Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

گۆرانی گۆرانییەکان 1

گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان.

ئەویندار

با بە ماچەکانی دەمی ماچم بکات،

چونکە ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە.

بۆنی عەترەکەت خۆشە؛

ناوت عەتری پرژاوە،

مایەی سەرسوڕمانی نییە کە پاکیزەکان تۆیان خۆشدەوێ.

پەلم بگرە و با پێکەوە بڕۆین!

با پاشا بمهێنێتە ناو ژوورەکەی خۆی.

دەستەخوشکەکان

شاد و دڵخۆش دەبین پێت،

لە شەراب زیاتر یادی ئەوینی تۆ دەکەینەوە.

ئەویندار

بەڕاستی تۆیان خۆشدەوێ.

ئەی کچانی ئۆرشەلیم،

من ئەسمەرێکی جوانم،

وەک ڕەشماڵەکانی قێدار،

وەک نێوبەندی ڕەشماڵەکانی سلێمان.

تەماشام مەکەن کە من ئەسمەرم،

ئەوە خۆر لێیداوم.

کوڕانی دایکم لە من تووڕە بوون،

منیان کردە چاودێری ڕەزەمێو،

لەبەر ئەوەی ناچار کرام، چاودێری ڕەزەمێوەکەم نەکرد.

ئەی خۆشەویستی گیانم، پێم بڵێ،

لەکوێ مێگەلی خۆت دەڵەوەڕێنیت،

کاتی نیوەڕۆش پشتیری مەڕەکانت لەکوێیە؟

بۆچی وەک پەچەکراوێک بم،

لەلای مێگەلی هاوڕێیەکانت؟

دەستەخوشکەکان

ئەی جوانترینی نێو ئافرەتان، ئەگەر نازانیت

بە شوێن پێی مەڕاندا بڕۆ و

کارەبزنەکانت بلەوەڕێنە

لەلای نشینگەی شوانەکان.

دڵدار

یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون

لێکم چوواندی،

گۆنات بە خشڵەوە جوانە،

گەردنت بە گەردانەوە.

خشڵی زێڕت بۆ دەکەین،

لەگەڵ نقێمی زیو.

ئەویندار

هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی،

ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە.

دڵدارەکەم چەپکێک موڕە

کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات.

دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە

لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی.

دڵدار

ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،

چەند جوانیت!

چاوەکانت کۆترن.

ئەویندار

ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت،

چەند شیرینیت!

جێگاکەمان سەوزە.

دڵدار

کاریتەی خانووەکەمان لە داری ئورزە،

تەختەدارەکانی سەروون.

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.