Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم تیمۆساوس 5

شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی باوه‌ڕداران

به‌ڕه‌قی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ پیاوی به‌ته‌مه‌ن مه‌كه‌، به‌ڵكو وه‌ك باوكی خۆت به‌‏نه‌رم‎ونیانی ووره‌ی‏به‌رز بكه‌وه‌، ‏له‌گه‌ڵ گه‌نجان وه‌ك برای خۆت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ پیرێژنان وه‌ك دایكی خۆت‏، له‌گه‌ڵ كچان وه‌ك خوشكی خۆت به‌ پاكی‏.

ده‌رباره‌ی بێوه‌ژنان

ڕێز له‌و بێوه‌ژنانه‌ بگره‌ كه‌ به‌ڕاستی بێوه‌ژنن. جا گه‌ر بێوه‌ژنێك منداڵ‏و وه‌چه‌ی هه‌بێت، با فێربن یه‌كه‌م ئه‌ركی سه‌رشانیان ئه‌وه‌یه‌ چاكه‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان‏و پاداشتی دایك‎و باوكیان بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ لای خودا. بێوه‌ژنی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سی نییه‌ به‌خێوی بكات، هه‌موو هیوایه‌كی خودایه‌، شه‌و و ڕۆژ نوێژی بۆ ده‌كات‏و لێیده‌پاڕێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و بێوه‌ژنه‌ی خۆی داوه‌ته‌ ده‌ستی خۆشی ژیان، ئه‌وه‌ مردووه‌ هه‌رچه‌نده‌ زیندووش بێت. جا ئه‌م شتانه‌یان پێ‌ ڕاسپێره‌ تا‏دوایی بێ‌ كه‌م‏و‏كوڕی بن. كێ‌ نایه‌وێ‌ بایه‌خ به‌‏كه‌س‏وكاری بدات به‌تایبه‌تی به‌ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ باوه‌ڕی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌و خراپتره‌ له‌ بێ‌ باوه‌ڕان.

بێوه‌ژن كاتێ‌ له‌ لیسته‌ی بێوه‌ژنان ناوی ده‌نووسرێت كه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵ بێت‏و یه‌ك مێردی هه‌بوو بێت. ناسراو بێت به‌وه‌ی كاری چاكه‌ی كردووه‌، منداڵه‌كانی به‌‏باشی به‌خێوكردووه‌، میوانداری خه‌ڵكی كردووه‌، پێی خوشك‏و برا پیرۆزه‌كانی شتووه‌، یارمه‌تی لێقه‌وماوانی داوه‌، به‌ هه‌موو كارێكی چاك هه‌ستاوه‌.

‏ بێوه‌ژنانی گه‌نج ڕه‌ت‏ده‌كرێنه‌وه‌ له‌م لیسته‌یه‌، چونكه‌ گه‌ر ئاره‌زووه‌كانیان له‌مه‌سیح دووریان بخاته‌وه‌، حه‌ز ده‌كه‌ن شوو بكه‌نه‌وه‌. ‏ئینجا تاوانبار ده‌كرێن، چونكه‌ به‌ڵێنی یه‌كه‌میان شكاندووه‌. بێ‌جگه‌ له‌مه‌ش فێری بێ‌‏ئیشی‏و ماڵه‌و ماڵكردن ده‌بن، هه‌روه‌ها فێری زۆر قسه‌كردن‏و خۆخستنه‌ ناو كاروباری خه‌ڵك ده‌بن، باسی شتێك ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندی به‌وان نییه‌. كه‌واته‌ با بێوه‌ژنانی گه‌نج شوو بكه‌نه‌وه‌، تا منداڵیان ببێت، كاروباری مالـێ‌ خۆیان ‎به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ڕێگا به‌‏دوژمن نه‌ده‌ن قسه‌یان پێ‌بڵێن. ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێكیان له‌ڕێ‌ ده‌رچوون‏و دوای شه‌یتان كه‌وتوون.

گه‌ر یه‌كێك له‌‏كه‌سوكاری باوه‌ڕداران بێوه‌ژن بوو، پێویسته‌ له‌سه‌ریان یارمه‌تی‎بده‌ن، تا نه‌بێت به‌بار به‌سه‌ر كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ بتوانێ‌ یارمه‌تی ئه‌وانه‌ بدات كه‌ به‌ڕاستی بێوه‌ژنن.

پیرانی كۆمه‌ڵه‌

ئه‌و پیرانه‌ی به‌‏باشی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، شایانی ڕێزێكی زۆرن، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ماندوو ده‌بن له‌‏ووشه‌و فێركردن. چونكه‌ كتێبی پیرۆز ده‌ڵێ‌: [[ده‌می گا له‌كاتی ئالیك خواردن مه‌گره‌‏]]، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌: [[كرێكار مافی كرێی خۆی هه‌یه‌.]] ڕازی مه‌به‌ به‌شكاتێك دژی پیران بكرێت، ته‌نها مه‌گه‌ر دوو یان سێ‌ كه‌س شایه‌تی بۆ ئه‌وه‌ بده‌ن. گه‌ر ده‌ركه‌وت ئه‌و كه‌سه‌ به‌ڕاستی هه‌ڵه‌ی كردووه‌، له‌به‌رده‌م هه‌مووان سه‌رزه‌نشتی بكه‌، تا ئه‌وانی دیكه‌ بترسن.

داوات لـێ‌ده‌كه‌م له‌به‌رده‌م خوداو عیسای مه‌سیح‏و فریشته‌ هه‌ڵبژێراوه‌كانی، له‌سه‌ر ئه‌م ڕاسپاردانه‌ بڕۆیت، بێ‌ جیاوازی‏و لایه‌نگیری، له‌هه‌ر شتێك كه‌ ده‌یكه‌یت.

‏ به‌په‌له‌ ده‌ست مه‌خه‌ سه‌ر كه‌س، به‌شداری ‏له‌گوناهی خه‌ڵكی دیكه‌ مه‌كه‌، خۆت به‌پاكی ڕابگره‌.

له‌مه‌ولا ته‌نها ئاو مه‌خۆوه‌، به‌ڵكو تۆزێ‌ شه‌رابیش له‌به‌ر گه‌ده‌و ئه‌و نه‌خۆشیه‌ زۆرانه‌ی هه‌ته‌.

‏ هه‌ندێ‌ كه‌س پێش ڕۆژی لـێپرسینه‌وه‌ گوناهه‌كانیان ئاشكرایه‌ به‌ره‌و حوكم‏دان ده‌ڕوات، هه‌ندێكی دیكه‌ گوناهه‌كانیان دواتر ده‌رده‌كه‌وێ‌‏. به‌هه‌مان شێوه‌ كرداری چاكیش ئاشكرا ده‌بێ‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی ئاشكراش نین ناتوانرێ‌ به‌شاراوه‌یی بمێنێته‌وه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.