Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 84
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، لەسەر ئاوازی گتیت، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
ئەی یەزدانی سوپاسالار،
ماڵەکەت چەند خۆشە!
گیانم شەیدایە، تەنانەت تامەزرۆی چوونە ناو حەوشەی ماڵی یەزدانە.
لەش و دڵم هەلهەلە لێدەدەن بۆ خودای زیندوو.
تەنانەت پاساریش ماڵی دەست دەکەوێت و
پەڕەسێلکەش هێلانە، بۆ ئەوەی بێچووەکانی تێدا دابنێت،
لە نزیک قوربانگای تۆ،
ئەی یەزدانی سوپاسالار، پاشا و خودام.
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە لە ماڵی تۆدا نیشتەجێن،
هەمیشە ستایشی تۆ دەکەن.1
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هێزیان لە تۆوەیە،
ڕێگاکانت لەناو دڵیاندایە2،
کە بە دۆڵی فرمێسک3 تێدەپەڕن،
دەیکەنە کانیاو،
پاییزە بارانیش پڕ بەرەکەتی دەکات.
لە هێزێکەوە دەچنە هێزێکی دیکە،
هەتا هەریەک لەبەردەم خودا لە سییۆن دەربکەوێت.
ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، گوێت لە نوێژم بێت،
خودای یاقوب، گوێ شل بکە.
ئەی خودایە، بڕوانە قەڵغانەکەمان،
سەیری ڕوخساری دەستنیشانکراوەکەت4 بکە.
یەک ڕۆژ لە حەوشەی ماڵی تۆ
لە هەزار ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە باشترە.
ڕاوەستان لە بەردەرگای ماڵی خودای خۆمم هەڵبژارد،
نەک نیشتەجێی نێو ڕەشماڵی بەدکاران،
لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگار خۆر و قەڵغانە،
یەزدان میهرەبانی و شکۆ دەبەخشێت،
ڕێ لە چاکە ناگرێت بۆ ئەوانەی ڕێگایان تەواوە.
ئەی یەزدانی سوپاسالار،
خۆزگە بەوە دەخوازرێ کە پشت بە تۆ دەبەستێت.
Source notes (4)
- Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 8، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
- Footnote ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو سییۆنە و لە دڵەوە پەرۆشین.
- Footnote عیبری: دۆڵی باخا.
- Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ یان مەشیح.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.