Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم یۆحەنا 4

تاقی‏كردنه‌وه‌ی ڕۆح

خۆشه‌ویستان، بڕوا به‌هه‌موو ڕۆحێك مه‌كه‌ن، به‌ڵكو تاقییان بكه‌نه‌وه‌ بزانن ئه‌وانه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ن، چونكه‌ زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن هاتوونه‌ته‌ جیهان. ڕۆحی خودا به‌مه‌ ده‌ناسنه‌وه‌: هه‌ر ڕۆحێك دان به‌وه‌ بنێت كه‌ عیسای مه‌سیح له‌ له‌شه‌وه‌ بۆ جیهان هاتووه‌، ئه‌و ڕۆحه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌، هه‌ر ڕۆحێكیش دان به‌عیسا نه‌نێت له‌لایه‌ن خوداوه‌ نییه‌. ئه‌و ڕۆحه‌ دژه‌مه‌سیحه‌ بیستوتانه‌ دێت‎و ئێستا هاتووه‌ته‌ جیهان.

ئێوه‌ سه‌ر به‌خودان ئه‌ی ڕۆڵه‌ بچووكه‌كان، ئێوه‌ ئه‌و ڕۆحانه‌تان به‌زاندووه‌، چونكه‌ ئه‌و ڕۆحه‌ی له‌ئێوه‌دایه‌ مه‌زنتره‌ له‌و ڕۆحه‌ی له‌جیهاندایه‌. ئه‌و ڕۆحانه‌ سه‌ر به‌جیهانن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن سه‌ر به‌جیهانه‌و جیهان گوێیان لێ‏ده‌گرێت. به‌ڵام ئێمه‌ سه‌ر به‌خوداین‎و ئه‌وه‌ی خودا بناسێت گوێمان لێ‏ده‌گرێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌خودا نه‌بێت گوێمان لێ‏ناگرێت، به‌مه‌ ڕۆحی ڕاست‎و ڕۆحی گومڕایی ده‌ناسین.

خودا خۆشه‌ویستییه‌

خۆشه‌ویستان، بایه‌كتریمان خۆش بوێت، چونكه‌ خۆشه‌ویستی له‌خوداوه‌یه‌و ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی خۆش بوێت خودا ده‌ناسێت‎و له‌خودا بووه‌. ئه‌وه‌ش به‌رامبه‌ره‌كه‌ی خۆش نه‌وێت خودا ناناسێت، چونكه‌ خودا خۆشه‌ویستییه‌. به‌م شێوه‌یه‌ خۆشه‌ویستی خودا له‌نێوانمان ڕاگه‌ێنرا، كه‌ ڕۆڵه‌ تاقانه‌كه‌ی خۆی نارده‌ جیهان تا به‌هۆیه‌وه‌ بژین. خۆشه‌ویستی له‌مه‌ دایه‌، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی خودامان خۆش‏ویستووه‌، به‌ڵكو ئه‌و خۆشیویستووین‎و ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی نارد تا ببێته‌ كه‌فاره‌تی گوناهه‌كانمان.

خۆشه‌ویستان گه‌ر خودا به‌م شێوه‌یه‌ ئێمه‌ی خۆش‏ویستبێت، پێویسته‌ له‌سه‌رمان یه‌كتریمان خۆش بوێت. كه‌س هه‌رگیز خودای نه‌دیوه‌ گه‌ر یه‌كتریمان خۆش‏بوێت خودا ده‌چه‌سپێت له‌ناومان‏و خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی له‌ناومان ته‌واوه‌.

به‌م شێوه‌یه‌ ده‌زانین ئێمه‌ له‌خودا ده‌چه‌سپێین‎و ئه‌ویش له‌ئێمه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ڕۆحی خۆی پێمانی داوه‌. ئێمه‌ش بینیمان‏و شایه‌تی ده‌ده‌ین باوكی ئاسمانی ڕۆڵه‌ی وه‌ك ڕزگاركه‌ری جیهان ناردووه‌. ئه‌وه‌ی دان بنێت عیسا ڕۆڵه‌ی خودایه‌، خودا له‌ئه‌ودا ده‌چه‌سپێت‎و ئه‌ویش له‌خودا. ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی خودا كه‌ تیاماندایه‌ ناسیوومانه‌و باوه‌ڕمان پێیكردووه‌.

خودا خۆشه‌ویستییه‌و ئه‌وه‌ی له‌خۆشه‌ویستی بچه‌سپێت له‌خودا ده‌چه‌سپێت‎و خوداش له‌ئه‌ودا ده‌چه‌سپێت. خۆشه‌ویستی به‌م شێوه‌یه‌ تیامان ته‌واوه‌، تا له‌ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ باوه‌ڕمان به‌خۆمان هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و چۆن بوو ئێمه‌ وه‌ك ئه‌و له‌م جیهانه‌داین. خۆشه‌ویستی ترسی تیادا نییه‌، به‌ڵكو خۆشه‌ویستی ته‌واو ترس ده‌رده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ترس له‌سزا دایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بترسێت، له‌خۆشه‌ویستی ته‌واو نه‌بووه‌.

ئێمه‌ خۆشه‌ویستیمان تیادایه‌، چونكه‌ ئه‌و پێشتر خۆشیویستووین. گه‌ر بێتوو یه‌كێك بڵێت: (خودام خۆش ده‌وێت)و ڕقی له‌براكه‌ی بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ درۆزنه‌، چونكه‌ گه‌ر یه‌كێك براكه‌ی خۆی خۆش‏نه‌وێت كه‌ ده‌یبینێ‌، چۆن ده‌توانێ‌ خودای خۆش بوێت كه‌ نه‌یبینیوه‌. ئێمه‌ له‌ئه‌وه‌وه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌مان پێ‌دراوه‌، ئه‌وه‌ی خودای خۆش‏بوێت پێویسته‌ براكه‌ی خۆش‏بوێت.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.