Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یونس 3
چوونی یونس بۆ نەینەوا
ئینجا جارێکی دیکە فەرمایشتی یەزدان بۆ یونس هاتەوە، پێی فەرموو: «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا، ئەو پەیامەی پێت دەفەرمووم پێی ڕابگەیەنە.»
یونسیش بەو شێوەیەی یەزدان پێی فەرموو هەستا و چوو بۆ نەینەوا، نەینەواش شارێکی زۆر مەزن بوو، سەردانیکردنی پێویستی بە سێ ڕۆژ هەبوو. یونس چووە ناو شارەکە. لە یەکەم ڕۆژەوە بانگەوازی کرد و گوتی: «چل ڕۆژی دیکە نەینەوا سەرەوژێر دەبێت.» ئیتر خەڵکی نەینەوا باوەڕیان بە خودا هێنا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند و جلوبەرگی گوشیان1 پۆشی، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.
کارەکە گەیشتەوە پاشای نەینەوا، ئەویش لەسەر تەختەکەی هەستا و کەواکەی لەبەر خۆی داکەند، جلوبەرگی گوشی پۆشی و لەسەر خۆڵەمێش دانیشت. ئیتر لە نەینەوا جاڕدرا و گوترا:
بە فەرمانی پاشا و پیاوە گەورەکانی:
نابێت نە خەڵک و نە ئاژەڵ، نە لە گاگەل نە لە مێگەل، هیچ بچێژن، مەهێڵن نان بخۆن و ئاو بخۆنەوە. با خەڵک و ئاژەڵەکان جلوبەرگی گوش بپۆشن و زۆر لە خودا بپاڕێنەوە، با هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی و لە ستەمکارییەکەی بگەڕێتەوە. کێ دەزانێت؟ بەڵکو خودا سزایەکە ڕەت بکاتەوە، کڵپەی تووڕەییەکەی دابمرکێتەوە و لەناونەچین.
کاتێک خودا کارەکانی ئەوانی بینی کە لە ڕێگای خراپەکاری گەڕاونەتەوە، خودا پاشگەز بووەوە لەو خراپەیەی کە فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت، ئیتر نەیکرد.
Source notes (1)
- Footnote لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.