Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 42

کۆکراوەی بەشی دووەم

زەبوورەکانی 42‏–72

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح

چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار،

ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.

گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو.

کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم1؟

بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم،

لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم:

چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین،

بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد،

بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.

ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟

بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟

ئومێدت بە خودا هەبێت،

چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،

ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

گیانم خەمبارە لە ناخم،

بۆیە یادت دەکەمەوە

لە لای ڕووباری ئوردون،

لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە2، لە کێوی میچعارەوە.

قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات،

بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە،

هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.

بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات،

بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە،

نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.

خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم:

«بۆچی لە یادت کردووم؟

بۆچی دەبێت بناڵێنم،

بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»

بە تێکشکانی ئێسقانەکانم

ناحەزانم توانجم تێدەگرن،

بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟

بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟

ئومێدت بە خودا هەبێت،

چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم،

ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

Source notes (2)
  1. Footnote لە ئەمادەگی خودا لە پەرستگا دەبم.‏
  2. Footnote بەرزترین شاخە لە سوریا، نزیکە 75 کم لە باکووری دەریاچەی جەلیل بووە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.