Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

پەندەکانی سلێمان 7

ئاگادارکردنەوە لە ژنی داوێنپیس

ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و

ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە،

ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت،

فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت بپارێزە.

بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە،

لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.

بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی،»

بە تێگەیشتنیش بڵێ: «تۆ خزمی منی.»

بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن،

لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس.

لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە

لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە1 ڕوانیم،

لەناو ساویلکەکاندا بینیم،

لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو.

لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە،

ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر،

لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر،

لەژێر تاریکایی شەو.

ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو،

لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو.

(ئەم ژنە بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە،

پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت.

پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە،

لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.)

گەنجەکەی گرت و ماچی کرد،

بێ ئابڕووانە پێی گوت:

«قوربانی هاوبەشیم2 لەسەرە،

ئەمڕۆ نەزرەکانی3 خۆمم بەجێهێنا،

بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە،

بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت.

نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە،

کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری،

نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە

بە موڕ و ئەلوا4 و دارچین5.

وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین،

بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین،

چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە،

چووەتە ڕێگایەکی دوور.

کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە،

هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.»

بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد،

بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند.

لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت،

وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت،

وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە،

هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت،

وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو،

کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی.

ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،

سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم.

با دڵت بەرەو ڕێگاکانی ئەو ژنە لانەدات،

لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە،

چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە،

هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن.

ماڵەکەی ڕێگای جیهانی مردووانە،

شۆڕبوونەوەیە بۆ ژوورەکانی مەرگ.

Source notes (5)
  1. Footnote وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر.‏
  2. Footnote قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏ ‏
  3. Footnote نەزر: کارەکە پابەند دەکەیت بە مەرجێکەوە. داوا دەکەیت ئەگەر خودا کارێکت بۆ ئەنجام بدات، ئەوا تۆش ئەو کارەی بۆ ئەنجام دەدەی کە پابەندت کردووە بە مەرجەکەوە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏ ‏.‏
  4. Footnote ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک سەباڕ، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.‏
  5. Footnote لەو جۆرە بۆنوبەرامانە بوونە کە بۆ بۆنخۆشکردن بەکارهێنراون.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.