Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

میخا 5

بەڵێنی دەرکەوتنی فەرمانڕەوایەک لە بێت‌لەحمەوە

ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە،

چونکە گەمارۆ دراوین.

بە گۆچان لە ڕوومەتی

ڕابەری ئیسرائیل دەدەن.

«بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی ئەفراتە،

هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی1 یەهودا بچووکیت،

بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت

ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،

ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە،

لە ئەزەلەوەیە.»

لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات

هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت،

پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە

بۆ لای نەوەی ئیسرائیل.

جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات

بە هێزی یەزدان،

بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی.

جا بە ئاسوودەیی دەژین،

چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.

ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە،

کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و

پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان.

حەوت شوانی لەسەر دادەنێین،

لەگەڵ هەشت میر.

بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و

خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو.

بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات،

کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و

کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان.

پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت،

وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە،

وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا،

ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و

بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت.

پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان،

لەنێو چەندین گەل،

وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا،

وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا،

ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات،

کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات.

دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و

هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن.

یەزدان دەفەرموێت:

«لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و

گالیسکەکانت تێک دەشکێنم.

شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و

هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم.

ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و

لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت.

بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و

لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت2 لە ناوەڕاستت،

ئیتر کڕنۆش نابەیت

بۆ دەستکردی دەستەکانت.

ستوونە ئەشێراکانت3 لەنێوتدا هەڵدەکێشم و

شارەکانت وێران دەکەم.

بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە

لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.»

Source notes (3)
  1. Footnote یان: هۆزەکانی یەهودا.‏
  2. Footnote بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16‏:21‏-22.‏
  3. Footnote ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.