Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم کۆرنسۆس 4

نێرراوانی مه‌سیح

به‌م شێوه‌یه‌ باخه‌ڵكی به‌خزمه‌تكاری مه‌سیح‏و هه‌ڵگری نهێنییه‌كانی خودامان دابنێ‌. له‌مه‌ش زیاتر ئه‌وه‌ی داوا ده‌كرێ‌ له‌وانه‌ی هه‌ڵگری نهێنین دڵسۆزییه‌. من به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌ گه‌ر ئێوه‌ حوكمم به‌سه‌ر بده‌ن یاخود هه‌ر دادگایه‌كی مرۆڤانه‌، ته‌نانه‌ت خۆشم حوكم به‌سه‌رخۆم ناده‌م. جا كه‌ ویژدانم به‌شتێك ئازاری نه‌دام، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ بێ‌تاوانم، چونكه‌ خوداوه‌نده‌ ئه‌وه‌ی حوكمم به‌سه‌ر ده‌دا. كه‌واته‌ پێش كاته‌كه‌ حوكم ‎مه‌ده‌ به‌سه‌ر كه‌س، هه‌تا خوداوه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕووناكی ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی ئێستا له‌تاریكی شاراوه‌یه‌و نیازی دڵ ده‌رده‌خات، ئه‌و كاته‌ هه‌ر كه‌سه‌‏و به‌پێی كرداری خۆی له‌لایه‌ن خوداوه‌ ستایش ده‌كرێ‌.

ئه‌ی برایان، من خۆم‏و ئه‌پۆلۆسم بۆ كردن به‌نموونه‌ تا بۆتان ڕوون‎بێته‌وه‌و له‌ئێمه‌وه‌ ‏فێربن مه‌به‌ست چییه‌ له‌وه‌ی، كه‌س له‌سه‌رووی ئه‌‏وه‌ی له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌ نه‌ڕوات، جا له‌به‌رئه‌وه‌ با كه‌س له‌ناوتان لووت‏به‌رز نه‌بێ‌ به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌. كێ‌ تۆی به‌زیاتر داناوه‌ له‌خه‌ڵكیتر؟ ئایا تۆ چیت هه‌یه‌ وه‌رتنه‌گرتبێ‌؟ كه‌واته‌، گه‌ر وه‌رتگرتبێ‌، بۆ شانازی ده‌كه‌یت وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رتنه‌گرتبێ‌؟ ئێستا ئێوه‌ تێربوون‎و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون! بوون به‌ پادشا به‌بێ‌ ئێمه‌. خۆزگه‌ ئێوه‌ به‌ڕاستی پادشا بوونایه‌ ئه‌وسا له‌گه‌ڵتان به‌شداری حوكمڕانیمان ده‌كرد! من له‌و باوه‌ڕه‌دام خودا به‌‏ئێمه‌ی نێرراو، له‌ناو خه‌ڵك نزمترین شوێنی پێ‌داوین، وه‌ك یه‌كێك له‌به‌ر چاوی فریشته‌و مرۆڤ‎و جیهان، به‌ئاشكرا حوكمی مردنی به‌سه‌ر درابێ‌. ئێمه‌ له‌پێناوی عیسا خه‌ڵك به‌ نه‌زان سه‌یرمان ‎ده‌كات، به‌ڵام ئێوه‌ به‌هۆی عیساوه‌ خه‌ڵكی به‌دانا سه‌یرتان ده‌كات. ئێمه‌ لاواز بووین به‌ڵام ئێوه‌ به‌هێزبوون، ئێوه‌ ڕێزتان لـێ‌ده‌گیرێ‌ به‌ڵام ئێمه‌ به‌چاوی سووكه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێین. تا ئێستا ئێمه‌ ئازاری برسیتی‏و تینوێتی‎و ڕووتی‏و لـێدان‏و بێ‌لانه‌یی ده‌چێژین. به‌ئاره‌قی ناوچه‌وان نان په‌یدا ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی جنێومان پێ‌ده‌دات داوای پیرۆزی بۆ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها كاتێ‌ ده‌مانچه‌وسێننه‌وه‌ دان‏به‌خۆمان ده‌گرین. هه‌ستمان بریندار ده‌كه‌ن‏، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ نه‌رم‎و نیانی وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه‌. وه‌ك زبڵی جیهان‏و پاشماوه‌ی هه‌موو خه‌ڵكمان لـێهاتووه‌.

من ئه‌مه‌ نانووسم تا شه‌رمه‌زارتان بكه‌م، به‌ڵكو ئامۆژگاریتان ده‌كه‌م وه‌ك منداڵی خۆشه‌ویستی خۆم. گه‌ر هاتوو ئێوه‌ هه‌زاران مامۆستاتان له‌مه‌سیح هه‌بێ‌، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌ینێ‌ باوكی زۆرتان هه‌یه‌. چونكه‌ من بووم به‌باوكی ئێوه‌ له‌عیسای مه‌سیحدا به‌هۆی مزگێنییه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ داواتان لـێ‌ده‌كه‌م لاسایی من بكه‌نه‌وه‌. له‌به‌ر هه‌مان ‎شت تیمۆساوسم بۆ ناردن، كوڕی خۆشه‌ویست‏و دڵسۆزم له‌‏خوداوه‌ند، ئه‌و ڕێبازی منتان بیرده‌خاته‌وه‌ له‌مه‌سیحدا، كه‌ من له‌هه‌موو شوێنێك له‌كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران فێری خه‌ڵكی ده‌كه‌م. هه‌ندێ‌ كه‌س له‌نێوانتان به‌ لووت‎به‌رزیه‌وه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون من ناێم بۆ لاتان. ‏به‌ڵام گه‌ر خوداوه‌ند خواستی له‌سه‌ربێ‌ به‌خێرایی دێم بۆ لاتـان، ئه‌وسـا بایه‌خ ناده‌م به‌ قسه‌ی ئه‌و لووت‏به‌رزانه‌، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ‌ توانای ئه‌وان بزانم. چونكه‌ پادشاهێتی خودا له‌سه‌ر قسه‌ ڕانه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر هێزو توانا. كه‌واته‌ كامه‌تان ده‌وێ‌؟ به‌دارو قامچی بۆ لاتان بێم یاخود به‌‏خۆشه‌ویستیو ڕۆحی میهره‌بانی؟

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.