Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم کۆرنسۆس 3

دووبه‌ره‌كی له‌كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌رداران

ئه‌ی برایان، من نه‌متوانی وه‌ك مرۆڤی ڕۆحانی له‌گه‌ڵتان بدوێم، به‌ڵكو وه‌ك مرۆڤێك به‌پێی له‌ش بژی‎و هێشتا هه‌ر منداڵی ساوا بێ‌ له‌ ‏مه‌سیح. له‌جیاتی خواردن شیرم داونه‌تێ‌ نه‌ك خواردنی ته‌واو، چونكه‌ ئێوه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و خواردنه‌تان نه‌ده‌گرت، ئێستاش به‌رگه‌ی ناگرن. جا ئێوه‌ هێشتا هه‌ر به‌پێی له‌ش ده‌ژین. ئایا ئه‌و چاوپیسی‏و دووبه‌ره‌كایه‌تیه‌ی له‌نێوانتان هه‌یه‌ ده‌ریناخات ئێوه‌ وه‌ك خه‌ڵك هێشتا به‌پێی له‌ش بیرده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ژین؟ كاتێ‌ یه‌كێكتان ده‌ڵێ‌: (من له‌گه‌ڵ پۆڵسم)‏، ئه‌وی دیكه‌ ده‌ڵێ‌: (من له‌گه‌ڵ ئه‌پۆلۆسم)، ئایا لێره‌دا ئێوه‌ به‌پێی له‌ش ناژین؟

پۆڵس یاخو‏د ئه‌پۆلۆس كێیه‌؟ ئه‌وان ته‌نها خزمه‌تكاری خودان، ئێوه‌ به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ باوه‌ڕتان هێناوه‌. جا هه‌ریه‌ك‎و به‌پێی ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند پێی‎به‌خشیوه‌. من چاندم‏و ئه‌پۆلۆس ئاویدا، به‌ڵام خودا بوو پێی‏گه‌یاند. كاری چێنه‌رو ئاوده‌ر ئه‌وه‌نده‌ گرنگ ‎ نییه‌، به‌ڵكو گرنگی بۆ خودایه‌ كه‌ پێیده‌گه‌ینێ‌. جیاوازی له‌نێوان چێنه‌رو ئاوده‌ر نییه‌، هه‌ریه‌كه‌ كرێی خۆی وه‌رده‌گرێ‌ به‌پێی كارو ماندووبوونی خۆی. كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خودا كار ده‌كه‌ین‏، ئێوه‌ش كێڵگه‌ی خوداو خانووی خودان. ئیتر به‌پێی ئه‌و به‌ره‌كه‌ته‌ی خودا پێی به‌خشیوم، بناغه‌م دانا وه‌ك وه‌ستایه‌كی لـێهاتوو، ئه‌وسا خه‌ڵكی تر له‌سه‌ری دروست‎ ده‌كات. جا با هه‌ر یه‌كه‌ ئاگاداربێ‌ چۆن له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ دروست ده‌كات، ئه‌و بناغه‌ی لای ئێوه‌ دانراوه‌، عیسای مه‌سیحه‌، كه‌س ناتوانێ‌ بناغه‌یه‌كی‏تر دابنێ‌. به‌ڵام گه‌ر یه‌كێك له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ به‌زێڕ یا به‌زیوو یا به‌ به‌ردی گرانبه‌ها، یاخود به‌دارو پووش‏وكا دروست بكات. ئه‌و كاته‌ كاری هه‌ر یه‌كێك ده‌رده‌كه‌وێ‌، چونكه‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ ئاشكرای ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرداری هه‌ر یه‌كێك به‌ئاگر ڕاده‌گه‌ێنرێ‌و به‌ ئاگر تاقی ده‌كرێته‌وه‌. ئیتر هه‌ر یه‌كێك كرداری له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا پاداشت وه‌رده‌گرێ‌. گه‌ر كرداری یه‌كێك سووتا، ئه‌وا زیانی پێ‌ده‌گات‏، خۆی ڕزگار ده‌بێ‌، به‌ڵام وه‌ك یه‌كێك به‌ناو ئاگردا چوو بێ‌.

ئایا نازانن ئێوه‌ په‌رستگای خودان‏و ڕۆحی خوداتان تیادا نیشته‌جێیه‌؟ ئه‌وه‌ی په‌رستگای خودا بڕوخێنێ‌، خوداش ئه‌و تێك ‎ده‌دات. چونكه‌ په‌رستگای خودا پیرۆزه‌، ئێوه‌ش خۆتان ئه‌و په‌رستگایه‌ن. ئاگاداربن كه‌ستان خۆی هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنێ‌. گه‌ر یه‌كێك له‌‏نێوانتان خۆی به‌دانا زانی له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ده‌بێ‌ ببێ‌ به‌نه‌زان هه‌تا به‌ڕاستی ببێ‌ به‌دانا. چونكه‌ هه‌موو دانایی ئه‌م جیهانه‌ له‌به‌رچاوی خودا گێلایه‌تییه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ كتێبی پیرۆز ده‌ڵێ‌: [[خودا داناكان به‌زیره‌كی‏و فێڵبازی خۆیانه‌وه‌ ده‌گرێ‌.]] هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌: [[خوداوه‌ند ده‌زانێ‌ بیركردنه‌وه‌ی داناكان پڕو پووچه‌.]] كه‌واته‌، كه‌س شانازی به‌ مرۆڤ نه‌كات، چونكه‌ هه‌موو شتێك بۆ ئێوه‌یه‌، گه‌ر پۆڵس بێ‌ یاخود ئه‌پۆلۆس یان په‌ترۆس، هه‌روه‌ها جیهان یاخود ژیان یان‎ مردن له‌گه‌ڵ ئێستاو داهاتوودا، ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ ئێوه‌یه‌. به‌ڵام ئێوه‌ خۆتان هی مه‌سیحن، مه‌سیحیش هی خودایه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.