Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دووەم کۆرنسۆس 6

وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، چونکە دەفەرموێ:

﴿لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،

لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.﴾1

ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.

خۆسەلماندنی پۆڵس

لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ، بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.

ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.

پەرستگای خودای زیندوو

لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا2 مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا3 هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:

﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و

لەگەڵیان دەڕۆم،

دەبم بە خودای ئەوان و

ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾4

﴿یەزدان دەفەرموێ:

لەبەر ئەوە لە ناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و

بەجێیان بهێڵن.

دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن،

ئینجا وەرتاندەگرمەوە.﴾5

﴿یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت:

من دەبمە باوکی ئێوە و

ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.﴾6

Source notes (6)
  1. Footnote ئیشایا 49‏:8.‏ ‏
  2. Footnote مەبەستی لە هاوسەرگیرییە.‏
  3. Footnote مەبەستی لە شەیتانە.‏
  4. Footnote لێڤییەکان 26‏:12 و یەرمیا 32‏:38 و حزقیێل 37‏:27‏ ‏.‏
  5. Footnote ئیشایا 52‏:11 و حزقیێل 20‏:34‏،41‏ ‏.‏
  6. Footnote دووەم ساموئێل 7‏:8‏،14‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.