Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم کۆرنسۆس 14

دوان به‌ووشه‌ی خودا

با خۆشه‌ویستی ئامانجتان بێ‌، ئاره‌زووی به‌هره‌ ڕۆحیه‌كان بكه‌ن‏، به‌تایبه‌تی دوان به‌ ووشه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان بدوێ‌، قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ناكات‏، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خودا، كه‌س لێی تێناگات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌هۆی ڕۆحی پیرۆز ده‌یڵێ‌ نهێنییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوێ‌، ئه‌وه‌ بۆ بنیادنان‏و هاندان‏و دڵنه‌واییه‌. ئه‌وه‌ی به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان ده‌دوێ، ئه‌وا خۆی بنیاد ده‌نێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوێ، ئه‌وا كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران بنیاد ده‌نێ. من حه‌ز ده‌كه‌م هه‌مووتان به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان بدوێن. به‌ڵام باشتره‌ به‌هره‌ی دوان به‌ووشه‌ی خوداتان هه‌بێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوێ‌ مه‌زنتره‌ له‌وه‌ی به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان ده‌دوێ، ته‌نها گه‌ر یه‌كێك بتوانێ‌ ڕوونی‏بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ببێته‌ هۆی بنیادنانی كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران. ئه‌ی برایان، ئێستا وابزانن من هاتووم بۆ لاتان‏و به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان له‌گه‌ڵتان ده‌دوێم، لێره‌ چ سوود له‌‏من وه‌رده‌گرن‏، گه‌ر بینین‏و زانیاری‏و دوان به‌ووشه‌ی خوداو فێركردنی تیا‏دا نه‌بێ‌؟ ته‌نانه‌ت ئامێرێكی مۆسیقای بێ‌ڕۆح، بۆ نموونه‌ شمشاڵ‏و ساز، گه‌ر ده‌نگی جیاوازیان نه‌بێ‌، چۆن گوێگر بزانێ‌ كامه‌یان ده‌نگی شمشاڵه‌و كامه‌یان ده‌نگی سازه‌؟ گه‌ر بێتو كه‌ڕه‌نای شه‌ڕ ده‌نگه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌بێ‌، كێ‌ خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ شه‌ڕ؟ ئێوه‌ش هه‌روه‌ها گه‌ر بێتو به‌ زمانی ڕۆحی بدوێن‏و كه‌س لێتان تێنه‌گات، ئیتر چۆن خه‌ڵكی بزانێ‌ چی ده‌ڵێن؟ ئایا وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وا بدوێن؟ له‌جیهان ئه‌وه‌نده‌ زمان هه‌یه‌ له‌‏ژماردن نایه‌ن، به‌ڵام هیچیان بێ‌واتا نییه‌. گه‌ر بێتو من له‌واتای زمانێك تێ‌نه‌گه‌م، ئه‌وا ده‌بێته‌ بێگانه‌و ئه‌و كه‌سه‌ی به‌و زمانه‌ش ده‌دوێ‌، هه‌روه‌ها منیش ده‌بمه‌ بێگانه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌. كه‌واته‌ ئێوه‌ش، گه‌ر به‌په‌رۆش بن بۆ به‌هره‌ی ڕۆحی‏، زیاتر هه‌وڵی بۆ بده‌ن له‌پێناوی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران‏و په‌ره‌سه‌ندنی.

له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان ده‌دوێ، نوێژ بكات تا خودا هێزی ڕوونكردنه‌وه‌ی زمانه‌كانی بداتێ‌. چونكه‌ گه‌ر من به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان نوێژم كرد، ته‌نها ڕۆحم نوێژ ده‌كات، به‌ڵام مێشكم هیچ به‌رووبوومی نابێت. كه‌واته‌ چی بكه‌م؟ به‌ڕۆح نوێژ ده‌كه‌م‏، هه‌روه‌ها به‌‏مێشكیش نوێژ ده‌كه‌م‏. به‌ڕۆح گۆرانی ده‌ڵێم، هه‌روه‌ها به‌‏مێشكیش گۆرانی ده‌ڵێم. ئه‌گینا گه‌ر تۆ به‌ڕۆح ستایشی خودا بكه‌ی، چۆن ده‌بێ‌ یه‌كێكی ده‌ره‌وه‌ به‌سوپاس كردنه‌كه‌ت بڵێ‌ (ئامین)‏؟ چونكه‌ ئه‌و نازانێ‌ تۆ ده‌ڵێی چی. له‌وانه‌یه‌ سوپاس كردنه‌كه‌ت باش بێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تر بنیادنانرێ. سوپاس بۆ خودا له‌‏هه‌مووتان زیاتر ده‌توانم به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان بدوێم، به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران به‌لامه‌وه‌ باشتره‌ پێنج ووشه‌ بڵێم به‌مێشكمه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی لێی فێر ببێ‌، له‌وه‌ی كه‌ ده‌ هه‌زار ووشه‌ بڵێم به‌‏زمانه‌كان كه‌س لێیتێ‌نه‌گات. ئه‌ی برایان، له‌‏بیركردنه‌وه‌دا وه‌ك منداڵ مه‌بن‏، به‌ڵكو له‌ئاست خراپه‌كاری‏دا وه‌ك منداڵی ساوا بن. به‌ڵام له‌‏بیركردنه‌وه‌دا وه‌ك یه‌كێكی گه‌وره‌و تێگه‌یشتوو بن. له‌‏شه‌ریعه‌ت نووسراوه‌: [[‏خوداوه‌ند ده‌ڵێ‌، به‌زمانی بێگانه‌كان‏و به‌لێوی نامۆكان قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش گوێم لێ‌ ناگرن.]] كه‌واته‌ زمانه‌كان نیشانه‌ نییه‌ بۆ باوه‌ڕداران به‌ڵكو بۆ بێ‌‏باوه‌ڕان، به‌ڵام دوان به‌ووشه‌ی خودا بۆ باوه‌ڕدارانه‌ نه‌ك بۆ بێ‌‏باوه‌ڕان. گه‌ر ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ‏بوونه‌وه‌، له‌وێ‌ هه‌موویان به‌زمانه‌ ڕۆحیه‌كان قسه‌یان‏كرد، ئینجا یه‌كێكی نه‌زان یاخود بێ‌‏باوه‌ڕ بێته‌ ژووره‌وه‌، ئایا ناڵێ‌ ئێوه‌ هه‌مووتان شێتن؟ به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ گه‌ر بێتو هه‌موو به‌ووشه‌ی خودا بدوێن‏و یه‌كێكی نه‌زان یاخود بێ‌‏باوه‌ڕ بێته‌ ناوتان، هه‌موو سه‌رزه‌نشتی ده‌كه‌ن‏و هه‌موو حوكمی به‌سه‌ر ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ وای لێ‌ده‌كات نهێنی دڵی ئاشكرا بكات، ئه‌وسا ئه‌و كه‌سه‌ ‏كڕنووش ده‌باو خودا ده‌په‌رستێ‌، دان‎به‌وه‌دا ده‌نێ‌ خودا به‌ڕاستی له‌‏نێوانتانه‌.

كۆبوونه‌وه‌ی ڕێك‏وپێك

ئه‌ی برایان، كاتێ‌ ئێوه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌تان ‏شتێكی هه‌یه‌، یه‌كێك گۆرانی ڕۆحی، یاخود وانـه‌یــه‌كی فێركردن، یا بینین، یان دوان به‌زمانه‌ ڕۆحیه‌كان، یان ڕوونكردنه‌وه‌ی زمانه‌كان. باهه‌موو شتێك بۆ بنیادنان بێ‌. با دووان یا سیان به‌‏زمانه‌كان بدوێن یه‌ك له‌دوای یه‌ك، به‌ڵام هه‌ر یه‌كێك ڕوونیان‏بكاته‌وه‌. به‌ڵام گه‌ر له‌وێ‌ كه‌س نه‌بوو ڕوونی بكاته‌وه‌. ئه‌وسا ده‌بێ‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ بێ‌ده‌نگ‎بن‏و له‌دڵی خۆتان بۆ خۆتان‏و بۆ خودا بدوێن. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوێن، ته‌نها ده‌توانن دووان یان سیانیان بدوێن، ئه‌وانی دیكه‌ ده‌بێ‌ قسه‌كانیان هه‌ڵسه‌نگێنن. گه‌ر هاتوو یه‌كێك له‌‏دانیشتوان له‌لایه‌ن خوداوه‌ بینینێكی بۆ ڕاگه‌یه‌نرا، پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌دوێ‌ بێ‌ده‌نگ بێ‌، ئێوه‌ هه‌موو ده‌توانن یه‌ك له‌دوای یه‌ك به‌ووشه‌ی خودا بدوێن، هه‌تا هه‌موو فێربن‎و هان‎بدرێن. ڕۆحی ئه‌وانه‌ی به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوێن ملكه‌چن بۆیان، چونكه‌ خودا، خودای ئاژاوه‌ نییه‌، به‌ڵكو خودای ئاشتییه‌. هه‌روه‌ك له‌هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كانی خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان، ‏ژنان بێ‌ده‌نگ‎ ده‌بن له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌دا، چونكه‌ ئه‌وان نابێ‌ قسه‌ بكه‌ن پێویسته‌ ملكه‌چ بن به‌و شێوه‌یه‌ی ‏شه‌ریعه‌ت ده‌یڵێ‌. به‌ڵام گه‌ر ویستیان شتێك فێربن، با له‌‏ما‏ڵه‌وه‌ له‌‏مێرده‌كانیان بپرسن. چونكه‌ شوره‌ییه‌ بۆ ژن له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ بدوێ‌. ئایا ووشه‌ی خودا له‌لای ئێوه‌وه‌ هاتووه‌، یاخود ته‌نها بۆ لای ئێوه‌ هاتووه‌؟ گه‌ر یه‌كێك خۆی به‌هه‌ڵگری ووشه‌ی خودا بزانێ‌ یاخود به‌‏ڕۆحی دانا، با‏بزانێ‌ ئه‌وه‌ی بۆتانی ده‌نووسم ڕاسپارده‌ی خوداوه‌نده‌. گه‌ر یه‌كێك ئه‌وه‌ نه‌زانێ‌، با هه‌ر نه‌زانێ‌. كه‌واته‌ ئه‌ی برایان، به‌دڵگه‌رمییه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ن به‌ووشه‌ی خودا بدوێن، هه‌روه‌ها ڕێی دوان به‌زمانه‌ ڕۆحیه‌كان له‌كه‌س مه‌گرن. به‌ڵام هه‌موو شتێك پێویسته‌ دروست‏و ڕێك‎وپێك بێ‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.