Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

میخا 4

کێوی یەزدان

لە ڕۆژانی کۆتاییدا،

کێوی پەرستگای یەزدان

لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،

بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و

گەلان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.

زۆرێک لە نەتەوەکان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:

«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،

بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.

فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،

بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»

فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،

پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.

لەنێو چەندین گەل دادوەری دەکات،

ناوبژی بۆ نەتەوە بەهێز و دوورەکان دەکات،

شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،

ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.

هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،

چیتر فێری جەنگ نابن.

هەریەکە و لەژێر ڕەزەمێوەکەی و

لەژێر دار هەنجیرەکەی دادەنیشێت،

کەس نایترسێنێت،

چونکە یەزدانی سوپاسالار فەرموویەتی.

هەر گەلێک ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر،

هەریەکە و بە ناوی خوداوەندەکانی خۆیەوە؛

ئێمەش بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە

بۆ هەتاهەتایە و هەتاسەر ڕێگا دەگرینەبەر.

پلانی یەزدان

یەزدان دەفەرموێت:

«لەو ڕۆژەدا شەلەکان کۆدەکەمەوە و

ڕاپێچکراوەکان خڕدەکەمەوە،

هەروەها ئەوانەی سزام داون.

شەلەکان دەکەمە پاشماوە،

دوورخراوەکانیش دەکەمە نەتەوەیەکی بەهێز.

یەزدانیش لە کێوی سییۆن پاشایەتییان دەکات

لەو کاتەوە و بۆ هەتاهەتایە.

تۆش ئەی تاوەری پاسەوانی مێگەل،

ئەی قەڵای سییۆنی کچ،

هەروەک پێشتر دەسەڵاتت بۆ دەگەڕێتەوە،

پاشایەتی ئۆرشەلیمی کچ.»

ئێستا بۆچی بە هاوارەوە دەگریت؟

بۆچی وەک ژانی منداڵبوون ژانت گرتووە؟

ئایا پاشات نییە،

یان ڕاوێژکارت مردووە؟

ئەی سییۆنی کچ، لەبەر ژان بگەوزێ

وەک ژنی ژانگرتوو،

چونکە ئێستا لە شار دێیتە دەرەوە و

لە دەشتودەر چادر هەڵدەدەیت.

دەچیتە بابل،

لەوێ دەرباز دەکرێیت.

لەوێ یەزدان دەتکڕێتەوە

لە دەستی دوژمنەکانت.

بەڵام ئێستا، چەندین نەتەوە

لە دژی تۆ کۆدەبنەوە.

دەڵێن: «با گڵاو بێت،

با بە دیمەنی سییۆن دڵخۆش بین.»

بەڵام ئەوان نازانن

بیرکردنەوەی یەزدان چییە،

هەروەها لە پلانی ئەو تێناگەن،

چونکە وەک مەڵۆی گەنم بۆ سەر جۆخین کۆی کردنەوە.

«ئەی سییۆنی کچ، هەستە و پێشێلی بکە،

چونکە قۆچی ئاسنینت پێ دەبەخشم.

سمی بڕۆنزت پێ دەبەخشم و

چەندین گەل تەفروتونا دەکەیت.»

دەستکەوتی ناڕەوایی ئەوان بۆ یەزدان تەرخان دەکەیت،

سامانیان بۆ پەروەردگاری هەموو جیهان.

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.