Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ڕائووس 1
ناعۆمی و ڕائووس
لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ڕابەرەکان، قاتوقڕییەک لە خاکەکە سەریهەڵدا. لە بێتلەحمی یەهوداوە پیاوێک خۆی و ژنەکەی و دوو کوڕەکەی کۆچیان کرد و پەنایان بۆ وڵاتی مۆئاب برد. ناوی پیاوەکە ئەلیمەلەخ بوو، ناوی ژنەکەشی ناعۆمی بوو، ناوی دوو کوڕەکەشی مەحلۆن و کیلیۆن بوو، لە ئەفراتییەکانی1 بێتلەحمی یەهودا بوون. ئیتر هاتن بۆ وڵاتی مۆئاب و لەوێ ژیان.
لەوێ ئەلیمەلەخی مێردی ناعۆمی مرد، ناعۆمی و دوو کوڕەکەی مانەوە و دوو ژنی مۆئابیان هێنا، یەکێکیان ناوی عۆرپا بوو ئەوەی دیکەیان ڕائووس. لەوێ بۆ ماوەی دە ساڵ مانەوە. ئینجا مەحلۆن و کیلیۆن مردن، ئیتر ناعۆمی بەبێ کوڕ و مێرد مایەوە.
دوای ئەوەی ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابدا بیستی کە خودا گەلەکەی خۆی بەسەرکردووەتەوە و نانی داوە پێیان، خۆی و بووکەکانی هەستان و وڵاتی مۆئابیان بەجێهێشت. لەگەڵ دوو بووکەکەی ئەو شوێنەی بەجێهێشت کە لێی دەژیا و ئەو ڕێگایەیان گرتەبەر کە دەیگەڕاندنەوە بۆ خاکی یەهودا.
ناعۆمی بە بووکەکانی گوت: «با هەریەکەتان بگەڕێتەوە بۆ ماڵی دایکی خۆی. خودا پاداشتی ئەو چاکەیەتان بداتەوە کە لەگەڵ من و کوڕەکانمدا کردتان. خودا هەریەکەتان لە ماڵی مێردی خۆی بحەسێنێتەوە.»
ئینجا ماچی کردن و ئەوانیش بە دەنگی بەرز گریان. پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین بۆ لای گەلەکەت.»
ناعۆمی گوتی: «کچەکانم بگەڕێنەوە. بۆچی لەگەڵ من دێن؟ ئایا سکم کوڕی تێدا ماوە بۆ ئەوەی ببن بە مێردتان؟ بگەڕێنەوە و بڕۆن، چونکە پیر بووم و ناتوانم شوو بکەمەوە. وا گوتیشم ئومێدی ئەوە هەبوو کە ئەمشەو شوو بکەمەوە و چەند کوڕێکیشم بوو، ئایا چاوەڕێیان دەکەن هەتا گەورە دەبن؟ ئایا لەبەر ئەوان خۆتان دەبەستنەوە و شوو ناکەنەوە؟ نا کچەکانم. من لە ئێوە زیاتر خەفەت دەخۆم، چونکە خودا خراپەی بەسەرم هێنا.»
ئینجا دیسان بە دەنگی بەرز گریان. عۆرپا خەسووی ماچکرد، بەڵام ڕائووس بە توندی لە باوەشی گرت.
ناعۆمی گوتی: «ئەوەتا عۆرپای هێوەرژنت2 گەڕایەوە بۆ لای گەلەکەی و خوداوەندەکانی. تۆش لەگەڵ ئەو بگەڕێوە.»
بەڵام ڕائووس گوتی: «زۆرم لێ مەکە بەجێت بهێڵم و وازت لێ بهێنم، چونکە بۆ کوێ بچیت دەچم و لە هەرکوێ بمێنیتەوە دەمێنمەوە. گەلی تۆ گەلی منە و خودای تۆ خودای منە. لەکوێ بمریت لەوێ دەمرم و هەر لەوێش بە خاک دەسپێردرێم. با یەزدان توندترین سزام بدات، ئەگەر جگە لە مردن شتێک من لە تۆ جیا دەکاتەوە.» کە بینی سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵیدا بڕوات، ئیتر زۆری لێ نەکرد.
ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن هەتا چوونە ناو بێتلەحم. کاتێک گەیشتنە بێتلەحم شارۆچکەکە هەمووی لەبەر ئەوان خرۆشا و گوتیان: «ئایا ئەمە ناعۆمییە؟»
ئەویش پێی گوتن: «پێم مەڵێن ”ناعۆمی“3، بەڵکو پێم بڵێن ”مارا“4 چونکە خودای هەرە بەتوانا ژیانی زۆر تاڵ کردم. من بە پڕی ڕۆیشتم و خودا بە بەتاڵی منی هێنایەوە. بۆچی بە ناعۆمی بانگم دەکەن؟ ئەوەتا یەزدان کۆستی خستم، هەرە بەتوانا تووشی خراپەی کردم.»
ئیتر ناعۆمی و ڕائووسی مۆئابی بووکی، لە وڵاتی مۆئابەوە هاتنەوە و لە سەرەتای دروێنەی جۆ چوونە ناو بێتلەحمەوە.
Source notes (4)
- Footnote ئەفراتی دەگەڕێتەوە بۆ هۆزی ئەفرایم، دووەم کوڕی یوسف. بڕوانە پەیدابوون 41:52 .
- Footnote هێوەرژنت یان هەوگیانت.
- Footnote واتا (هۆی خۆشی و شادییەکەم).
- Footnote لە زمانی عیبری ناعۆمی بە واتای خوێن شیرین دێت، هەروەها (مارا) بە واتای تاڵ.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.