Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەکەریا 12

وێرانبوونی دوژمنانی ئۆرشەلیم

ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش سەبارەت بە ئیسرائیل.

یەزدان، ئەوەی کە ئاسمانی ڕاخستووە، زەوی دامەزراندووە، شێوەی ڕۆحی مرۆڤی لە ناخی مرۆڤدا کێشاوە، ئەمە دەفەرموێت: «من خەریکم ئۆرشەلیم دەکەمە جامێک هەموو گەلانی دەوروبەری سەرخۆش دەکات. یەهودا و ئۆرشەلیمیش گەمارۆ دەدرێن. لەو ڕۆژەدا کاتێک هەموو گەلانی زەوی لە دژی ئەو کۆدەبنەوە، ئۆرشەلیم بۆ هەموو گەلان دەکەمە بەردێکی سەنگین. ئەوەی بییەوێت بیجوڵێنێت خۆی بریندار دەکات.» یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا هەموو ئەسپێک تووشی سەرلێشێوان دەکەم و سوارەکەشی تووشی شێتی دەکەم. چاودێری بنەماڵەی یەهودا دەکەم، هەموو ئەسپی گەلان تووشی کوێری دەکەم. ئینجا سەرکردەکانی یەهودا لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”خەڵکی ئۆرشەلیم بەهێزن، چونکە یەزدانی سوپاسالار خودایانە.“

«لەو ڕۆژەدا سەرکردەکانی یەهودا وەک ئاگردانێک لێ دەکەم لەنێو کۆمەڵە دار و وەک مەشخەڵێکی ئاگر لەنێو مەڵۆ، جا بەلای ڕاست و بەلای چەپدا دەست دەکەن بە خواردنی هەموو گەلانی دەوروبەریان، بەڵام ئۆرشەلیم لە جێی خۆی بە سەلامەتی دەمێنێتەوە.

«یەزدان سەرەتا گەلی یەهودا ڕزگار دەکات، بۆ ئەوەی شان و شکۆی بنەماڵەی داود و خەڵکی ئۆرشەلیم لەسەر یەهودا گەورەتر نەبن. لەو ڕۆژەدا یەزدان دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەپارێزێت، ئەوەی لاوازە لەنێویان وەک داودی لێدێت، ماڵی داودیش وەک خودای لێدێت، وەک فریشتەی یەزدان لەپێشیان دەڕوات. لەو ڕۆژەدا مکوڕ دەبم لەسەر لەناوبردنی هەموو ئەو نەتەوانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئۆرشەلیم.

شیوەن بۆ ئەوەی زامداریان کرد

«ڕۆحی میهرەبانی و پاڕانەوە بەسەر بنەماڵەی داود و بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەبارێنم. جا تەماشای من دەکەن، ئەوەی کە ڕمیان لێداوە، هەروەها شیوەنی بۆ دەگێڕن وەک کەسێک شیوەن بۆ تاقانەکەی بگێڕێت، زۆر دەگریێن، هەروەک گریان بۆ نۆبەرەیەک. لەو ڕۆژەدا شیوەنێکی گەورە لە ئۆرشەلیم دەبێت، وەک شیوەنی هەدەد ڕیمۆن لە دەشتی مەگیدۆ. خاکەکە شیوەن دەگێڕێت، خێڵ بە خێڵ هەریەکە و بە جیا: خێڵی بنەماڵەی داود و ژنەکانیان، خێڵی بنەماڵەی ناتان و ژنەکانیان، خێڵی بنەماڵەی لێڤی و ژنەکانیان، خێڵی شیمعی و ژنەکانیان. هەموو ئەو خێڵانەی مابوونەوە خێڵ بە خێڵ بە جیا و ژنەکانیشیان بە جیا.

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.