Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 89
هۆنراوەیەکی ئێیتانی ئەزراحی.
هەتاهەتایە گۆرانی بەسەر خۆشەویستی نەگۆڕی یەزداندا دەڵێم،
نەوە دوای نەوە بە دەمم دڵسۆزیت ڕادەگەیەنم.
هەروەک گوتم، هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕ بنیاد دەنرێت،
لە ئاسمان دڵسۆزیت چەسپاوە.
فەرمووت: «پەیمانم لەگەڵ هەڵبژاردەی خۆم بەستووە،
سوێندم بۆ داودی بەندەم خواردووە،
”هەتاهەتایە وەچەکەت دەچەسپێنم،
نەوە دوای نەوە تەختت بنیاد دەنێم.“»1
ئەی یەزدان، ئاسمان ستایشی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکات،
هەروەها لەناو کۆڕی پیرۆزانیش2 دڵسۆزیت.
لەناو هەورەکان کێ هاوتای یەزدانە؟
لەنێو فریشتەکانی ئاسمان کامەیان لە یەزدان دەچێت؟
خودا لەنێو ئەنجومەنی پیرۆزان زۆر سامناکە،
لە هەموو ئەوانەی دەوروبەری ترسناکترە.
ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، کێ وەک تۆ وایە؟
تۆ بەهێزیت، ئەی یەزدان، دڵسۆزیشت دەوری داویت.
دەسەڵاتت بەسەر هەڵچوونی دەریادا هەیە،
کە شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هێمنیان دەکەیتەوە.
وەک بریندارێکی سەخت ڕاهەبت3 پان کردەوە،
بە هێزی بازووت دوژمنەکانت پەرتەوازە کرد.
ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش،
گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە.
باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون،
تابۆر4 و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن.
بازووت هەیە لەگەڵ توانا،
دەستت بەهێزە، دەستی ڕاستت بەرزە.
ڕاستودروستی و دادپەروەری بناغەی تەختی تۆن،
خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی5 لەبەردەمی تۆ دەڕۆن.
خۆزگە بەو گەلە دەخوازرێ کە دەزانن چۆن پڕ بە دەنگیان هاواری شادی بکەن،
ئەی یەزدان، بە ڕووناکی ڕوخساری تۆ ڕێ دەکەن.
بەهۆی ناوی تۆوە بە درێژایی ڕۆژ شادمان دەبن،
بە ڕاستودروستی تۆ بەرز دەبنەوە،
چونکە تۆ شکۆمەندی و هێزی ئەوانیت،
ئێمە بە ڕەزامەندی تۆ بەهێز دەبین.
بێگومان قەڵغانمان هی یەزدانە،
پاشامان هی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
جارێکیان لە بینینێکدا6 قسەت کرد،
بە خۆشەویستانی خۆتت فەرموو:
«هێزم بە پاڵەوانێک بەخشی،
لەنێو گەل گەنجێکم بەرزکردەوە.
داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە،
بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد7.
ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت،
هەروەها بازووم بەهێزی دەکات.
دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت،
نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار.
لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم،
ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم.
دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە،
بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت.
وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت،
دەستی ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان.
هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی،
خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“
منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم،
بەرزترین لە پاشایانی زەوی.
هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم،
پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت.
هەتاهەتایە وەچەکەی دەچەسپێنم،
تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت.
«ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن،
ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر،
ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن،
ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن،
لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم،
بە لێدان گوناهەکانیان،
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە،
درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم.
پەیمانی خۆم ناشکێنم و
قسەی خۆم ناگۆڕم.
جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد،
درۆ لەگەڵ داود ناکەم.
هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و
تەختی وەک خۆر لەبەردەممە،
هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت،
ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.»
بەڵام تۆ ڕەتت کردەوە و وازت لێی هێنا،
لە دەستنیشانکراوەکەت8 تووڕەبوویت.
پەیمانەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت شکاند و
تاجەکەی ئەوت لە خۆڵ وەردا و گڵاوت کرد.
هەموو شووراکانیت ڕووخاند،
قەڵاکانیت کردە کاولگە.
هەموو ئەوانەی تێدەپەڕن تاڵانیان کرد،
لەلای دراوسێکانی9 ڕیسوا بوو.
دەستی ڕاستی دوژمنەکانیت بەرزکردەوە،
هەموو ناحەزەکانیت دڵشاد کرد.
دەمی شمشێرەکەیت هەڵگێڕایەوە و
لە جەنگدا سەرتنەخست.
شکۆمەندییەکەیت پووچەڵ کردەوە،
تەختی ئەوت فڕێدایە سەر زەوی.
ڕۆژگاری گەنجیت کورت کردەوە و
بەرگی شەرمەزاریت کردە بەری.
ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ ئایا بە تەواوی خۆت دەشاریتەوە؟
هەتا کەی تووڕەییت وەک ئاگر دادەگیرسێت؟
لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە.
ئادەمیزادت بۆ چ مەبەستێکی پووچ بەدیهێناوە؟
ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟
یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟
ئەی پەروەردگار، کوا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی جارانت،
کە بە دڵسۆزی خۆت سوێندت بۆ داود خوارد؟
پەروەردگار، شورەیی خزمەتکاری خۆت لەبیر بێت،
چۆن هی هەموو گەلانم لە باوەشی خۆم گرتووە،
ئەو سووکایەتییەی دوژمنەکانت، ئەی یەزدان،
ئەوەی بە ڕاستی بە نەوەکانی دەستنیشانکراوەکەت10 کرا.
هەر ستایش بۆ یەزدان، هەتاهەتایە.
ئامین و ئامین.
Source notes (10)
- Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 37 و 45 و 48، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
- Footnote هەندێک لە فریشتەکان لەبەردەم خودا ئامادە دەبن، خودا لە فەرمایشت و فەرمانەکانی دەکرێ ڕاوێژیان پێ بکات و گفتوگۆیان لەگەڵ بکات.
- Footnote مەبەست لە دڕندەی دەریایە کە ئاماژە بوو بۆ خراپە.
- Footnote کێوێکە لە ناوچەی جەلیل ئێستا پێی دەگوترێت ئەلگور.
- Footnote بڕوانە یۆحەنا 1:17 .
- Footnote بینین. خودا لە ڕێی پیشاندانی دیمەنێکەوە پەیامێک دەگەیەنێتە ئەو مرۆڤەی بییەوێت.
- Footnote دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەرکێکی ئایینی یان پاشایەتی ئەو کاتە بە چەورکردنی بووە بە ڕۆن.
- Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ یان مەشیح.
- Footnote مەبەستی گەلەکانی دراوسێی ئیسرائیلە.
- Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ یان مەشیح.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.