Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

پەندەکانی سلێمان 8

بانگەوازی دانایی

ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟

ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟

لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان،

لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.

لەلای دەروازەی شارەکان،

لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:

«ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم،

دەنگم بۆ ئادەمیزادە.

ساویلکەکان، فێری ژیری بن،

گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.

گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم،

کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.

ڕاستگۆیی وێردی دەممە،

خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.

قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن،

هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.

هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو،

ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.

تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو،

زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو،

چونکە دانایی لە یاقووت1 باشترە،

هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.

«من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم،

زانیاری و سەلیقەم هەیە.

ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت،

من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە،

لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.

ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن،

تێگەیشتن هی منە، هێز هی منە.

بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و

فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.

بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن،

بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.

من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ،

ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.

دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە،

ڕاستودروستی2 و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.

بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش،

دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.

بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم،

لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،

تاکو سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و

ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.

«یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد،

هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.

لە ئەزەلەوە من دامەزراوم،

لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.

هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم،

هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.

پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن،

پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،

هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو،

نە سەرەتای خۆڵی زەوی.

کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم،

کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،

کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و

سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،

کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا

بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن،

کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.

لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم،

ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم،

هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،

لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم،

لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.

«ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،

خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن.

گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن،

پشت گوێی مەخەن.

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت،

ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە،

لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت،

چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە،

ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.

بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت،

هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.»

Source notes (2)
  1. Footnote یاقووت: گەوهەری سووری تۆخ.‏
  2. Footnote مەبەستی لە بەرهەمی ڕاستودروستە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.