Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

مەتا 6

خێرکردن

«هۆشیار بن و نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن بۆ ئەوەی بتانبینن، ئەگینا لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت.

«لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، زوڕنای بۆ لێمەدە هەروەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کە خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات، تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت. باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.

نوێژکردن

«کاتێک نوێژ دەکەن وەک دووڕووان مەبن، چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نوێژ بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی بیانبینن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کاتێک نوێژ دەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نوێژ بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە. کاتێک نوێژ دەکەن، وەک بتپەرستان ئەوەندە وشەکان دووبارە مەکەنەوە، چونکە وا دەزانن بە زۆر گوتنیان گوێیان لێ دەگیرێت. لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبن، چونکە باوکتان دەزانێت پێویستیتان بە چییە، پێش ئەوەی داوای لێ بکەن.

«بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نوێژ بکەن و بڵێن:

«”ئەی باوکمان لە ئاسمان،

با ناوت پیرۆز بێت،1

با پاشایەتییەکەت بێ2،

با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان.

نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ.

لە گوناهەکانمان3 خۆشبە،

وەک چۆن ئێمە لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.

مەمانخەرە تاقیکردنەوە،

بەڵکو لە شەیتان4 ڕزگارمان بکە،

[چونکە هەتاهەتایە پاشایەتی و هێز و شکۆ هی تۆیە. ئامین.]“

ئەگەر گەردنی خەڵکی لەبەر خراپەکانیان ئازاد بکەن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت. بەڵام ئەگەر گەردنی خەڵکی ئازاد نەکەن، ئەوا باوکیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.

ڕۆژووگرتن

«کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ئەوان خۆیان پەرێشان دەردەخەن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، سەرت چەور بکە و دەموچاوت بشۆ، تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها بۆ باوکی نەبینراوت نەبێت، باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.

سامانی ڕاستەقینە

«لەسەر زەوی سامان بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن و دز دەیبڕێت و دەیدزێت. بەڵکو سامان بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن و دزیش نایبڕێت و نایدزێت، چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.

«چاو چرای جەستەیە، ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، بەڵام ئەگەر چاوت ساغ نەبێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێ تاریکی چۆن بێت!

«کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.

خودا خەممان دەخوات

«بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە؛ هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە؟ یان جەستە لە جلوبەرگ؟ سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن، نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە لەوان بەنرختر نین؟ کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟

«هەروەها بۆچی خەمی جلوبەرگتانە؟ سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت، بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین هەتا پۆشتەتان بکات! جا خەم مەخۆن بڵێن، ”چی بخۆین؟“ یان ”چی بخۆینەوە؟“ یان ”چی لەبەر بکەین؟“ چونکە بێباوەڕان هەوڵ بۆ هەموو ئەم شتانە دەدەن، باوکی ئاسمانیشتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەوانە هەیە. بەڵکو یەکەم جار داوای پاشایەتییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت. لەبەر ئەوە خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک خراپی خۆی بەسە.

Source notes (4)
  1. Footnote واتا شکۆدارکردنی ناوی خودا لەلایەن بەدیهێنراوانی.‏
  2. Footnote بە واتای هاتنی پاشایەتی خودا لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی.‏
  3. Footnote یۆنانی: قەرزەکان.‏
  4. Footnote یۆنانی: خراپەکارەکە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.