Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یەکەم کۆرنسۆس 10

فێربوون له‌مێژووی ئیسرائیل

برایان ده‌مه‌وێ‌ ئێوه‌ بزانن، باوباپیرانمان هه‌موویان له‌ژێر هه‌وردا بوون‏و هه‌مووشیان ده‌ریای سووریان بڕی. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌‏ده‌ریاو له‌ژێر هه‌وردا بوون وه‌ك قوتابیانی موسا له‌ئاوهه‌ڵكێشران، هه‌مووشیان یه‌ك جۆره‌ خواردنی ڕۆحیان خواردو هه‌موویان یه‌ك جۆره‌ ئاوی ڕۆحیان خوارده‌وه‌، چونكه‌ له‌و به‌رده‌ ڕۆحیه‌یان ده‌خوارده‌وه‌ كه‌ دوایان كه‌وتبوو، ئه‌و به‌رده‌ش مه‌سیح بوو. بــه‌ڵام خـودا له‌ زۆربه‌یان ڕازی نه‌بوو، ئیتر ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی فڕێدانیان له‌‏بیابان. ئــه‌م شــتانه‌ ڕوویدا تاكو ببێ‌ به‌نموونه‌یه‌ك بۆمان، ئاره‌زووی كــاری خـراپ نه‌كه‌ین، هه‌روه‌ك ئه‌وان ئاره‌زوویان‎كرد، نابێ‌ ئێمه‌ ببین به‌ بت‎په‌رست وه‌ك هه‌ندێ‌ له‌وان، چونكه‌ له‌كتێبی پیرۆز‏دا نووسراوه‌: [[گه‌ل دانیشـتن بۆ خواردن‏و خواردنه‌وه‌، ئینجا هه‌ستانه‌وه‌و كه‌وتنه‌ سه‌ماكردن.]] هه‌روه‌ها نابێ‌ خۆمان بده‌ینه‌ ده‌ست داوێن‎پیسی وه‌ك هه‌ندێكیان كردیان. ‏لێره‌ ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌رۆژێكدا بیست‎وسێ‌ هه‌زار كه‌سیان لـێ‌ بمرێ‌‏. هه‌روه‌ها نابێ‌ مه‌سیح تاقیبكه‌ینه‌وه‌ وه‌ك هه‌ندێكیان كردیان، ئیتر هه‌موویان به‌مار له‌ناوچوون. بێزاری ده‌رمه‌بڕن ‏وه‌ك هه‌ندێكیان كردیان، ئه‌وسا ئه‌وه‌بوو فریشته‌ی له‌ناوبه‌ر له‌ناوی بردن. ئه‌م شتانه‌ هه‌مووی ده‌بێ‌ به‌ئاگاداریه‌ك بۆ ئێمه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ ئامۆژگاریكردنه‌وه‌ی ئێمه‌ نووسراوه‌، كه‌ كۆتایی جیهان لێمان ‎نزیك‎ بووه‌ته‌وه‌. ئیتر ئه‌وه‌ی له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كـه‌وا خۆی ڕاگرتووه‌، بائاگای له‌خۆی بێ‌ نه‌كه‌وێ‌‏. هه‌ر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كتان تووش بێ‌ ئه‌وه‌ مرۆڤانه‌یه‌، به‌ڵام خودا پشتی پێ‌ ده‌به‌سترێ‌و نایه‌ڵێ‌ زیاتر له‌توانای خۆتان تاقیبكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌‏كاتی تاقیكردنه‌وه‌دا ڕێگایه‌كتان بۆ ده‌كاته‌وه‌ تاكو بتوانن به‌رگه‌ بگرن. له‌به‌رئه‌وه‌، ئه‌ی خۆشه‌ویستانم، له‌‏بت‎په‌رستی دووركه‌ونه‌وه‌.

چۆن له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتوان ده‌دوێم، ئاواش له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ده‌دوێم، جا ئێوه‌ حوكم‎بده‌ن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌یڵێم: ئایا ئه‌و جامه‌ پیرۆزه‌ی پیرۆزی ده‌كه‌ین به‌شداری نییه‌ له‌خوێنی مه‌سیح؟ یاخود ئه‌و نانه‌ی له‌تی ده‌كه‌ین به‌شداری نییه‌ له‌ له‌شی مه‌سیح؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ك نان هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆرین، یه‌ك له‌شین، چونكه‌ هه‌موومان به‌شداری له‌‏یه‌ك نان ده‌كه‌ین. سه‌یری ئیسرائیل بكه‌ن له‌باره‌ی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌: ئایا ئه‌وه‌ی قوربانی ده‌خوات له‌‏قوربانگه‌دا به‌شدار نییه‌؟ كه‌واته‌ مه‌به‌ستم چییه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ی بۆ بت سه‌ربڕاوه‌ به‌نرخه‌ یاخود بته‌كه‌ خۆی به‌نرخه‌؟ نه‌خێر، چونكه‌ ئه‌وه‌ی بت‎په‌رسته‌كان سه‌ریده‌بڕن بۆ ڕۆحه‌ پیسه‌كان سه‌ریده‌بڕن نه‌ك بۆ خودا. نامه‌وێ‌ ئێوه‌ به‌شداریتان هه‌بێ‌ له‌گه‌ڵ ڕۆحه‌ پیسه‌كان. ئێوه‌ ناتوانن له‌یه‌ك ‎كاتدا له‌جامی خوداوه‌ندو له‌‏جامی ڕۆحه‌ پیسه‌كان بخۆنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ناتوانن له‌یه‌ك ‎كاتدا به‌شداری خوانی خوداوه‌ندو خوانی شه‌یتان بكه‌ن، یاخود ده‌مانه‌وێ‌ توڕه‌ییخوداوه‌ند هه‌ستێنین؟ ئایا ئێمه‌ له‌و به‌هێزترین؟

‏هه‌موو شتێك بۆ شكۆی خودایه‌

ئێوه‌ ده‌ڵێن (هه‌موو شتێك دروسته‌) به‌ڵام هه‌موو شتێك سوود به‌خش نییه‌، ده‌ڵێن (هه‌موو شتێك دروسته‌) به‌ڵام هه‌موو شتێك بنیادنه‌ر نییه‌. با كه‌ستان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌گه‌ڕێ‌، به‌ڵكو به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی نزیكه‌كه‌ی بگه‌ڕێ‌. ئه‌و گۆشته‌ی له‌بازار ده‌فرۆشرێ‌ بیخۆن، ئه‌وه‌نده‌ پرسیار مه‌كه‌ن له‌پێناوی ویژدانتان. چونكه‌ زه‌وی‏و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ریه‌تی هی خوداوه‌نده‌. گه‌ر هاتوو بێ‌باوه‌ڕێك داوه‌تیكردن‏و ئێوه‌ش ڕازیبوون بڕۆن، ئه‌وسا هه‌رچیه‌كتان پێشكه‌ش ‎ده‌كات بیخۆن، بێ‌ پرسیاركردن‏، له‌به‌ر ویژدان. به‌ڵام گه‌ر هاتوو یه‌كێك پێی ووتن: (ئه‌م خواردنه‌ له‌ قوربانی پێشكه‌ش‏كراوی بته‌.) ئه‌وسا لێیمه‌خۆن، له‌به‌ر ئه‌و كه‌سه‌و ڕازی كردنی ویژدان، ‏مه‌به‌ستم له‌ویژدانی ئێوه‌ نییه‌، به‌ڵكو ویژدانی ئه‌وی دیكه‌، جا بۆچی سه‌ربه‌ستی له‌لایه‌ن یه‌كێكیتر حوكمی به‌سه‌ر بدرێ‌؟ گه‌ر خواردنێكم خواردو سوپاسی خودام له‌سه‌ری ‎كرد، ئیتر بۆچی یه‌كێكی دیكه‌ به‌خراپه‌ باسم بكات له‌سه‌ر شتێك سوپاسی خودای له‌سه‌ر ده‌كه‌م‏؟ گه‌ر خواردتان‏و خواردتانه‌وه‌ یان هه‌ر شتێكتان‎كرد، با هه‌موو شتێكتان له‌پێناوی شكۆمه‌ندی خودا بێ‌. مه‌بن به‌كۆسپ له‌ڕێگای جووله‌كه‌ یا یۆنانی یاخود كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕدارانی خودا. به‌هه‌مان شێوه‌ منیش هه‌وڵی ڕازیكردنی هه‌مووان ده‌ده‌م له‌هه‌موو شتێك، بایه‌خ ناده‌م به‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆم، به‌ڵكو بایه‌خ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی زۆربه‌ی خه‌ڵكی تر ده‌ده‌م، تاكو ڕزگاریان‎ بێ‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.