Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم پەترۆس 4

چه‌كداربوون به‌و بیروڕایه‌

وه‌ك مه‌سیح به‌له‌ش ئازاری چێژت، ئێوه‌ش خۆتان به‌و بیروڕایه‌ چه‌كدار بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌له‌ش ئازار بچێژێ‌ له‌گوناه‌ كردن ده‌وه‌ستێ‌، تا ئه‌و كاته‌ی ماوه‌ له‌ژیان به‌له‌ش بۆ ئاره‌زووه‌ مرۆڤیه‌كان نه‌ژی، به‌ڵكو بۆ خواستی خودا. جا به‌ستانه‌ ئه‌و كاته‌ی به‌سه‌رتان برد به‌گوێره‌ی خواستی بێ‌ باوه‌ڕان، له‌به‌ڕه‌ڵلاییو هه‌وه‌سبازی‎و سه‌رخۆشیو ڕابواردن‏و ئاهه‌نگی مه‌ی خواردنه‌وه‌و بت په‌رستی گه‌نده‌ڵ. ئه‌وان سه‌رسام ده‌بن، چونكه‌ ئێستا به‌شداری ناكه‌ن له‌هه‌مان به‌دڕه‌وشتی، جنێویشتان پێ‌ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ده‌بێ‌ حیسابی خۆیان بده‌ن به‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ حوكم به‌سه‌ر مردووان‏و زیندووان بدات. بۆیه‌ مزگێنی به‌وانه‌ش درا كه‌ ئێستا مردوون، تاكو به‌گوێره‌ی مرۆڤ له‌له‌ش حوكم بدرێن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی خودا له‌ڕۆح بژین.

كۆتایی هه‌موو شتێك نزیك بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ژیرو چاوكراوه‌ بن بۆ نوێژه‌كانتان. له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكیش با خۆشه‌ویستیتان بۆ یه‌كتری به‌هێز بێت، چونكه‌ خۆشه‌ویستی زۆر گوناه‌ داده‌پۆشێ‌. میوانداریه‌تی یه‌كتری بكه‌ن به‌بێ‌ مشت‏ومڕ. باهه‌ر یه‌ك له‌ئێوه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌هره‌یه‌ی وه‌ریگرتووه‌، خزمه‌تی پێ‌بكات له‌نێوان یه‌كتری، وه‌ك بریكارێكی باش له‌سه‌ر به‌ره‌كه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كانی خودا. هه‌ر یه‌كێك قسه‌ بكات با وه‌ك ووشه‌كانی خودا بێت، هه‌روه‌ها گه‌ر یه‌كێك خزمه‌تیكرد با وه‌ك ئه‌وه‌ بێت توانای له‌خوداوه‌ وه‌رگرتبێت، تاكو خودا له‌هه‌موو شتێك شكۆدار بێت به‌عیسای مه‌سیح، بۆ ئه‌وه‌ شكۆمه‌ندیو ده‌سه‌ڵات تاهه‌تایه‌. ئامین.

وه‌ك قوتابی مه‌سیح ئازار بدرێن

خۆشه‌ویستان، لاتان سه‌یر نه‌بێ‌ كاتێ‌ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی سوتێنه‌ر توشتان دێت بۆ تاقیكردنه‌وه‌تان، وه‌ك بڵێی شتێكی سه‌یرتان به‌سه‌ر هاتووه‌. به‌ڵكو دڵخۆش بن هه‌روه‌ك به‌شداریتان كرد له‌ئازاره‌كانی مه‌سیح، تاكو زیاتر دڵخۆش بن له‌كاتی ڕاگه‌یاندنی شكۆمه‌ندیه‌كه‌ی. گه‌ر جنێوتان پێدرا له‌پێناوی ناوی مه‌سیح، ئه‌وا خۆزگه‌تان پێ‌ده‌خوازرێ‌، چونكه‌ ڕۆحی شكۆمه‌ندیو ڕۆحی خودا دێته‌ سه‌رتان. با كه‌ستان ئازار نه‌چێژێ‌ وه‌ك بكوژێك یا دزێك یا به‌دكارێك یاخود وه‌ك یه‌كێك ده‌ست له‌كاروباری خه‌ڵكی وه‌ربدات، به‌ڵام گه‌ر وه‌ك قوتابی مه‌سیح ئازار بدرێن شه‌رم مه‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌سایه‌ی ئه‌و ناوه‌ ستایشی خودا بكه‌ن. چونكه‌ كاتی لێپرسینه‌وه‌ هاتووه‌و به‌خانه‌واده‌ی خودا ده‌ست پێ‌ده‌كات، گه‌ر به‌ئێمه‌وه‌ ده‌ست پێ‌بكات، باشه‌ ده‌بێ‌ كۆتایی ئه‌وانه‌ چی بێت كه‌ گوێڕایه‌ڵی مزگێنی خودا نین. كتێبی پیرۆز ده‌ڵێ‌: [[گه‌ر مرۆڤی ڕاست‎ودروست به‌هه‌وڵ‎و كۆشش ڕزگاری ببێ‌، ده‌بێ‌ چاره‌نووسی گوناهبارو خوانه‌ناس چی بێ‌؟]] بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی ئازار ده‌درێن به‌گوێره‌ی خواستی خودا، باخۆیان بده‌نه‌ ده‌ست دروستكه‌ری سه‌رڕاست له‌چاكه‌ كردن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.