Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ژیرمەندی 12

بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت

لە سەردەمی گەنجیێتیت،

پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت

یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی:

«خۆشییان تێدا نابینم،»

پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و

ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت،

پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛

ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن،

پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە،

ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون،

تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛

کاتێک دەرگاکانی بازاڕ دادەخرێن و

دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛

ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت،

هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛

ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و

لە ڕێگا تۆقیون،

کە بادەم چرۆ دەکات و

کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و

هیچ ئارەزوو نامێنێت.

ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و

شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.

لەبیرت بێت، پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و

قاپی زێڕین بشکێت؛

پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت،

یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و

خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو،

ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی.

وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتایە! بێ واتایان!

هەموو شتێک بێ واتایە!»

دەرئەنجامی بابەتەکە

سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو، گەلیشی فێری زانین کرد، شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو. وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین.

وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە، وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ، لەلایەن یەک شوانەوە1 دراون. ئەی ڕۆڵە، سەرەڕای ئەمانە، ئاگاداری شتەکانی دیکەش بە.

دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە، لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات.

هەموو شت ئێستا بیستراوە و

دەرئەنجامەکەی ئەوەیە:

لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە،

چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە.

خودا حوکم بەسەر هەموو کارێکدا دەدات،

بە هەموو کارێکی نهێنیشەوە،

جا چاک بێت یان خراپ.

Source notes (1)
  1. Footnote مەبەستی لە خودایە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.