمنانی ده‌خاته‌ ژێر پێیه‌وه‌. ئیتر دوا دوژمن كه‌ له‌ناوده‌برێ‌ مردنه‌. چونكه‌ خودا [[‏هه‌موو شتێكی ملكه‌چی ژێر پێی‏كردووه‌]]. به‌ڵام كاتێ‌ ده‌ڵێ‌ هه‌موو شتێك ملكه‌چ‏كرا، شتێكی ئاشكرایه‌ خودا ناگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی ملكه‌چی‎ مه‌سیح كردووه‌. كاتێ‌ هه‌موو شتێك ملكه‌چی ڕۆڵه‌ بوو، ئه‌وسا ئه‌ویش ملكه‌چی خودا ده‌بێ‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی ملكه‌چی كردووه‌، تاكو خودا ببێت به‌هه‌موو شتێك له‌‏هه‌موو شتێك.

گه‌ر ڕاست‎بێ‌ مردووان هه‌رگیز هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، ئیتر له‌ئاوهه‌ڵكێشانی ئه‌وانه‌ی له‌جیاتی مردووان له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشرێن چ سوودێكی هه‌یه‌؟ كه‌واته‌ بۆچی له‌جیاتی ئه‌وان خۆیان له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشن؟ هه‌روه‌ها بۆچی ئێمه‌ هه‌موو كاتێ‌ خۆمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟ ئه‌ی برایان پێتان ده‌ڵێم، من ڕۆژانه‌ ڕووبه‌ڕووی مردن ده‌بمه‌وه‌، به‌و شانازیه‌ی له‌‏ئێوه‌دا هه‌مه‌ به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان. گه‌ر بێتو وه‌ك مرۆڤێك به‌ره‌نگاری دڕندان بوومایه‌ له‌ شاری ئه‌فه‌سۆس‏، ئه‌وسا چ سوودێكم ده‌بوو؟ گه‌ر بێتو مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، ئیتر ئێمه‌ش ده‌ڵێین: (وه‌رن با بخۆین‏و بخۆینه‌وه‌، به‌یانی مردنه‌.( هه‌ڵ‏مه‌خه‌ڵه‌تێن، چونكه‌ په‌یوه‌ندی خراپ ڕه‌وشتی جوان تێك ده‌دات. هۆش بهێننه‌وه‌ به‌رخۆتان، ئیتر هه‌ڵه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكتان نه‌زانن سه‌باره‌ت به‌ خودا. من ئه‌مه‌ ده‌ڵێم تا شه‌رمه‌زاربن.

هه‌ستانه‌وه‌مان چۆن ده‌بێ‌‏؟

‏له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بپرسێ‌: (مردووان چۆن هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، به‌ چ جۆره‌ له‌شێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌؟) ئه‌ی گێل! ئه‌وه‌ی ده‌چێنرێ‌ زیندوونابێته‌وه‌ هه‌تا نه‌مرێ‌. ئه‌وه‌ی ده‌چێنرێ‌ ئه‌و شته‌ نییه‌ كه‌وا دێته‌ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نكه‌ گه‌نمه‌ یاخود هه‌ر تۆوێكی دیكه‌. ئینجا خودا ئه‌و شێوه‌یه‌ی ده‌داتێ‌ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ‌، هه‌روه‌ك چۆن هه‌موو جۆره‌ تۆوێك شێوه‌یه‌كی تـایبه‌تی داوه‌تێ‌. به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌موو له‌شێك یه‌ك شێوه‌ی نییه‌، به‌ڵكو مرۆڤ له‌شێكی هه‌یه‌، ئاژه‌ڵ له‌شێكی دیكه‌، ماسی له‌شێكی هه‌یه‌و باڵنده‌ له‌شێكی دیكه‌. ته‌نی ئاسمانی هه‌یه‌و ته‌نی زه‌ویش هه‌یه‌، به‌ڵام شكۆمه‌ندی ته‌نه‌ ئاسمانییه‌كان شتێكه‌و شكۆمه‌ندی ته‌نـی زه‌ویش شتێكی تره‌. شكۆمه‌ندی خۆر شتێكه‌و شكۆمه‌ندی مانگیش شتێكه‌، هه‌روه‌ها شكۆمه‌ندی ئه‌ستێره‌ش شتێكی تر، ئه‌ستێره‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ شكۆمه‌ندی جیاوازی خۆیان هه‌یه‌.

به‌م جۆره‌ش هه‌ڵسانه‌وه‌ی مـردووان: ئه‌وه‌ی ده‌چێنرێ‌ له‌فه‌وتاوی، له‌هه‌ڵسانه‌وه‌ فه‌وتاو نییه‌. له‌سووكایه‌تی ده‌چێنرێ‌، له‌شكۆمه‌ندی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌. له‌لاوازی ده‌چێنرێ‌، له‌هێز هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌. به‌له‌شی سروشتی ده‌چێنرێ‌، به‌له‌شی ڕۆحی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌. گه‌ر له‌شی سروشتی هه‌بێ‌ له‌شی ڕۆحیش هه‌یه‌. هه‌روه‌ك له‌كتێبی پیرۆز نووسراوه‌: [[ئاده‌می یه‌كه‌م له‌شێكی زیندوو بوو.]] به‌ڵام دوا ئاده‌م ڕۆحێكه‌ ژیانمان پێ‌ده‌به‌خشێ‌. ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ڕۆحی نییه‌ به‌ڵكو له‌شی سروشتییه‌و ئه‌وه‌ی دواتر ڕۆحییه‌. مرۆڤی یه‌كه‌م له‌‏زه‌وی بوو له‌‏خۆڵ دروست‎كرا، به‌ڵام مرۆڤی دووه‌م له‌‏ئاسمانه‌وه‌یه‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی له‌خۆڵ دروست‎بووه‌، ئه‌وانه‌ش له‌‏خۆڵن ئاوا ده‌بن. ئه‌وه‌ش له‌‏ئاسمانه‌وه‌یه‌، ئاسمانیه‌كانیش ئاوا ده‌بن. جا چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌‏خۆڵ دروست ‎كراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ وێنه‌ی ئاسمانی وه‌رده‌گرین. ئه‌ی برایان، من پێتان ده‌ڵێم: گۆشت‏و خوێن ناتوانێ‌ ببێته‌ میراتگری پادشاهێتی خودا، هه‌روه‌ك چۆن فه‌وتاو نابێته‌ میراتگری نه‌فه‌وتاو. گوێ‌ له‌م نهێنیه‌ بگرن: ئێمه‌ هه‌موومان ناخه‌وین؟ به‌ڵكو هه‌موومان ده‌گۆڕێین، ئه‌مه‌ش یه‌كسه‌ر له‌چاو‏تروكانێك ڕووده‌دات، كاتێ‌ دوا كه‌ڕه‌نا لێ‏ده‌درێ‌‎و ده‌نگ ده‌داته‌وه‌. ئه‌وسا مردووان بێ‌گه‌نده‌ڵیو فه‌وتان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش ده‌گۆڕێین. چونكه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و سروشته‌ فه‌وتاوه‌ نه‌فه‌وتاوی بپۆشێ‌و سروشتی مردوو نه‌مری بپۆشێ‌. كاتێ‌ فه‌وتاو نه‌فه‌وتاوی ده‌پۆشێ‌و مردن نه‌مری ده‌پۆشێ‌، ئه‌وسا ئه‌وه‌ی له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌ دێته‌دی: [[سه‌ركه‌وتن مردنی قووتدا. ئیتر ئه‌ی مردن كوا سه‌ركه‌وتنت؟ ئه‌ی گۆڕ، كوا پێوه‌دانت‏؟]] پێوه‌دانی مردن گوناهه‌، هێزی گوناه‌ شه‌ریعه‌ته‌. به‌ڵام سوپاس بۆ خودا، ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌ ئێمه‌ به‌خشیوه‌ به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان. كه‌واته‌، ئه‌ی برایانی خۆشه‌ویستم، جێگیرو چه‌سپاو بن، خۆتان به‌ته‌واوی بۆ خوداوه‌ند ته‌رخان‎ بكه‌ن، ئیتر بزانن ئه‌وه‌ی بۆ خوداوه‌ندی ده‌كه‌ن بێ‌سوود نییه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.