Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 88
گۆرانییەک. زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. بەگوێرەی «ماحەلەت لعەنۆت». هۆنراوەیەکی هێیمانی ئەزراحی.
ئەی یەزدان، خودای ڕزگاریم،
شەو و ڕۆژ بەرامبەر بە تۆ هاوارم کرد.
با نوێژەکانم بگاتە بەردەمت،
گوێ بۆ هاوارم شل بکە.
گیانم پڕ خراپە بووە و
ژیانم لە جیهانی مردووان نزیک بووەتەوە.
وەک ئەوانە دانراوم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان،
وەک پیاوێکم لێهاتووە هێزی لەبەربڕابێت.
لەناو مردووان وازلێهێنراو،
وەک کوژراوەکانی ناو گۆڕ ڕاکشاو،
ئەوانەی ئیتر یادیان ناکەیتەوە،
ئەوانەی دەستت لێیان شوشتووە.
لەناو قووڵترین گۆڕ داتناوم،
لەناو جەرگەی تاریکی، لە قووڵایی.
تووڕەییت قورسە بەسەرمەوە،
شەپۆلەکانت ڕامدەماڵن.1
ناسیاوەکانمت لێ دوورخستمەوە،
قێزم لێ دەکەنەوە.
گیراوم و دەربازبوونم بۆ نییە،
بەهۆی ژێردەستەیی چاوم لە کزبوونە.
ئەی یەزدان، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم،
دەستم لە تۆ پان دەکەمەوە.
ئایا کاری سەرسوڕهێنەر بۆ مردووان دەکەیت؟
یان ڕۆحەکان هەڵدەستنەوە ستایشت بکەن؟
ئایا لەناو گۆڕ باسی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکرێت،
یان لە لەناوچوون2 باسی دڵسۆزییەکەت؟
ئایا لە تاریکایی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەناسرێت،
یان لە خاکی لەبیرچوون3 ڕاستودروستیت؟
ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
بەیانییان نوێژم بەرەو ڕووت دێت.
ئەی یەزدان، بۆچی گیانم ڕەت دەکەیتەوە،
ڕووی خۆتم لێ دەشاریتەوە؟
من لە منداڵییەوە کڵۆڵم و نزیکە مەرگم،
بەرگەی ترسەکانی تۆم گرت و سەرم لێ شێوا.
تووڕەیی تۆ بەسەر مندا تێپەڕی،
ترسی بەڵاکانی تۆ وێرانی کردم.
وەک لافاو بە درێژایی ڕۆژ دەوری داوم،
لە هەموو لایەکەوە دەوری گرتووم.
دۆست و خۆشەویستەکانت لێ دوورخستمەوە،
تاریکی بووە بە نزیکترین هاوڕێم.
Source notes (3)
- Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 10، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
- Footnote لەناوچوون: عیبری: ئەبەدۆن. لە پەیمانی نوێ ئەم وشەیە بە واتای (لەناوبەر) هاتووە، بڕوانە ئاشکراکردن 11:9 .
- Footnote شوێنی مردووان، کە چیتر خودا گرنگییان پێ نادات.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.