Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم سالۆنیکی 4

ژیانێك بۆ ڕازیكردنی خودا

ئه‌ی برایانی خۆشه‌ویست، ئێوه‌ له‌ ئێمه‌وه‌ فێربوون چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌ژیان بۆ ڕازیكردنی خودا، وه‌ ئه‌مه‌شتان كردووه‌، ئێستا داواتان لـێ‌ده‌كه‌ین‏و ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ناوی عیسای خوداوه‌نده‌وه‌ زیاتر هه‌وڵی پێشكه‌وتنتان بده‌ن له‌م باره‌یه‌وه‌. چونكه‌ ئێوه‌ ده‌زانن ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی دامان پێتان به‌هۆی عیسای خوداوه‌نده‌وه‌یه‌. چونكه‌ خواستی خودا ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێ‌ ئێوه‌ پاك‎وپیرۆزبن، له‌داوێن پیسی خۆتان دوورخه‌نه‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌تان بزانێ‌ چۆن به‌‏پاكی‏و ڕه‌وشت به‌رزیه‌وه‌ ئافره‌تێك بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ‌، نه‌ك به‌ئاره‌زووی هه‌وه‌سبازی وه‌ك ئه‌و میلله‌تانه‌ی خودا ناناسن، با كه‌ستان ده‌ست‎درێژ نه‌كات بۆ سه‌ر براكه‌ی یاخود خراپه‌ به‌رامبه‌ری بكات له‌م باره‌یه‌وه‌، خوداوه‌نده‌ تۆڵه‌ده‌سێنێ‌ له‌‏هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌م خراپانه‌ ده‌كه‌ن هه‌روه‌ك له‌‏پێشا پێمان ووتون‏و ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه‌. چونكه‌ خودا بانگیكردووین بۆ ژیانی پاك‏و پیرۆز، نه‌ك بۆ گڵاوی. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م فێركردنه‌ ڕه‌ت‏بكاته‌وه‌، ئه‌وا مرۆڤ ڕه‌ت‏ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو خودا ڕه‌ت‏ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕۆحی پیرۆزی خۆی به‌خشی پێتان. ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی خوشك‏و برایانه‌، پێویست ناكات بۆتان بنووسم، چونكه‌ خۆتان له‌‏خوداوه‌ فێربوون یه‌كتریتان خۆش‎بوێ‌. ئه‌مه‌شتان كردووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو خوشك‏و برایانی مه‌كدۆنیا، به‌ڵام ئه‌ی برایان داواتان لـێ‌ده‌كه‌ین له‌م باره‌یه‌وه‌ زیاتر هه‌وڵ بده‌ن، ئاگاداربن به‌‏ئاسووده‌یی‏و بێ‌ ئاژاوه‌ بژین، بایه‌خ‏بده‌ن به‌‏كاروباری تایبه‌تی خۆتان، نانی خۆتان به‌‏ده‌ستی خۆتان په‌یدا بكه‌ن هه‌روه‌ك ڕامانسپاردوون، تا ناوبانگتان باش بێت لای ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕدارنین، پێویستیتان به‌‏كه‌س نابێت.

هاتنه‌وه‌ی عیسای خوداوه‌ند

به‌ڵام ئه‌ی برایان نامانه‌وێ‌ نه‌زان بن سه‌باره‌ت چاره‌نووسی خه‌وتووان، هه‌تا غه‌مبار نه‌بن وه‌ك ئه‌وانه‌ی هیوایان نییه‌. گه‌ر ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌كرد كه‌ عیسا مردوو ئینجا زیندووبووه‌وه‌، ئه‌وا باوه‌ڕ‏ ده‌كه‌ین كه‌ خودا خه‌وتووانی باوه‌ڕدار به‌عیسا بۆ لای خۆی ده‌بات‏. ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند ووتویه‌تی پێتانی ده‌ڵێین ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌یه‌: ئێمه‌ی هێشتا زیندوو هه‌تا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی خوداوه‌ند، پێش خه‌وتوان ناكه‌وین، چونكه‌ خوداوه‌ند خۆی دێته‌ خواره‌وه‌ له‌ ئاسمان، كاتێ‌ فه‌رمانی كۆكردنه‌وه‌ ده‌درێت‏و سه‌رۆكی فریشته‌كان بانگه‌واز ده‌كات‏و كه‌ڕه‌نایی خودا فووی یپاده‌كرێ‌، یه‌كه‌م جار ئه‌وانه‌ی له‌ مه‌سیح مردوون هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌. ئینجا ئێمه‌، ئه‌وانه‌ی هێشتا زیندووین هه‌موومان به‌ره‌و ڕووی خوداوه‌ند ده‌ڕفێنرێن له‌هه‌وردا تا له‌ئاسمان به‌خوداوه‌ند بگه‌ین، ئیتر به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خوداوه‌ند ده‌مێنینه‌وه‌. جا به‌م ووشانه‌ ووره‌ی یه‌كتری به‌رزبكه‌نه‌وه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.