Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئاشکراکردن 17

بابل دایکی داوێنپیسانە

ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم: «وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ڕووبارێکی زۆر دانیشتووە. ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.»

پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی. بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو. دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو. ژنەکە جلوبەرگی ئەرخەوانی و قرمزی لەبەر کرابوو، هەروەها بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازێنرابووەوە. جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی. لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو:

«بابلی گەورە،

دایکی لەشفرۆشان و

قێزەونانی زەوی.»

هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو.

بە بینینی زۆر سەرسام بووم. فریشتەکە پێی گوتم: «بۆ سەرسام بوویت؟ نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەشت پێ دەڵێم کە هەڵیگرتووە و حەوت سەر و دە شاخی هەیە. ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە، خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی سەر زەوی، ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە، کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە.

«ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا: حەوت سەرەکە حەوت گردن1 کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە. حەوت پاشاکەش، پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە، کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە. ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات.

«ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان، هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن. ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە. ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت، چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە، ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.»

ئینجا پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی بینیت، کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە، گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن. دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن، وێران و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن، چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان کە مەبەستی ئەو جێبەجێ بکەن و ڕێک بکەون، دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە، هەتا وشەکانی خودا بێتە دی. ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.»

Source notes (1)
  1. Footnote مەبەست لە شاری ڕۆمایە کە لەسەر حەوت گرد بنیاد نراوە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.