Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

مەتا 2

مۆغەکان سەردانی مەسیح دەکەن

لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێت‌لەحمی یەهودیا1، لە سەردەمی هێرۆدسی2 پاشا، هەندێک مۆغ3 لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، پرسییان: «پاشای لەدایکبووی جولەکە لەکوێیە‏؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»

کاتێک هێرۆدسی پاشا ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. هەموو کاهینانی4 باڵا و مامۆستایانی تەوراتی5 گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» وەڵامیان دایەوە: «لە بێت‌لەحمی یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە6 ئاوا نووسراوە:

«﴿بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی خاکی یەهودا،

کەمتر نیت لە شارۆچکەکانی دیکەی یەهودا،

چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت،

شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.﴾7»

دوای ئەمە هێرۆدس بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. ئینجا بۆ بێت‌لەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»

لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێبوو. کاتێک ئەستێرەکەیان بینی، زۆر شادمان بوون، چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوینەوە و کڕنۆشیان بۆ برد و سندوقی گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان8 بە دیاری پێشکەش کرد. ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.

هەڵاتن بەرەو میسر

دوای ڕۆیشتنی مۆغەکان، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و ڕابکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس وا بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.»

یوسفیش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت، هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، تاوەکو ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە9 فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: ﴿من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.﴾10

کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خواری لە بێت‌لەحم و دەوروبەری کوشت. ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی:

﴿دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،

گریان و شیوەنێکی گەورە،

ڕاحێل11 بۆ منداڵەکانی دەگریێت،

ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،

چونکە نەماون.﴾12

گەڕانەوە بۆ شاری ناسیرە

کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی دەیانویست منداڵەکە بکوژن، مردن.»

یوسفیش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل. بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل. جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، بۆ ئەوەی ئەو فەرمایشتەی لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە گوترابوو بێتە دی: ﴿بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.﴾

Source notes (12)
  1. Footnote لە پەیمانی کۆن ناوی یەهودا بووە.‏
  2. Footnote هێرۆدس: هێرۆدسی گەورە لە 37‏–4 پ. ز. پاشای یەهودیا بوو.‏
  3. Footnote بە زمانی یۆنانی پێی دەگوترێت مەغۆس. مۆغان پیاوانی ئایینی زەردەشتی بوون کە ئەستێرەناسیش بوون.‏
  4. Footnote کاهین: پیاوێکی ئایینی جولەکەیە کە هەڵدەستێ بە ئەرکی قوربانی کردن لەناو پەرستگا و فێرکردنی وشەی خودا و شەریعەتی پەیمانی کۆن بە خەڵکی.‏
  5. Footnote مالم.‏
  6. Footnote مەبەست لە پێغەمبەر میخایە.‏
  7. Footnote میخا 5‏:2‏ ‏
  8. Footnote موڕ: بەکاردەهێنرا لە ئامادەکردنی تەرم بۆ ناشتن، بڕوانە یۆحەنا 19‏:39‏ ‏.‏
  9. Footnote مەبەست لە پێغەمبەر هۆشەعە.‏
  10. Footnote هۆشەع 11‏:1‏ ‏.‏
  11. Footnote ڕاحێل یەکێکە لە ژنەکانی حەزرەتی یاقوب، دایکی یوسف و بنیامینە، لێرەدا هێمایە بۆ دایکە بنیامینییەکان.‏
  12. Footnote یەرمیا 31‏:15‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.