Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ڕۆما 10

ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە. شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە. لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان1 لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون. بەڵام مەسیح تەواوکەری شەریعەتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.

ڕزگاری بۆ هەمووان

موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی شەریعەتی تەوراتە دەنووسێت: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾2 بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی بە باوەڕە، ئاوا دەفەرموێ: ﴿لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»﴾3 بە واتای ئەوەی کە مەسیح بهێنێتە خوارەوە، ﴿یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»﴾4 بە واتای ئەوەی کە مەسیح لەناو مردووان سەربخات. بەڵام چی دەفەرموێ؟ ﴿پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،﴾5 ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین: ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت. لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە. هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.﴾6 جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، چونکە ﴿هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.﴾7

ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟ هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: ﴿چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!﴾8

بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟﴾9 کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە. بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بێگومان گوێیان لێ بوو!

﴿پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت،

وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.﴾10

بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت:

﴿من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،

بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.﴾11

بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت:

﴿دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان،

دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.﴾12

بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت:

﴿بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.﴾13

Source notes (13)
  1. Footnote یۆنانی: ڕاستودروستی.‏
  2. Footnote لێڤییەکان 18‏:5.‏ ‏
  3. Footnote دواوتار 30‏:12‏ .‏
  4. Footnote دواوتار 30‏:13‏ .‏
  5. Footnote دواوتار 30‏:14‏ .‏
  6. Footnote ئیشایا 28‏:16.‏ ‏
  7. Footnote یۆئێل 2‏:32.‏ ‏
  8. Footnote ئیشایا 52‏:7.‏ ‏
  9. Footnote ئیشایا 53‏:1.‏ ‏
  10. Footnote زەبوورەکان 19‏:4.‏ ‏
  11. Footnote دواوتار 32‏:21‏ .‏
  12. Footnote ئیشایا 65‏:1.‏ ‏
  13. Footnote ئیشایا 65‏:2.‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.