Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
هۆشەع 10
ئیسرائیل دار مێوێکی پەل بڵاو بوو،
بۆ خۆی بەری دەگرت.
بەپێی زۆری بەروبوومەکەی،
قوربانگای زۆر کرد.
بەپێی باشی خاکەکەی،
بەردە تەرخانکراوەکانی جوانتر کرد.
دڵیان فریودەر بوو،
ئێستا سزا دەدرێن.
یەزدان قوربانگاکانیان تێکدەشکێنێت،
بەردە تەرخانکراوەکانیان تێکدەدات.
لەو کاتەدا دەڵێن: «ئێمە پاشامان نییە،
چونکە لە یەزدان نەترساین،
ئەگەر پاشاشمان هەبێت،
چیمان بۆ دەکات؟»
بە سوێندی درۆ قسە دەکەن،
پەیمان دەبەستن،
ئینجا سکاڵا زیاد دەبێت
وەک گیایەکی ژەهراوی نێو زەوییەکی کێڵدراو دەڕوێت.
خەڵکی سامیرە ترسیان هەیە
لەو بتە گوێرەکەیەی کە لە شاری بێتئاڤنە1.
گەلەکەی و کاهینە بتپەرستەکانیشی
لەبەر شکۆمەندییەکەی ئاهەنگیان دەگێڕا،
بەڵام لە داهاتوودا شینی بۆ دەگێڕن،
چونکە بۆ ڕاپێچ لێیان وەرگیراوە.
ئەویش بۆ ئاشور دەبردرێت،
وەک سەرانە بۆ پاشای شەڕانگێز.
ئەفرایم سەرشۆڕی وەردەگرێت و
ئیسرائیلیش لەسەر بتە دارینەکانی شەرمەزار دەبێت.
سامیرە و پاشاکەی لەناودەچن،
وەک چیلکە دار بەسەر ڕووی ئاوەوە دوور دەکەونەوە.
نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانی بەدکاری2 وێران دەبن،
کە گوناهی ئیسرائیلن،
دڕکوداڵ لەسەر قوربانگاکانیان دەڕوێن.
ئەو کاتە بە چیاکان دەڵێن، «دامانپۆشن!» و
بە گردەکانیش دەڵێن، «بەسەرماندا بڕووخێن!»
«ئەی ئیسرائیل، لە سەردەمی گیڤعاوە گوناهت کرد،
لەوێدا وەستان،
لە گیڤعادا شەڕ نەوەی بەدکارانی نەگرتەوە؟
کەی بمەوێت تەمبێیان دەکەم،
گەلان گەلەکۆمەیان لێ دەکەن،
کاتێک بە دوو تاوانەکەیانەوە بەندن.
ئەفرایم گوێرەکەیەکی3 ڕاهێنراوە
حەز لە گێرەکردن دەکات.
لەبەر ئەوە من نیر دەخەمە سەر ملە جوانەکەی،
سوار دەخەمە سەر ئەفرایم،
یەهودا دەیکێڵێت،
یاقوبیش خەرتەی دەکات.
ڕاستودروستی بۆ خۆتان بچێنن و
بەروبوومی خۆشەویستی نەگۆڕ بدوورنەوە.
بۆ خۆتان بەیارێک بکێڵن،
چونکە کاتی ئەوەیە ڕوو لە یەزدان بکەن،
هەتا بێت و ڕاستودروستیتان بەسەردا ببارێنێت.
بەڵام ئێوە خراپەتان چاند و
بەدڕەفتاریتان دوورییەوە،
بەروبوومی درۆتان خوارد،
چونکە پشتت بە هێزی خۆت و
بە زۆری پاڵەوانەکانت بەست،
چەخماخەی جەنگ لە دژی گەلەکەت بەرز دەبێتەوە.
هەموو قەڵاکانت تێکدەدرێن،
وەک چۆن شەلمەن لە ڕۆژی جەنگدا بێتئەربێلی4 تێکدا،
دایک لەگەڵ منداڵەکانیدا بەزەویدا کێشران.
ئەی بێتئێل، ئاواتان پێ دەکرێت،
لەبەر ئەوەی خراپەکەتان گەورەیە.
لە بەرەبەیاندا،
پاشای ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەچێت.
Source notes (4)
- Footnote واتا (ماڵی بەدکاری)، هەروەها بێتئێل واتا (ماڵی خودا).
- Footnote بەدکاری: عیبری ئاڤن، مەبەست لە بێتئاڤنە، کە ناوێکی سووکە بۆ بێتئێل.
- Footnote گوێرەکەیەک: واتا عیبرییەکەی گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە.
- Footnote هەولێر.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.