Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

هۆشەع 11

خۆشەویستی خودا بۆ ئیسرائیل

«کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و

من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.

بەڵام هەرچەندەی بانگم دەکردن،

ئەوەندە منیان لە خۆیان دوورخستەوە،

قوربانییان بۆ بەعلەکان سەردەبڕی و

بخووریان بۆ وێنەی خوداوەندەکان دەسووتاند.

من بووم ئەفرایمم فێری ڕۆیشتن کرد،

دەستم بە باڵیانەوە گرت،

بەڵام نەیانزانی من چاکم کردنەوە.

بە گوریسی نەرمونیانی مرۆڤانە ڕایاندەکێشم،

بە بەستنی خۆشەویستی،

من بۆیان بووم بەوەی کە نیر لەسەر ملیان هەڵدەگرێت،

چەمامەوە بۆ ئەوەی نانیان بدەمێ.

«ئایا ناگەڕێنەوە بۆ خاکی میسر و

ئاشور نابێتە پاشایان،

چونکە ڕەتیان کردەوە بگەڕێنەوە لام؟

شمشێر دەکەوێتە شارەکانیان و

شەوبەندی دەروازەکانیان تێکدەشکێنێت،

کۆتایی بە تەگبیرەکانیان دەهێنێت.

گەلەکەم مکوڕن لەسەر هەڵگەڕانەوە لە من.

تەنانەت ئەگەر هاوار بۆ خودای هەرەبەرزەکەش بکەن،

ئەو پایەبەرزیان ناکات.

«ئەی ئەفرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟

ئەی ئیسرائیل، چۆن بە دەستتەوە بدەم؟

چۆن وەک ئەدما هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکەم؟

چۆن وەک چەبۆئیمت لێبکەم؟

دڵم لێم هەڵگەڕاوەتەوە و

هەموو میهرەبانیم گڕی گرتووە.

گڕی تووڕەییم ناخەمەگەڕ و

ناگەڕێمەوە ئەفرایم وێران بکەم،

چونکە من خودام نەک مرۆڤ،

من خودا پیرۆزەکەم، لە ناوەڕاستی ئێوەدام،

بە قینەوە نایەم.

لەدوای یەزدانەوە دەڕۆن،

وەک شێرێک دەنەڕێنێت.

کاتێک دەنەڕێنێت،

منداڵەکان لە ڕۆژئاواوە بە لەرزەوە دێن.

وەک چۆلەکە لە میسرەوە بە لەرزەوە دێن،

وەک کۆتر لە خاکی ئاشورەوە.

ئینجا لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێیان دەکەم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

گوناهی ئیسرائیل

ئەفرایم بە درۆ دەوری لێدام و

بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە فێڵەوە،

یەهوداش هێشتا سەرسەختە بەرامبەر بە خودا،

لە پیرۆزە دڵسۆزەکە.

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.