Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم پەترۆس 3

گوێڕایه‌ڵی ناو ماڵ

هه‌روه‌ها ئێوه‌ش ئه‌ی ژنه‌كان گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كانتان بن، گه‌ر هاتوو هه‌ندێكیان گوێڕایه‌ڵی ووشه‌ی خودا نه‌بوون، ئه‌وا ژنه‌كانیان ده‌توانن بیانهێنن بۆ باوه‌ڕ ته‌نها به‌ڕه‌وشتیان‏و به‌بێ‌ ووشه‌، كاتێ‌ ئه‌وان ترس‎و ڕێزو ڕه‌وشتی پاكتان ببینن. هه‌روه‌ها جوانیتان باجوانی ده‌ره‌كی نه‌بێت وه‌ك ئه‌گریجه‌ی قژو زێڕ به‌خۆوه‌كردن‏و جلی باش له‌به‌ركردن، به‌ڵكو با جوانیتان له‌ناو دڵتان شاراوه‌ بێ‌، گه‌وهه‌رێكی له‌ناونه‌چوو، ڕۆحێكی نیان‏و ئارام، ئه‌وه‌ی لای خودا زۆر گرانبه‌هایه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ژنه‌ پیرۆزه‌كان له‌كۆنا خۆیان به‌وه‌ جوان ده‌كرد، پشتیان به‌خودا به‌ست‎بوو، گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كانیان بوون، وه‌ك چۆن ساره‌ گوێڕایه‌ڵی ئیبراهیم بوو، به‌گه‌وره‌ بانگیده‌كرد. ئێوه‌ش ئێستا كچی ئه‌ون گه‌ر كرده‌وه‌تان باش بێت‏و هیچ شتێك نه‌تانترسێنێ‌.

ئێوه‌ش ئه‌ی مێرده‌كان به‌شێوه‌یه‌ك بژین هه‌ستی ژنه‌كانتان له‌به‌رچاو بگرن، ڕێزیان بگرن، وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی لاوازتر به‌شداریتان ده‌كه‌ن له‌میراتی به‌ره‌كه‌تی ژیان، تاكو نوێژه‌كانتان كۆسپی تێ‌نه‌كه‌وێت.

به‌رگه‌گرتنی ئازار له‌ پێناوی ڕاستی

له‌كۆتاییدا، با هه‌مووتان یه‌ك بیروڕاتان هه‌بێ‌، یه‌ك هه‌ست‏و خۆشه‌ویستی برایانه‌تان هه‌بێ‌، به‌زه‌ییدارو ڕۆح سووك بن. وه‌ڵامی خراپه‌ به‌خراپه‌ مه‌ده‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها جنێو به‌جنێو، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ داوای پیرۆزی بكه‌ن‏و بزانن ئێوه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگ كراون، تاكو ببن به‌میراتگری پیرۆزی. چونكه‌ [[ئه‌وه‌ی بیه‌وێ‌ خۆشه‌ویستی ژیان‏و ڕۆژانی باش ببینێ‌، با زمانی له‌خراپه‌و لێوه‌كانی له‌فێڵبازی بپارێزێ‌، با واز له‌خراپه‌ بهێنێت‏و چاكه‌ بكات، با به‌دوای ئاشتیدا بگه‌ڕێ‌و هه‌وڵی بۆ بدات. چونكه‌ چاوه‌كانی خوداوه‌ند له‌سه‌ر ڕاست‏ودروستانه‌و گوێی بۆ نوێژه‌كانیان ڕاگرتووه‌. به‌ڵام ڕووی خۆی وه‌رگێڕاوه‌ له‌به‌دكاران.]] كه‌واته‌ كێ‌ ئازارتان ده‌دات گه‌ر ئێوه‌ دڵگه‌رم بوون بۆ چاكه‌؟ به‌ڵام گه‌ر ئازارتان چێژت له‌پێناوی ڕاست‎ودروستی، ئه‌وا خۆزگه‌تان پێ‌ده‌خوازرێ‌. [[له‌وه‌ش مه‌ترسن كه‌ ئه‌وان لێی ده‌ترسن‎، مه‌تۆقن.]] به‌ڵكو مه‌سیح پیرۆز بكه‌ن له‌دڵتان‏و وه‌ك خوداوه‌ند ڕێزی لێ‌بگرن، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ئاماده‌بن بۆ وه‌ڵام‏دانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێك بپرسێ‌ سه‌باره‌ت به‌م هیوایه‌ی له‌ئێوه‌ دایه‌، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن با به‌رۆح‎سووكیو ڕێز بێت. هه‌روه‌ها ویژدانێكی باشتان هه‌یه‌، تا كاتێ‌ جنێوتان پێدراو ئه‌وانه‌ی به‌خراپه‌ باسی ڕه‌وشته‌ باشه‌كانتان ده‌كه‌ن كه‌ له‌مه‌سیح دایه‌، شه‌رمه‌زار بن. بۆیه‌ باشتره‌ له‌به‌ر كرده‌وه‌ی باش ئازار بدرێن، گه‌ر خواستی خودای له‌گه‌ڵ بێ‌، نه‌ك كرده‌وه‌ی خراپ. چونكه‌ مه‌سیح له‌پێناوی گوناه‌ جارێك بۆ هه‌مووان مرد، واته‌ بێتاوان بۆ تاوانباران مرد، تا له‌خودامان نزیك‏بكاته‌وه‌، مردوو به‌له‌ش‏و زیندوو به‌ڕۆح، ئه‌وه‌ی ڕۆیشت‎و مزگێنی به‌ڕۆحه‌ به‌ندكراوه‌كان‏دا، ئه‌وانه‌ی له‌كۆنا یاخیبوون، كاتێ‌ خودا به‌ له‌خۆبووردوویی چاوه‌ڕوان بوو له‌ڕۆژانی نوح، له‌كاتی دروست‏كردنی كه‌شتیه‌كه‌، ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی كه‌م، واته‌ ته‌نها هه‌شت كه‌س تیایدا ڕزگار بوون له‌ناو ئاو. ئه‌مه‌ش هێمای له‌ئاوهه‌ڵكێشانه‌، كه‌ ئێستا ئێوه‌ ڕزگار ده‌كات، نه‌ك به‌سڕینه‌وه‌ی پیسی له‌ش، به‌ڵكو به‌ په‌یمانی ویژدانێكی پاك له‌گه‌ڵ خودا، به‌هۆی هه‌ستانه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح له‌نێو مردووان، ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئاسمان ڕۆیشت‎و له‌ده‌سته‌ ڕاستی خودا دانیشت، فریشته‌كان‏و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان‎و به‌هێزه‌كان ملكه‌چن بۆی.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.