Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 41
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە،
یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.
یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە،
لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و
نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.
یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و
لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.
گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»
دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن:
«کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»
کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت،
بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە،
کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.
هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن،
پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:
«دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە،
لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»
تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو،
ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.1
بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.
بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت،
چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.
بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و
لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.
ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە.
ئامین و ئامین.
Source notes (1)
- Footnote ناپاکی لەگەڵم کرد: لە زمانی عیبری نووسراوە: (پاژنەپێی لێ بەرز کردمەوە)، کە دەربڕینێکی عیبرییە بە واتای ناپاکی.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.