Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

سەرژمێری 27

کچانی سەلۆفحاد

کچانی سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی گلعاد کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە لە خێڵەکانی مەنەشەی کوڕی یوسف هاتنە پێش. ئەمەش ناوی کچەکانییەتی: مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە، لەبەردەم موسا و ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان و هەموو کۆمەڵ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن وەستان و گوتیان: «باوکمان لە بیابان مرد و لەو کۆمەڵەدا نەبوو کە لەگەڵ قۆرەح لە دژی یەزدان کۆبوونەوە، بەڵکو بە گوناهی خۆی مرد و هیچ کوڕی نەبوو. بۆچی ناوی باوکمان لەنێو خێڵەکەی بسڕێتەوە لەبەر ئەوەی کوڕی نییە؟ لەنێو برایانی باوکمان موڵکمان بدەرێ.»

موساش داواکارییەکەی ئەوانی بردە بەردەم یەزدان. جا یەزدان بە موسای فەرموو: «کچانی سەلۆفحاد ڕاست دەڵێن. تۆش لەنێو برایانی باوکیان موڵکی میراتیان دەدەیتێ و میراتی باوکیان دەدرێتە ئەوان.

«بە نەوەی ئیسرائیلیش دەڵێیت: ”هەر پیاوێک مرد و کوڕی نەبوو میراتەکەی بۆ کچی دەبێت، ئەگەر کچیشی نەبوو، میراتەکەی دەدەنە براکانی، ئەگەر براشی نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە برایانی باوکی، ئەگەر باوکیشی برای نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە نزیکترین کەسی لە خێڵەکەی و ئەو دەبێتە میراتگری. ئەمە بۆ نەوەی ئیسرائیل بووە فەرزێکی یاسایی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.“»

موسا دەست لەسەر یەشوع دادەنێت

ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ سەر ئەم چیایە لە زنجیرە چیای عەڤاریم و تەماشای ئەو خاکە بکە کە بە نەوەی ئیسرائیلم داوە. کاتێک تەماشات کرد تۆش دەچیتە ڕیزی گەلەکەت، وەک هارونی برات چووە ڕیزەوە، چونکە لە چۆڵەوانی چن کاتێک کۆمەڵەکە یاخی بوون، ئێوە هەردووکتان قسەتان شکاندم و منتان لەلای ئەوان پیرۆز نیشان نەدا.» (ئەو شوێنە ئاوی مەریبای قادێشە لە چۆڵەوانی چن بوو.)

موسا بە یەزدانی گوت: «ئەی یەزدان، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، پیاوێک لەسەر کۆمەڵەکە دابنێ بەڕێوەیان ببات و لە شەڕدا ڕابەرایەتییان بکات، هەتا کۆمەڵی یەزدان وەک مەڕی بێ شوانیان لێ نەیێت.»

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «یەشوعی کوڕی نون ببە، پیاوێکە ڕۆحی تێدایە و دەستی لەسەر دابنێ. لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و هەموو کۆمەڵەکە ڕای بگرە و لەبەرچاویان ئەرکی پێ بسپێرە. هەندێک لە دەسەڵاتی خۆتی بدەرێ هەتا هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل گوێڕایەڵی بن. ئەو لەبەردەم ئەلعازاری کاهین ڕادەوەستێت، لەبەردەم یەزدان بەپێی حوکمی ئوریم1 بۆی دەپرسێت. بە قسەی ئەو دەردەچن و بە قسەی ئەو دێنە ژوورەوە، ئەو و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل لەگەڵی.»

موسا هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد. یەشوعی برد و لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ڕایگرت، دەستی لەسەر دانا و ئەرکی پێ سپارد، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.

Source notes (1)
  1. Footnote دوو بەردی گرانبەها بوون، لە کاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکارهێنراون، بڕوانە دەرچوون 28‏:30 و یەکەم ساموئێل 23‏:9‏-12.‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.