Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
دووەم کۆرنسۆس 5
ماڵی هەتاهەتایی
لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان1 ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین و تامەزرۆی ئەوەین کە ماڵی ئاسمانیمان بپۆشین، چونکە کە پۆشیمان ئیتر بە ڕووتی نابینرێین. لەبەر ئەوەی لەم چادرەداین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، کە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بپۆشرێین، تاکو مردن لەلایەن ژیانەوە قووت بدرێت. خودایە ئەوەی ئێمەی بە تایبەت بۆ ئەمە دروستکردووە، ئەویش وەک پێشەکی ڕۆحی پیرۆزی پێمان داوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
بۆیە هەموو کات دڵنیاین و دەزانین کە هەتا لە جەستەدا نیشتەجێ بین، لە عیسای خاوەن شکۆ دوورین، چونکە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینراو. ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین کە لە جەستە دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین. بۆیە ئامانجی بەرزمان ڕازیکردنی خودا دەبێت، جا ئیتر لە جەستەدا نیشتەجێ بین یان دوور بین لێی، چونکە دەبێت هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی مەسیح دەربکەوین، تاکو هەریەکە بۆ ئەو شتانەی بەهۆی جەستەوە کردوویەتی شایستەیی خۆی وەربگرێت، جا باش بێت یان خراپ.
خزمەتی ئاشتبوونەوە
لەبەر ئەوەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ لە دڵمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین خەڵکی قایل بکەین. بۆ خوداش دەرکەوتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوەش بە تەواوی دەربکەوین. ئێمە نامانەوێ جارێکی دیکە لە لای ئێوە بەخۆماندا هەڵبدەین، بەڵکو دەرفەتێکتان دەدەینێ شانازیمان پێوە بکەن، تاکو بتوانن وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە شانازی بە ڕواڵەتەوە دەکەن، نەک بە دڵ. ئەگەر مێشکمان تێکچووبێت، لەبەر خودایە، ئەگەر هۆشمەند بین، لەبەر ئێوەیە. خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن. ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە.
لەبەر ئەوە بە چاوی دنیاییەوە سەیری کەس ناکەین. ئەگەر پێشتر بە چاوی دنیاییەوە سەیری مەسیحمان کردبێت، ئیتر لەمەودوا بەو چاوە سەیری ناکەین. کەواتە ئەگەر هەرکەسێک لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک2، دەبێت بە بەدیهێنراوێکی نوێ، شتە کۆنەکان بەسەرچوون و شتی نوێ هاتووە! ئەمەش هەمووی لە خوداوەیە، کە لەگەڵ خۆی لە ڕێگەی مەسیحەوە ئاشتی کردینەوە و خزمەتی ئەم ئاشتبوونەوەی پێداین، واتا خودا بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح3 جیهانی لەگەڵ خۆی ئاشت کردەوە، گوناهەکانیانی لەسەر نەنووسین و پەیامی ئاشتبوونەوەی بە ئێمە سپاردووە. کەواتە ئێمە باڵوێزی مەسیحین، خوداش لە ڕێگەی ئێمەوە جیهان بانگهێشت دەکات، لەبری مەسیح لێتان دەپاڕێینەوە: لەگەڵ خودا ئاشت بنەوە. ئەوەی گوناهی نەدەناسی خودا لە پێناوی ئێمە کردییە گوناه، تاکو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ببین بە ڕاستودروستی خودا.
Source notes (3)
- Footnote مەبەستی لە جەستەی مرۆڤانەیە، شتێکی کاتییە.
- Footnote لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.
- Footnote بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.