Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم سالۆنیکی 3

ناردنی تیمۆساوس بۆ ته‌سالۆنیكی

كاتێ‌ زانیمان له‌دووریتان ناتوانین دان‎بگرین به‌‏خۆمان، ئیتر به‌ باشترمان زانی به‌‏ته‌نها خۆمان له‌‏ئه‌سینا بمێنینه‌وه‌، تیمۆساوسی برامان نارد بۆ لاتان ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خودا كار ده‌كات‏ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی مزگێنی مه‌سیح، تا ووره‌تان به‌رز بكاته‌وه‌و باوه‌ڕتان بچه‌سپێنێ‌، تا باوه‌ڕتان لاواز نه‌بێ‌ له‌‏كاتی ناخۆشی. ئێوه‌ ده‌زانن ئه‌م ناخۆشییه‌ به‌شی ئێمه‌یه‌، چونكه‌ كاتێ‌ لاتان بووین، له‌پێشا پێمان ووتن تووشی ناخۆشی ده‌بین، ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی ڕوویدا هه‌روه‌ك ده‌زانن، له‌به‌رئه‌وه‌ كاتێ‌ نه‌متوانی زیاتر دان‎بگرم به‌خــۆم، تیمۆسـاوم نارد تا هه‌واڵی باوه‌ڕتانم بۆ بهێنێ‌، نه‌وه‌ك تاقیكه‌ره‌وه‌ [شه‌یتان] هاتبێ‌‏و تاقیكردبنه‌وه‌ ئه‌وسا هه‌وڵمان به‌فیڕۆ بڕوات. ئێستا تیمۆساوس لای ئێوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لامان، مزگێنی باوه‌ڕو خۆشه‌ویستی ئێوه‌ی داپێمان، هه‌روه‌ها پێیووتین ئێوه‌ هه‌موو كات یادمان ده‌كه‌ن‏و ئاره‌زووی بینینمان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ئێمه‌ ئاره‌زووی بینینی ئێوه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌ی برایان باوه‌ڕتان به‌و شێوه‌یه‌ ووره‌ی ئێمه‌ی به‌رزكرده‌وه‌، له‌ كاتی ته‌نگانه‌و ناخۆشیمان. ئێستا ئێمه‌ ده‌ژین، چونكه‌ باوه‌ڕتان به‌ خوداوه‌ند‏ چه‌سپاوه‌. چۆن بتوانین سوپاسی خودا بكه‌ین، چونكه‌ به‌هۆی ئێوه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ دڵخۆش بووین له‌به‌رده‌م خودامان؟ ئێمه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌‏خودا ده‌پاڕیێنه‌وه‌ تا بتانبینین‏و یارمه‌تیتان بده‌ین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌م‏وكوڕی باوه‌ڕتان.

داواكارین له‌‏خودای باوكمان‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان ڕێگای هاتنمان بۆ لاتان ئاسان بكات، هه‌روه‌ها داواكارین خوداوه‌ند خۆشه‌ویستیتان زیادو تێرو پڕ بكات له‌ناو یه‌ك‏و له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵكی به‌ قه‌ده‌ر خۆشه‌ویستی ئێمه‌ بۆتان. تاوه‌كو دڵتان به‌هێز بێت‏و بێ‌ كه‌م‏وكوڕی بێت له‌‏پاك‎وپیرۆزیدا، له‌‏لای خودای باوكمان ڕۆژی گه‌ڕانه‌وه‌ی عیسای خوداوه‌ند له‌گه‌ڵ هه‌موو خوشك‏و برا پیروِزه‌كانی.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.