Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 48

گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،

لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.

کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،

خۆشی هەموو زەوییە،

وەک لووتکەی شاخی چافۆن1،

شاری پاشای گەورەیە2.

خودا لەناو قەڵاکانی

وەک پەناگایەک ناسراوە.

ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،

ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،

کە بینییان تاسان،

بە ترسەوە هەڵاتن.

لەوێ لەرزیان لێهات،

ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.

وەک کەشتییەکانی تەرشیش3 تێکت شکاندن،

بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.

هەروەک بیستمان،

ئاواش بینیمان

لە شاری یەزدانی سوپاسالار،

لە شاری خودامان:

«خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»4

ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت

بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.

ئەی خودایە، وەک ناوت

ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،

دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.

کێوی سییۆن شادمان دەبێت،

کچانی5 یەهودا دڵخۆش دەبن

بەهۆی دادوەرییەکانت.

بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،

قوللەکانی بژمێرن،

لە شووراکانی وردبنەوە،

بڕواننە قەڵاکانی،

هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.

هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،

هەتا مردنیش ئەو ڕابەرمانە.

Source notes (5)
  1. Footnote شاخی پیرۆز لە باکوور، لە فینیکیا، کە لە ئەندێشەی خەڵک شوێنی نیشتەجێبوونی خودا بووە.‏
  2. Footnote مەبەست لە پاشای گەورە، خودایە. بڕوانە 47‏:2؛ 48‏:1.‏
  3. Footnote جۆرە کەشتییەکی تایبەت بوون کە بۆ بازرگانی بەکاردەهێنران.‏
  4. Footnote لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  5. Footnote لە کەلتوری عیبری بە گوندەکانی دەوروبەری شارەکان دەگوترێ کچانی.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.