Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

مەتا 1

بنەچەی عیسا

ئەمە ڕەچەڵەکی عیسای مەسیحە، کوڕی داود، کوڕی ئیبراهیم:

ئیبراهیم باوکی ئیسحاق بوو،

ئیسحاق باوکی یاقوب بوو،

یاقوب باوکی یەهودا و براکانی بوو،

یەهودا باوکی پێرێز و زەرەح بوو کە تامار دایکیان بوو،

پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،

حەسرۆن باوکی ڕام1 بوو،

ڕام باوکی عەمیناداب بوو،

عەمیناداب باوکی نەحشۆن بوو،

نەحشۆن باوکی سەلمۆن بوو،

سەلمۆن باوکی بۆعەز بوو کە ڕاحاب دایکی بوو،

بۆعەز باوکی عوبێد بوو کە ڕائووس دایکی بوو،

عوبێد باوکی یەسا بوو،

یەسا باوکی داودی پاشا بوو.

داود باوکی سلێمان بوو لەو ژنەی کە پێشتر ژنی ئوریا2 بوو،

سلێمان باوکی ڕەحەڤەعام بوو،

ڕەحەڤەعام باوکی ئەبیا بوو،

ئەبیا باوکی ئاسا بوو،

ئاسا باوکی یەهۆشافات بوو،

یەهۆشافات باوکی یەهۆرام بوو،

یەهۆرام باوکی عوزیا بوو،

عوزیا باوکی یۆتام بوو،

یۆتام باوکی ئاحاز بوو،

ئاحاز باوکی حەزقیا بوو،

حەزقیا باوکی مەنەشە بوو،

مەنەشە باوکی ئامۆن بوو،

ئامۆن باوکی یۆشیا بوو،

یۆشیا باوکی یەهۆیاکین3 و براکانی بوو، لە کاتی ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل.

لەدوای ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل،

یەهۆیاکین باوکی شەئەلتیێل بوو،

شەئەلتیێل باوکی زروبابل بوو،

زروبابل باوکی ئەبیهود بوو،

ئەبیهود باوکی ئەلیاقیم بوو،

ئەلیاقیم باوکی ئازور بوو،

ئازور باوکی سادۆق بوو،

سادۆق باوکی ئەکیم بوو،

ئەکیم باوکی ئەلیهود بوو،

ئەلیهود باوکی ئەلعازار بوو،

ئەلعازار باوکی مەتان بوو،

مەتان باوکی یاقوب بوو،

یاقوب باوکی یوسفی مێردی مریەم بوو، ئەوەی عیسای لێبوو، کە بە مەسیح4 ناودەبردرێت.

بەم شێوەیە هەموو نەوەکان لە ئیبراهیمەوە هەتا داود چواردە نەوەن، لە داودەوە هەتا ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل چواردە نەوەن، لە ڕاپێچکردنەکەشەوە بۆ بابل هەتا مەسیح چواردە نەوەن.

لەدایکبوونی عیسا

لەدایکبوونی عیسای مەسیح بەم شێوەیە بوو: کاتێک مریەمی دایکی دەستگیرانی یوسف بوو، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە، دەرکەوت کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە سکی پڕبووە. یوسفی دەستگیرانی کە پیاوێکی چاک بوو، نەیویست ئابڕووی ببات، بڕیاری دا بە نهێنی دەستی لێ هەڵبگرێت.

کاتێک بیری لەم شتانە دەکردەوە، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی و پێی فەرموو: «ئەی یوسفی نەوەی داود، مەترسە لەوەی مریەم بهێنیت، چونکە ئەوەی ئەو سکی پێی هەیە لە ڕۆحی پیرۆزە. کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێیت عیسا5، چونکە گەلەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات.»

ئەمانە هەمووی ڕوویدا تاکو ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە6 فەرموویەتی بێتە دی: ﴿ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێن ئیمانوێل،﴾7 کە بە واتای خودا لەگەڵمانە دێت.

کاتێک یوسف لە خەو هەستا، ئەوەی فریشتەکەی یەزدان فەرمانی پێدابوو ئەنجامی دا و ژنەکەی گواستەوە. بەڵام هەتا کوڕەکەی نەبوو لەگەڵی جووت نەبوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا.

Source notes (7)
  1. Footnote یۆنانی: ئارام‏، بەڵام لە زمانی عیبری پێی دەگوترێت (ڕام). بڕوانە ڕائووس 4‏:19‏ ‏.‏
  2. Footnote دایکی سلێمان لەدوای کوژرانی ئوریا بووە ژنی داود.‏
  3. Footnote یۆنانی: یەکنیا‏، بەڵام عیبرییەکە لە پەیمانی کۆندا یەهۆیاکین‏ە، بڕوانە دووەم پاشایان 24‏:6‏ .‏
  4. Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏. بە زمانی یۆنانی دەبێتە کریستۆس‏، کە بە واتای (دەستنیشانکراو) لەلای خودا دێت کە ڕزگارکەری گەلەکەیەتی. بڕوانە یەکەم ساموئێل 16.‏
  5. Footnote یۆنانی: یێسوس‏. عیبری: یەشوع‏. واتا (خودا ڕزگار دەکات.)‏
  6. Footnote مەبەست لە پێغەمبەر ئیشایایە.‏
  7. Footnote ئیشایا 7‏:14‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.