Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

عیبرانییەکان 1

پایەبەرزی عیسای مەسیح

لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر بەهۆی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە، بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە. کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی1، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی هەموو گوناهەکانی پاک کردەوە، لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت. بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.

ئیتر چ جارێک خودا بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:

﴿تۆ کوڕی منی،

من ئەمڕۆ بوومە باوکت﴾2؟

هەروەها:

﴿من دەبمە باوکی ئەو و

ئەویش دەبێتە کوڕی من﴾3؟

دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت:

﴿با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.﴾4

لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ:

﴿خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن،

خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.﴾5

بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت:

﴿ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،

داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.

تۆ حەزت لە ڕاستودروستی کردووە و ڕقت لە خراپە بووەوە،

بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،

بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی6 کردیت.﴾7

هەروەها:

﴿تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،

ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.

ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،

هەموو وەک کراس کۆن دەبن.

وەک کەوا دەیپێچیتەوە،

وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن،

بەڵام تۆ هەروەک خۆتی،

ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.﴾8

ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:

﴿لە دەستەڕاستم دابنیشە

هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ9 بۆ پێیەکانت﴾10؟

ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟

Source notes (10)
  1. Footnote وێنەی کڕۆکیەتی: مەبەستی لەوەیە کە مەسیح دەربڕینێکی ڕاستەقینەی ناخی خودایە.‏
  2. Footnote زەبوورەکان 2‏:7.‏ ‏
  3. Footnote دووەم ساموئێل 7‏:14 و یەکەم پوختەی مێژوو 17‏:13.‏ ‏
  4. Footnote لە وەرگێڕانی یۆنانی بۆ پەیمانی کۆن، دواوتار 32‏:43‏ .‏
  5. Footnote زەبوورەکان 104‏:4.‏ ‏
  6. Footnote لە پەیمانی کۆن داود لەلایەن ساموئێلەوە چەورکرا کە هەڵبژاردەی خودایە، ئەم چەورکردنەش وەک نەریتێک بەردەوام بوو بۆ ڕزگاریی خودا.‏
  7. Footnote زەبوورەکان 45‏:6‏،7‏ ‏.‏
  8. Footnote زەبوورەکان 102‏:25‏-27.‏ ‏
  9. Footnote بەهۆی ئەوەی پاشا کورسییەکەی بەرز بووە، تەختەیەک لەژێر پێی دانراوە کە وێنەی دوژمنەکانی لەسەر کێشراوە، وەک هێمایەک بۆ خستنە ژێر پێیان.‏
  10. Footnote زەبوورەکان 110‏:1.‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.