Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ڕۆما 9
ئایا بەڵێنەکانی خودا نایەنە دی؟
مەسیح شایەتمە کە ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، ویژدانیشم بە ڕۆحی پیرۆز ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە زۆر دڵتەنگم و ئازارێکی بێ بڕانەوەم لە دڵدایە. خۆزگە خۆم نەفرەتم لێ بکرایە و لە مەسیح بێبەش بوومایە، لە پێناوی برایانم، هاونەژادەکانم، ئیسرائیلییەکان. لەخۆگرتنەوە1 و شکۆ و پەیمانەکان و وەرگرتنی تەورات و ڕێوڕەسمەکانی پەرستن2 و بەڵێنەکان هی ئەوانە. باوکانیش هی ئەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەوەی لە سەرووی هەمووانە، هەتاهەتایە خودایەکی پیرۆزە! ئامین.
واتای ئەوە نییە کە فەرمایشتی خودا کاریگەری نەماوە، چونکە هەموو ئەوانەی لە نەوەی ئیسرائیلن، گەلی هەڵبژێردراوی خودا3 نین. هەروەها هەموو ئەوانەی نەوەی ئیبراهیمن، منداڵی ئەو نین، بەڵکو: ﴿لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.﴾4 واتا ئەو منداڵانەی کە بە خواستی مرۆڤانە بوون، منداڵی خودا نین، بەڵکو ئەو منداڵانەی کە بە بەڵێنی خودا بوون، ئەوانە بە نەوەی ئیبراهیم دادەنرێن، چونکە وتەی بەڵێنەکە ئەمەیە: ﴿لە کاتی دیاریکراو دێمەوە و ساراش کوڕێکی بووە.﴾5
نەک تەنها ئەمە، بەڵکو ڕڤقەش لە یەکێک سکی کرد کە ئیسحاقی باوکمانە. بۆ ئەوەی خواستی خودا لە هەڵبژاردندا بچەسپێت کە بە کردار نییە، بەڵکو بەو بانگهێشتەیە کە خۆی دەیکات، بەر لەوەی لەدایک بن و چاکە و خراپە بکەن، خودا بە دایکیانی فەرموو: ﴿گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.﴾6 وەک نووسراوە: ﴿یاقوبم خۆشویست بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە.﴾7
بەزەیی خودا
کەواتە چی بڵێین؟ ئایا خودا دادپەروەر نییە؟ حاشا! چونکە بە موسا دەفەرموێ:
﴿میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و
بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.8﴾9
کەواتە، بە ئارەزووی یەکێک و هەوڵدانی یەکێک نییە، بەڵکو لە خوداوەیە کە بەزەیی هەیە. نووسراوە پیرۆزەکە بە فیرعەون دەفەرموێ: ﴿لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆم لە تۆدا دەربخەم، تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.﴾10 کەواتە خودا بەزەیی بەوە دێتەوە کە دەیەوێت و ئەوەش دڵڕەق دەکات کە دەیەوێت.
ئینجا پێم دەڵێی: «ئیتر بۆچی خودا هێشتا خەتابارمان دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دژی خواستی ئەو ڕابوەستێت؟» ئەی مرۆڤ تۆ کێیت وەڵامی خودا دەدەیتەوە؟ ﴿ئایا دروستکراو بە دروستکەری دەڵێ: «بۆچی وا دروستت کردم؟»﴾11 ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕدا نییە لە هەمان قوڕ دەفرێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟
بەڵام چی دەبێت ئەگەر خودا بیەوێت تووڕەیی دەربخات و توانای خۆی ئاشکرا بکات، بە پشوودرێژی زۆرەوە بەرگەی ئەو دەفرانەی تووڕەیی بگرێت کە بۆ لەناوبردن ئامادە کراون؟ چی دەبێت ئەگەر ئەمە بکات تاکو دەوڵەمەندی شکۆی خۆی لەسەر ئەو دەفرانەی بەزەیی ئاشکرا بکات کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردوون؟ لەناو ئەواندا ئێمەشی بانگکردووە، نەک تەنها لە جولەکە، بەڵکو لە نەتەوەکانیش. وەک لە هۆشەعدا دەفەرموێ:
﴿ئەوەی گەلی من نییە ناوی دەنێم گەلی خۆم و
ئەوەی خۆشەویست نییە بە خۆشەویست،﴾12 هەروەها
﴿لەو شوێنەی پێیان گوترا:
«ئێوە گەلی من نین،»
لەوێدا «بە ڕۆڵەکانی خودای زیندوو ناودەبردرێن.»﴾13
ئیشایاش دەربارەی ئیسرائیل هاوار دەکات:
﴿ئەگەر ژمارەی نەوەی ئیسرائیل بەقەد لمی دەریا بێت،
تەنها پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت،
چونکە یەزدان بە خێرایی دوا بڕیاری خۆی بەسەر زەویدا جێبەجێ دەکات.﴾14
وەک ئیشایا پێشتر گوتوویەتی:
﴿ئەگەر یەزدانی سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتباینایەوە،
وەک سەدۆممان15 لێ دەهات و لە عەمۆرا دەچووین.﴾16
کەواتە چی بڵێین؟ ئەو نەتەوانەی بۆ بێتاوانبوون کۆششیان نەکرد، بێتاوانبوونیان بەدەستهێنا، ئەو بێتاوانبوونەی بە باوەڕە. کەچی ئیسرائیل بە شەریعەتی تەورات کۆششیان کرد بۆ بێتاوانبوون، بەو شەریعەتە پێی نەگەیشتن. بۆچی؟ چونکە بە باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بنچینەی کردار بوو. ئەوسا بۆیان بوو بە کۆسپ و تەگەرە و ساتمەیان لێکرد، هەروەک نووسراوە:
﴿ئەوەتا بەردێک بۆ کۆسپ لە سییۆن دادەنێم،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە،
بەڵام ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.﴾17
Source notes (17)
- Footnote بڕوانە 8:15، 23.
- Footnote پەرستن لەناو پەرستگای ئۆرشەلیم.
- Footnote گەلی هەڵبژێردراوی خودا: گەلی ئیسرائیل.
- Footnote پەیدابوون 21:12.
- Footnote پەیدابوون 18:10،14.
- Footnote پەیدابوون 25:23.
- Footnote مەلاخی 1:2،3 .
- Footnote وەک ئەوەی خودا بە موسا دەفەرموێت: بە ویستی خۆمە کێی بمەوێت لەگەڵی میهرەبان و بە بەزەیی دەبم.
- Footnote دەرچوون 33:19
- Footnote دەرچوون 9:16
- Footnote ئیشایا 29:16؛ 45:9
- Footnote هۆشەع 2:23
- Footnote هۆشەع 1:10
- Footnote ئیشایا 10:22،23.
- Footnote بڕوانە پەیدابوون 18 و 19.
- Footnote ئیشایا 1:9
- Footnote ئیشایا 8:14 و ئیشایا 28:16
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.