Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 68
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ داود، زەبوورێک، گۆرانییەک.
با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە!
با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن!
وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت،
وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر،
با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن.
بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن،
لە خۆشییان شاگەشکە بن.
گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن،
ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە،
ناوی یەزدانە،
لەبەردەمی دڵشاد بن.
باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان،
خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی.
خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات،
بەندکراوەکان ئازاد دەکات،
بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن.
ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد،
کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت،1
زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد
لەبەردەم خودا، خودای سینا،
لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل.
ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند،
میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد.
کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن،
خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد.
پەروەردگار فەرمانی دا2 و
کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن:
«پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن!
ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن،
تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن،
باڵی کۆترە لە زیو هەڵکێشراوەکەم و
پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.»
کە خودای هەرە بەتوانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد،
وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن3.
چیای باشان چیای خودایە،
چیای باشان چیای فرە لووتکەیە.
ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە
کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت،
بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟
گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە،
پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا.
ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی،
دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد،
دیاریت لە خەڵک وەرگرت،
تەنانەت لە یاخییەکانیش،
ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت.
ستایش بۆ پەروەردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان،
ڕۆژ بە ڕۆژ بارمان هەڵدەگرێت.
خودا بۆ ئێمە خودای ڕزگارییە،
لە مردن دەربازبوونیش لە یەزدانی پەروەردگارەوەیە.
بێگومان خودا سەری ناحەزانی پان دەکاتەوە،
تەوقی سەری ئەوانەی بە ڕێگای گوناهدا دەڕۆن.
پەروەردگار دەفەرموێ: «لە باشانەوە دوژمنانت دەهێنمەوە،
لە قووڵایی دەریاکانەوە دەیانهێنمەوە،
بۆ ئەوەی پێت بە خوێنیان سوور بێت،
زمانی سەگەکانت بەشیان هەبێت لێیان.»
ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی،
کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.
گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و ساز لێدەرەکان لە دواوە،
کچۆڵە دەف لێدەرەکان لە ناوەڕاستیان.
لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن،
ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.
ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە،
کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا،
سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.
ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە،
ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.
لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم،
پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.
سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە،
ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان،4
تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات.
ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.
باڵوێز لە میسرەوە دێن،
کوش5 دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.
ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن،
مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،
بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین،
ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.
با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت،
ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە،
ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.
خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت،
خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی.
ستایش بۆ خودا!
Source notes (5)
- Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 19 و 32، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
- Footnote بەر لە دەستپێکردنی جەنگ خودا فەرمانی سەرکەوتنی دا.
- Footnote کێوێکی دارستاناوییە لە نزیک شەخەم. بڕوانە ڕابەران 9:48،49 .
- Footnote مەبەستی لە فیرعەون و سوپای نەتەوەکانی دیکەیە.
- Footnote وڵاتێکە لە سەرووی ڕووباری نیل.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.