Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 66
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەک، زەبوورێک.
ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!
بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن،
ستایشی شکۆدار بکەن!
بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن!
هێزت ئەوەندە گەورەیە،
دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.
سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن،
گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن،
گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»1
وەرن کردارەکانی خودا ببینن،
کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!
دەریای گۆڕی بۆ وشکانی،
ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە.
با بە ئەو شادمان بین.
بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن،
با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.
ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،
با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
کە گیانی ئێمەی بە زیندوویی پاراستووە و
نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،
وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
ئێمەت خستووەتە داوەوە و
باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،
بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،
بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.
بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت،
نەزرەکانم بەجێدەهێنم،
ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا،
لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.
ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی،
لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی،
تەگە2 و گات بۆ دەکەمە قوربانی.
ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن،
با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.
بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد،
ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.
ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە،
پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،
بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم،
گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.
ستایش بۆ خودا،
کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و
نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.
Source notes (2)
- Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 7 و 15، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
- Footnote نێری، سابرێن.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.