Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

هۆشەع 9

سزای ئیسرائیل

ئەی ئیسرائیل، وەک گەلان

دڵخۆش و شاد مەبە،

چونکە ناپاکیت لە خودای خۆت کرد،

حەزت لە کرێی لەشفرۆشی کرد

لەسەر هەموو جۆخینەکان1.

جۆخین و گوشەرەکانیان بەشیان ناکات،

شەرابی نوێش بەشیان ناکات.

لە خاکی یەزدان نیشتەجێ نابن،

بەڵکو ئەفرایم بۆ میسر دەگەڕێتەوە و

لە ئاشوردا خواردنی گڵاو دەخۆن.

شەرابی پێشکەشکراو بۆ یەزدان ناڕژێنن و

قوربانییەکانیان دڵی خۆش ناکەن.

ئەو قوربانییانە بۆ ئەوان وەک نانی ماتەمە و

هەرکەسێک لێی بخوات گڵاو دەبێت.

نانەکەیان بۆ خۆیانە و

ناچێتە ناو ماڵی یەزدانەوە.

لە ڕۆژی دیاریکراودا چی دەکەن،

لە ڕۆژی جەژنی یەزدان؟

تەنانەت ئەوەی لە وێرانی هەڵدێت،

میسر کۆیان دەکاتەوە و

مەمفیس لە گۆڕیان دەنێت.

دڕکوداڵ گەنجینە زیوەکانیان بە میرات دەگرێت و

وشترالووک لە ماڵەکەیاندا دەبێت.

ڕۆژانی لێپرسینەوە بەڕێوەن،

ڕۆژانی سزا بەڕێوەن.

با ئیسرائیل ئەمە بزانێت.

لەبەر زۆری تاوانەکەت و

زۆری کێشمەکێشت،

پێغەمبەر بە گێل سەیر دەکەیت و

مرۆڤی ڕۆحیش بە شێت.

پێغەمبەرەکە لەگەڵ خوداکەم چاودێری ئەفرایمە،

بەڵام لە هەموو ڕێڕەوەکانی تەڵەیان نایەوە،

کێشمەکێشیش لە ماڵی خوداکەیەتی.

ئەوان نوقوم بوون،

وەک ڕۆژانی گیڤعا گەندەڵ بوون،

خودا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە بیری خۆی و

لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.

«ئیسرائیلم دۆزییەوە

وەک ترێ لە چۆڵەوانی،

لە سەرەتادا باوباپیرانتانم بینی

وەک نۆبەرەی بەری دار هەنجیرێک.

بەڵام ئەوان هاتن بۆ بەعل‌پەعۆر و

خۆیان بۆ خوداوەندی شەرمەزاری تەرخان کرد،

ئەوان وەک ئەو خوداوەندەی کە خۆشیان دەویست قێزەون بوون.

ئەفرایمیش شکۆمەندییەکەی وەک باڵندە دەفڕێت،

نە لەدایکبوون و نە سکپڕی و نە دروستبوونی کۆرپەلە.

تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن،

جەرگسووتاویان دەکەم بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەبێت.

قوڕبەسەریان

کاتێک پشتیان تێدەکەم.

ئەفرایم دەبینم، وەک شاری سورە

لە لەوەڕگا ڕواوە،

بەڵام ئەفرایم منداڵەکانی

بۆ بکوژ دەهێنێتە دەرەوە.»

ئەی یەزدان، بیاندەرێ،

چییان پێدەدەیت؟

منداڵدانێکی لەباربردە و

دوو مەمکی وشک.

«لەبەر هەموو خراپەکانیان لە گلگال

من لەوێدا قێزم لێیان بووەوە.

لەبەر کردەوە خراپەکانیان

لە ماڵی خۆم دەریاندەکەم.

ئیتر خۆشم ناوێن،

هەموو میرەکانیان یاخین.

ئەفرایم هەڵپڕووکاوە،

ڕەگیان وشک بوو،

بەر ناگرن.

ئەگەر منداڵیشیان ببێت،

منداڵە خۆشەویستەکانی سکیان دەمرێنم.»

خوداکەم ڕەتیان دەکاتەوە،

چونکە گوێیان لێی نەگرت،

لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا وێڵ دەبن.

Source notes (1)
  1. Footnote جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.