Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

فلیمۆن 1

لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،

بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و خوشکە ئەپفییە و ئەرخیپۆس کە سەربازە لەگەڵمان، هەروەها بۆ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەتدا کۆدەبنەوە:

با نیعمەت1 و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

خۆشەویستی و باوەڕی فلیمۆن

هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم کاتێک لە نوێژەکانمدا ناوی تۆ دەهێنم، چونکە باوەڕی تۆ بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستی تۆم بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خۆی بیستووە. نوێژ دەکەم کە باوەڕی هاوبەشمان کاریگەر بێت لە زانینی هەموو چاکەیەک کە لە پێناوی مەسیحدا بەشداری دەکەین. ئەی برا، بەهۆی خۆشەویستیتەوە زۆر شادبووم و هاندرام، لەبەر ئەوەی بەهۆی تۆوە دڵی گەلی پیرۆزی خودا گەشایەوە.

داواکاری پۆڵس

بۆیە هەرچەندە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا مافی ئەوەم هەیە بۆ ئەرکی بەجێ فەرمانت پێ بکەم، بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم، داواکارییەکم لێت هەیە سەبارەت بە ئۆنسیمۆسی2 کوڕم، ئەوەی لە بەندیخانە لە ڕێگەی منەوە باوەڕی هێنا. پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆ هەیە.

ئەو دەنێرمەوە لات، کە جگەرمە. حەزم دەکرد لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتی منی کۆت و بەندکراو لە پێناوی مزگێنیی مەسیح بکات. بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندیی تۆ هیچ شتێک بکەم، تاکو چاکەکەت بە خواستەوە بێت نەک بە ناچاری. لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەک لێت دوورکەوتەوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە بگەڕێتەوە لات، جا لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆیلە نییە، بەڵکو لە کۆیلە باشترە، برایەکی باوەڕداری خۆشەویستە. ئەگەر برایەکی خۆشەویست بێت بۆ من، ئاخۆ چەند زیاتر دەبێت بۆ تۆ، کە بە لەش وەک مرۆڤ و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا وەک برا هاوبەشن.

لەبەر ئەوە، ئەگەر تۆ من بە هاوبەش دادەنێیت، وەک من وەریبگرەوە. ئەگەر خراپەیەکی لەگەڵ کردوویت یان قەرزێکت بەسەرییەوە هەیە، لەسەر منی بنووسە. من پۆڵسم، بە دەستی خۆم نووسیومە، من دەیدەمەوە. نامەوێ پێت بڵێم تۆ خۆشت قەرزاری منی. برا گیان، لە پێناوی عیسای خاوەن شکۆمان ئەم چاکەیەم لەگەڵ بکە، بە مەسیح دڵخۆشم بکە. ئەمەت بۆ دەنووسم، چونکە دڵنیام گوێڕایەڵ دەبیت و دەزانم کە زیاتر لەوە دەکەیت کە داوات لێدەکەم.

سڵاوی کۆتایی

لەگەڵ ئەمەشدا، ژووری میوانداریم بۆ ئامادە بکە، چونکە هیوادارم بەهۆی نوێژەکانتانەوه بە ئێوە ببەخشرێم.

ئەپەفراس کە لە پێناوی عیسای مەسیحدا3 لەگەڵ مندا بەند کراوە، سڵاوت لێدەکات.

هەروەها مەرقۆس و ئەریستارخۆس و دیماس و لۆقا، کە هاوکارمن.

با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.

Source notes (3)
  1. Footnote نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  2. Footnote ئۆنسیمۆس: ناوەکەی لە زمانی یۆنانی واتا بە کەڵک (سوودبەخش).‏
  3. Footnote لە پێناوی عیسای مەسیحدا لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.