Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم سالۆنیکی 2

خزمه‌ت كردنی پۆڵس‏

بۆیه‌ ئه‌ی برایان، خۆتان ده‌زانن هاتنمان بۆ لاتان بێ‌سوود نه‌بوو. هه‌رچه‌نده‌ ئازارمان چێژت‏و به‌سووكی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵمان كرد له‌‏شاری فیلیپی هه‌روه‌ك ده‌زانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خودا یارمه‌تی داین به‌چاونه‌ترسی مزگێنیتان پێ‌بده‌ین‏و ڕووبه‌ڕووی ئه‌وانه‌ بینه‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌ڵستیمان ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ‌ به‌ئێوه‌ی بڵێین به‌مه‌به‌ستی خراپه‌و گڵاویو خه‌ڵه‌تاندن نییه‌، به‌ڵكو هه‌روه‌ك ئێمه‌ ڕه‌زامه‌ندی خودامان به‌ده‌ست هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مزگێنیمان بدرێته‌ ده‌ست، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌دوێین، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵكی، به‌ڵكو بۆ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و خودایه‌ی دڵمان ‎تاقی ده‌كاته‌وه‌. خودا شایه‌ته‌ نه‌ قسه‌ی پێ‌هه‌ڵدانتان بۆ ده‌كه‌ین‏و نه‌بیانوو دێنینه‌وه‌ بۆ چاوچنۆكی، هه‌وڵی به‌ده‌ست‎هێنانی ستایشی خه‌ڵكمان نه‌داوه‌، نه‌له‌لایه‌ن ئێوه‌ نه‌‏له‌‏لایه‌ن خه‌ڵكیتر، هه‌رچه‌نده‌ مافی زۆرمان به‌سه‌رتان بوو، چونكه‌ نێرراوی مه‌سیحین، ‏به‌ڵام كاتێ‌ هاتین بۆ لاتان به‌ خۆشه‌ویستی‏و به‌زه‌یی ڕه‌فتارمان كرد له‌گه‌ڵتان وه‌ك دایه‌نێك منداڵه‌كانی به‌خێو بكات. ته‌نانه‌ت ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئێوه‌مان خۆشویست، ئاماده‌بووین نه‌ك ته‌نها مزگێنی خوداتان پێشكه‌ش بكه‌ین، به‌ڵكو ژیانی خۆشمان، چونكه‌ ئێوه‌ بوون به‌ خۆشه‌ویستمان. ئه‌ی برایان له‌یادتانه‌، چۆن هه‌وڵمان‏داوه‌و ماندووبووین، ده‌زانن كاتێ‌ له‌ناوتان مزگێنی خودامان ده‌دا له‌هه‌مان كات شه‌و و ڕۆژ كارمان ده‌كرد تا نه‌بین به‌ بار به‌سه‌ر كه‌ستان.

ئێوه‌ شایه‌تن‏و خوداش شایه‌ته‌، چۆن ڕه‌فتارمان كردووه‌ له‌نێو ئێوه‌ی باوه‌ڕدار، به‌پاكی‏و ڕاست‏ودروستیو بێ‌ كه‌م‏و‏كوڕی، هه‌روه‌ك ده‌زانن ئێمه‌ بۆ ئێوه‌ وه‌ك باوك وابووین بۆ منداڵه‌كانی، ووره‌مان به‌رز كردنه‌وه‌و دڵنه‌واییمان كردن‏و داوامان ‎لـێكردوون تا به‌ شێوه‌یه‌ك بژین جێی ڕه‌زامه‌ندی خودا بێت، ئه‌وه‌ی بانگتان ده‌كات بۆ پادشاهێتی‎و شكۆمه‌ندی خۆی.

‏ شتێكی دیكه‌ش هه‌یه‌ به‌رده‌وام له‌پێناوی سوپاسی خودا ده‌كه‌ین، چونكه‌ كاتێ‌ ووشه‌ی خوداتان له‌‏ئێمه‌ بیست ئه‌وه‌ی پێمان ڕاگه‌یاندن، وه‌رتان‏گرت لێمان نه‌ك وه‌ك ووشه‌یه‌ك له‌‏مرۆڤ بێت، به‌ڵكو چۆن لــه‌‏ڕاسـتی ووشه‌ی خودا بێت‏و كار له‌ناو ئێوه‌ی باوه‌ڕدار ده‌كات. ئه‌ی برایان ئێوه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵه‌كانی خوداتان لـێ‌هات له‌ ناوچـه‌ی یه‌هودیه‌، واته‌ ئه‌وانه‌ی له‌ عیسای مه‌سیح بوون. ‏ئێوه‌ش‏ به‌ده‌ستی هاوڕه‌گه‌زه‌كانی خۆتان ئازاردران، وه‌ك ئه‌وان به‌ده‌ستی جووله‌كه‌كان ئازاردران، ئه‌وانه‌ی عیسای خوداوه‌ندو پێغه‌مـبه‌رانیان كوشــت‏و ئێمه‌یان چه‌وسانده‌وه‌، ئه‌وانه‌ شتێك ناكه‌ن خودا ڕازی بكات، دوژمنی هه‌موو خه‌ڵكن، چونكه‌ ده‌یانه‌وێ‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگا له‌‏ئێمه‌ش بگرن بۆ گه‌لانی تر بدوێین تا ڕزگاریان نه‌بێ‌، ئه‌وانه‌ پێوانه‌ی گوناهیان پڕ بووه‌، به‌مه‌ش له‌كۆتاییدا تووڕه‌یی خودا به‌ته‌واوی هاته‌ خواره‌وه‌ به‌سه‌ریان.

كاتێ‌ له‌ئێوه‌ جیابووینه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ به‌‏ماوه‌یه‌كی كورت بیرمان ده‌كردن، حه‌زمان ده‌كرد جارێكی تر ڕووبه‌ڕوو بتانبینینه‌وه‌ ئه‌ی خۆشه‌ویستانمان، ئێوه‌ له‌به‌ر چاومان دووربوون‏، به‌ڵام له‌دڵمان بوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ویستمان دیده‌نیتان بكه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی خۆم كه‌ پۆڵسم چه‌ند جارێك ویستم بۆ لاتان بێم، ‏به‌ڵام شه‌یتان ڕێگای لـێ‌ده‌گرتین. جا چییه‌ هیواو خۆشی‏و تاجی شانازیمان له‌به‌رده‌م عیسای خوداوه‌ندمان له‌‏كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی؟ ئایا ئێوه‌ نین؟ به‌ڵێ‌، چونكه‌ ئێوه‌ شكۆمه‌ندیو خۆشی ئێمه‌ن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.