Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

پەندەکانی سلێمان 9

بانگەوازی دانایی و گێلایەتی

دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە،

حەوت1 کۆڵەکەکەی داتاشیوە.

سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە،

هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە.

کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات،

لەسەر بەرزاییەکانی شار:

«کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»

بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:

«وەرن، لە نانی من بخۆن و

لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە.

واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین،

بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.»

ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت،

ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات.

سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە؛

سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت.

ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت،

کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت.

لەخواترسی سەرەتای داناییە،

ناسینی خودای پیرۆزیش تێگەیشتنە،

چونکە بە دانایی ڕۆژگارت زیاد دەکات،

ساڵانی ژیانت پتر دەبێت.

ئەگەر دانا بیت، داناییەکەت پاداشتت دەداتەوە؛

ئەگەر گاڵتەجاڕ بیت، تەنها لەسەر خۆت دەکەوێت.

گێلایەتی وەک خاتوونێکی بە بۆڵەبۆڵە،

ساویلکەیە و هیچ شتێک نازانێت.

لە بەردەرگای ماڵەکەی دادەنیشێت،

لەسەر کورسییەک لە بەرزترین شوێنی شار،

بۆ بانگکردنی ڕێبوارەکان،

ئەوانەی لە ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن:

«کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»

بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:

«ئاوی دزراو شیرینە،

نانی بە دزی بەتامە.»

بەڵام ئەوان نازانن، خێوەکان لەوێن،

میوانەکانی نەزانیش لەناو جەرگەی جیهانی مردوواندان.

Source notes (1)
  1. Footnote لەوانەیە ژمارە حەوت بۆ هێمای تەواوەتی و ڕێکوپێکی ماڵەکە بەکارهاتووە. بڕوانە ئاشکراکردن 1‏:19‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.