Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئاشکراکردن 18

کەوتنی بابل

پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی:

«کەوت! بابلی گەورە کەوت!

بووە جێنشینی جنۆکەکان و

پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان،

پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو،

پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون.

لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان

لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە.

پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە،

بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»

گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو:

«ئەی گەلی من لێی دەربچن،

تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن،

تاکو دەردەکانی نەگرن،

چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و

خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە.

سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و

بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە،

لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.

هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە،

ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت:

”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم،

هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“

لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن،

مردن و شیوەن و قاتوقڕی.

بە ئاگریش دەسووتێت،

خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە.

سێ جار قوڕبەسەری بۆ بابل

«پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن. لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن:

«”ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر!

ئەی بابل، شارە بەهێزەکە!

چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“

«بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت، شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ، دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان1، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.»

دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.» بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و دەڵێن:

«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە،

کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت،

بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە!

چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“

«هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن. کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن: ”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“ خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن:

«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە!

ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون!

لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو!

«”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن!

چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“»

دوایین کەوتنی بابل

ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی:

«ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت،

هەرگیز نادۆزرێتەوە.

ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا

تێیدا نابیسترێت.

هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە،

دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.

هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت،

ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت.

بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و

هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون.

تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و

هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»

Source notes (1)
  1. Footnote جۆرێکی تایبەتە لە بخوور و لە دار دروستدەکرێ.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.