Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 83

گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.

ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،

کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.

ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،

ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.

ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،

پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.

دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،

لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»

بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن،

لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.

خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان1،

مۆئاب و هاجەرییەکان،

جوبەیل2 و عەمۆن و عەمالێق3،

فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.

هەروەها ئاشوریش4 چووەتە پاڵیان،

بوونە بازووی بەهێزی نەوەی لوت5.6

هەروەک چیت لە میدیان7 کرد ئاوایان لێ بکە،

هەروەک چیت لە سیسرا8 و یاڤین9 کرد لە ڕووباری قیشۆن10،

کە لە کانی دۆر11 فەوتان،

بوون بە زبڵ بۆ زەوی.

گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ12 لێ بکە،

هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و زەلموناع13،

ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا

دەکەینە موڵکی خۆمان.»

ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز،

وەک کای دەم بایان لێ بکە.

وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،

وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،

ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،

بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.

ئەی یەزدان، ڕوویان بە شەرمەزاریی داپۆشە،

تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.

هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانن،

ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.

با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،

لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!

Source notes (13)
  1. Footnote نەوەی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن لە هاجەری کەنیزەکەی. بە ژیانی کۆچەری و چادرنشینی بەناوبانگ بوونە، هەروەها لە بەکارهێنانی تیروکەوان.‏
  2. Footnote شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.‏
  3. Footnote مەبەست لە جبیل بەشی باکوورە لە چیاکانی ئەدۆم، عەمونیش ناوی گەلێکە لە ناوچەیەکی شاخاوی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون نیشتەجێ بوون، عەمالێقیش بە کۆنترین دانیشتووانی باشووری سوریا دادەنرێن، نەوەی ئەلیفازی کوڕی عیسۆ کوڕی ئیسحاقن.‏
  4. Footnote مەبەست لە ئاشورییەکانە کە لە ناوچەی میسۆپۆتامیا ژیاون و ئیمپراتۆریەتێکی بەهێزیان هەبووە. نەوەی دووەم کوڕی شێمی کوڕی نوحن. بڕوانە پەیدابوون 10‏:22‏ ‏.‏
  5. Footnote مەبەست لوتی برازای ئیبراهیمە.‏
  6. Footnote لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  7. Footnote شارێکی کۆنە دەکەوتە چۆڵەوانی یەهوداوە.‏
  8. Footnote سیسرا سەرکردەی سوپاکەی یابینی پاشای کەنعانییەکان بوو لە خاچۆر. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ڕابەران بەشەکانی 4، 5.‏
  9. Footnote پاشای کەنعانییەکان بوو لە خاچۆر. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ڕابەران بەشی 4.‏
  10. Footnote قیشۆن، ڕووبارێکە بە دەشتی ئیبن عامر دەڕوات لە فەلەستین.‏
  11. Footnote شارێکە دەکەوێتە دووری نۆ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ناسیرە، هەتا ئێستاش ئەمە ناویەتی.‏
  12. Footnote عۆرێب و زئێب، ناوی دوو سەرکردەی میدیانییەکانن بە دەستی ئەفرایمییەکان کوژران، دوای ئەوەی لەبەر گدعۆن هەڵاتن. بڕوانە ڕابەران 7‏:25‏ ‏.‏
  13. Footnote زەڤەح و زەلموناع، دوو پاشای میدیانییەکان بوون گدعۆن کوشتنی. بڕوانە ڕابەران 8‏:5‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.